منداڵان بۆ خوا دەنوسن

وەرگێڕان لە سوێدیەوە ڕەحمان سۆفی

 

داوای منداڵان لە خوا

 

خوای مێهرەبان!
دەتوانی کارێک بکەی
کە سەگەکانیش،
وەک مرۆڤ تەمەن درێژبن
                           نانی

خوای ئازیز!
داوات لێدەکەم کە
کۆتایی بەو ڕووداوە ناحەزانی بێنی
کە ڕوو ئەدات
                            دۆریس

خوایە!
بۆ ئەوانەی زیندون دەمرێنی
لەباتی ئەوان هی تازە دروستدەکەی
لێگەڕێ با ئەوانە بمێنن کە زیندون.
                                     یەنی

خوای ئازیز و باش
پێموایە تۆ بێهاوتای
ئەو فەزاگەڕانی کە دەیان نێری،
لە دەوری گۆی زەوی بگەڕێن
وەریابە لە سەر خانوەکەی ئێمە بەر نەبنەوە.
                         دۆستی تۆ/ ئۆلگا

مامە خوای مێهرەبان!
دەتوانی نیشانم بدەی
چۆن ڕەنگی نیگاری تابلۆمکەم
پاک کەمەوە؟
                   هانس

خوایە!
لە
بیرتە ئەودەمەی بەفر دەباری
لەبەر بەفر نەمانتوانی بچینەوە خوێندنگە
دەکرێ دووبارە بەفرێکی وا ببارێنێ؟
                                 لارس

 

خوای باش

من پێمخۆشە جار جارە مار بم،

بەڵام هەردەم خۆم پیم خۆشبێ

ئاندرێس

 

خوای ئازیز

باوکم نەزانە،

کارێک بکە  کە خۆی بگۆڕێ

بەڵام نەکەی ئازاری بدەی.

لە دڵەوە سڵاوم هەیە

مارتین

 

خوای ئازیز

ئەمساڵ، پەر- ئێریک

بنێرە بۆ ئۆردووگەیەکی دیکە

مارییا نۆ ساڵە

 

خوای باش

دڵۆڤانبە،

گوێمەگرە لە تاکنەوازی «سۆلۆ» ی من

تا ڕۆژی شەممە

بێتان

 

خوای باش

باوکم هەرگیز ناتوانێ ئاور داگرسێنێ

دەکرێ لێگەڕێی دەوەنێکی داگرساو

لە حەوشەکەی ئێمەدا بگڕێ

سارا

 

خوای چاک

پیاوەتی بکە، ئەسپێکی چکۆلەم بۆ بنێری

خۆت دەزانی تا ئێستا،

هەرگیز داوای هیچم لێنەکردووی

ئێڤا

 

خوای ئازیز

باوکەم دەڵێ باشترین شتی کە هەیە،

ئەوەیە کە منداڵبی

تۆ دەبێ پێی بڵێی،هیچ خۆشنییە،

نەتوانی خۆت هەستییە سەرپێ

و بڕوانیییە ئەو شتەی کە پێت جوانە

یوهان

 

خوای باش

دووبارە تاێکی دەسکەشەکەم لێ ونبووە

تادێ دەبێ بگریم، ئەگەر کەس لە سەرم نەکاتەوە

تۆ لە سەرم دەکەیەوە؟

مارتا

 

خوای پیاوچاک

من ئەم شتانەم دەوێ:

دووچەرخەێکی تازە

جەعبەێکی قەڵەم ڕەنگی ژمارە سێ

سەگێک

کامێرایەکی فیلم گرتن

تۆپێکی پێ

ئەگەر ئەمانەم بۆ نانێری

هەرچی هەیە زۆرم بۆبنێرە

وێڕای سڵاو و ڕێز

ئێریک

پێ ئێس. من دەزانم کە بابا نوێل وجودی نییە.

 

 

گەڵاڵە و پێشنیار

 

خوای باش

من پەنجا قڕانت بۆ دەنێرم

دەتوانی بیدەی بە منداڵێک کە لە من هەژارترە

لەگەڵ سڵاو  مالین

 

خوای ئازیز

من لە سەر پەیمانی خۆم ماوم

دووچەرخەکەم لە کوێ یە؟

بەرت

 

خوای خۆشەویست

باوکم زۆر هۆشیارە

ڕەنگە بتوانێ یارمەتیت بکا

کالە

 

ئەگەر تۆ لامپاێکی وەکوو لامپاکەی عەلادینم بۆ بنێری

هەر شتێکی بڵێی دەتدەمێ،

بێجگە لە پوڵ، یان تەختە شەترەنجەکەم

ڕالف

 

خوای چاک

ئەگەر تۆ کامێراێکم بۆ بنێری

ئەو دەم منیش، شتێکی جوانت دەدەمێ

پێتر

 

خوای باش

ئەگەر تۆ کارێک بکەی کە من بتوانم خۆم نەهێنیبکەم

بەڵام هەر دەم خۆم بمەوێ

ئەودەم هەر کارێک کە تۆ بتەوێ من ئەنجامی دەدەم

ئایا ئەم سەودایەم لەگەڵ دەکەی؟

دۆستی تۆ، توربیون

 

خوای پیاو چاک

من گەرەکمە ببمە باڵندەێک

ئەگەر ئەوەم لەگەڵ بکەی،

بەڵێن ئەدەم تا ماوەێکی درێژ، داوای هیچی دینەکەم

داوید

 

ڕەخنە

 

خوای باش

ئەگەر تۆ بەی بەبی یەکە نەبەیتەوە بۆخۆت،

منیش وەتاقەکەم خاوێناکەمەوە

جوی

 

خوای ئازیز

من پێمخۆشە بەچمە کلیسا،

بەڵام تۆ دەتوانی موزیکی زۆر باشترت دانێی

هیوادارم ئەمە هەستی تۆ بریندار نەکا

دەتوانی چەن گۆرانی نوێ بنوسی

دۆستی تۆ، بریت

 

خوای چاک

من گەرەکمە کە تۆ تەحتیلاتێکی نوێ

لە نێوان جەژنی پاک و کریسمسدا دانێی

بەم جۆرە کە هەیە، ئەم کاتانە هیچ خۆشنین.

گونێل

 

خوای ئازیز

من لە جەژنی زەماوەند بووم،

وەک خۆت دەزانی بوک و زاوا

لە نێوەڕستی کلیسا یەکیان ماچ کرد

ئایا بۆیان هەیە وابکەن؟

نیکلاس

 

خوای چاک

چۆنە کە بەم زووانە،

چەن ئاژەڵی تازەت نەخولقاندووە

ئێمە هێشتا هەر ئەو ئاژەڵە پیرانەمان هەیە

یوننی

 

یەکێک لە هەورەکانت،

وەک ڕوخسارێکی ترسناک هاتە بەرچاوم

من زۆر ترسام،

بەڵێنبدە کە هەرگیز ئەوە دووبارە نەبێتەوە

ئێلێن

 

خوای باش

جیرانەکانمان هەمیشە دەمەقاڵەیانە

ئیجازە بدە کە ئەوانە دۆستی باشی یەکن

پێکەوە زەماوەند بکەن

دان

 

خوای ئازیز

بە ڕاستی تۆ هەیت؟

هەندێک وابیر ناکەنەوە

ئەگەر هەیت باشتر وایە،

کە بەزووترین کات، کارێک بکەیت

هەرییەت

 

خوای ئازیز

ئایا کاتێک کە مرۆڤ دەخولقێنی

ڕۆحی ڕاستەقینی وەبەر لەشی دەنێنی؟

ڕۆژێک لە ڕۆژان، دەبێ هەڵەبێ

سیندی

 

خوای ئازیز

مانای چییە کە پیاو مێهرەبان بێ

کاتێک کە هیچ کەس پێنازانێ

ماگنوس

 

خوای چاک

من دوو جارم دیوە

کە ئەستێرەێک بەربێتەوە

ئەودەم ئارەزووم کرد بۆ شتگەل،

بەڵام هیچ ڕووی نەدا، بۆ چی؟

ئانا

 

تۆ بۆ ئەو هەموو ئینسانەت خولقاندووە؟

کەوایە دەتوانی گۆی زەویێکی دیکەش دروستکەی

و ئەوانەی کە لێرە زیادین لەوێیان دانێی.

جی . بی

 

خوای باش

دەبوایە جەژنی کریسمس زووتر بهاتایە

چونکە منداڵ ناتوانێ،

ماوەێکی درێژ مێهرەبان بێ.

بێتس

 

ڕاستی ڕووکردن

خوای باش
من دەزانم مرۆڤ دەبێ چەشنی خۆی خۆش بوێ
بەڵام ئەگەر «هۆکان»
بەردەوام تاکەوشە پاخلیسکێنەکەم بشارێتەوە
ئەودەم بەڕاستی لێیدەدەم.
بەرتیل

خوایە
بمبوورە، کە نامەم بۆت نەنوسیوە،
ئاخر تائێستا، فێر نەببووم بنوسم.
مەرتا

خوای چاک
باوەڕم پێبکە، «ڕۆلف» بوو کاسەکەی شکاند
من نەبووم. ئەوە بەنسوینیش بۆت دەنێرم.
ژننی

خوای ئازیز
من هەوڵ ئەدەم،
ئەوەی بتوانم ئەنجامی بدەم
فڕانک

خوای پیاوچاک
من گەرەکمە ببمە داهێنەر،
بەڵام، نازانم چی داهێنم.
کارل

خوای خۆشەویست
ئێمە لە ماڵی خۆماندا،
یەکجار بە ئیمانین،
جا، بۆیە تۆ دڵپەرۆشی ئێمە مەبە.
تێد

خوای باش
بمبەخشە ئەو هەمووە نەفامییەم کردووە،
خۆت دەزانی ئەودەم منداڵ بووم.
پێتر . ئێف

خوای چاک
کەسانێک هەن بە ناوی تۆوە
شتی وا دەڵێن، کە مرۆڤ نابێ وا بڵێ،
بەڵام من هەرگیز شتی وا ناڵێم.
هێلێن

خوای ئازیز
هیوادارم کە ئەوندە گرینگ نەبێ،
کە لە کاتی گۆرانی گوتنی کۆڕدا
ئێمە پێی لە مێروولەکان دەنێن.
دێنیس

خوای ئازیز
هەردەم تۆ داهێنانێک دەکەی،
هەموو بەدڵیانە
کەچی ئەگەر من ناتوانم بەگاڵتەش
ئەنجامی دەم، بە بەسەرمدا دەنەڕێنن!
ئالان

 

ڕاگەیاندنی گشتی

 

خوای ئازیز

دوێنێ شێو کفتەڕەێزەیان دامێ،

تۆ بۆ شێوە چییان دایتێ؟

ئان ماری

 

خوای خۆشەویست

من، لە بارەی ڕووداوەی ڕابردووە،

زۆر شتم خوێندوەتەوە.

چەکات خۆر گیرا بوو،

داستانی داود، ژولێەت،

و داود و ڕووتس

و ئەوکاتە کە دیواری مۆرەچن ڕووخان

دیارە ئەو کاتە زۆرشت ڕووی داوە.

لە دڵەوە سڵاو/ یوهان

 

خوای ئازیز

من وێنەی هەموو پیاوە مەزنەکانم هەیە

تەنیا هی تۆم نییە.

نیکلاس

 

خوای چاک

من جەژنم پێ خۆشە،

چونکە ڕۆژی لە دایک بوونی تۆیە

کەچی زۆربەی خەڵکی

لە بەر خاتری هەدییە پێیان خۆشە.

ڕۆبەرت

 

خوای باش

من دەمەوێ شوو بکەم،

بەڵام کەس نییە خوازبێنیم لێبکا!

دۆدی

 

خوای خۆشەویست

من لە بیرمە ئەو کاتە تۆ ساوا بووی

ئایا تۆ ئەودەمە لەدایک بوو،

کە شوانەکان لە گەوڕەکەدا،

لە بەر عیسای ساوا دەپاڕانەوە؟

کامیلا

 

خوای گەورە

لەم دنیادا کەس نییە کایە لەگەڵ

ئەو کەسە بکا کە زۆر قەڵەوە.

مەرتا

 

خوای ئازیز

من گەرەکمە ببمە مامۆستا،

چونکە ئەودەم خۆم بڕیار ئەدەم.

ژنی

 

خوای چاک

من تۆم خۆش دەوێ،

ئەوکاتەی دەرسی ڕیازیمان هەبوو

سەگێک خۆی کرد بە ژوورێدا

کریستینا

 

خوای ئازیز

دووشیزە «کارلسۆن»

یەخچاڵێکی تازەی وەرگرتوە

جەعبەیەکی تێدایە،

پڕە لە بەستەنی چێوی،

ئەگەر بەدوامدا بگەڕێی،

من لەجەعبەکەدام

مارتین

 

پرسیاری ڕاستگۆیانە

 

خوای ئازیز

ئەرێ دایکە زەوی،

ئەندامی بنەماڵەی تویە؟

لیندا

 

خوای گەورە

ئایا کوڕان لە کچان باشترن؟

دەزانم کە تۆ پیاوی،

وەرە پیاوانە دادگەربە.

سیلویا

 

خوای باش

ئەگەر تۆ گوڵی پلاستیکی ببینی،

تووڕە دەبی؟

من بمتوانیایە گوڵی سروشتی دروستکەم،

بە بینینی گوڵی پلاستیکی تووڕە دەبووم.

هانا

خوای ئازیز

 

ئەرێ، ئەوهەموو ئینسانە لە کوێوە دەێن؟

هیوادارم کە تۆ،

باشتر لە باوکم بۆم ڕوون کەیەوە.

والتر

 

باوە خوای ئازیز

 

تۆ لە بارەی ئەو کەسانەوە،

کە باوەڕ بە تۆ ناهێنن،

چۆن بیر دەکەیەوە؟

زۆر کەس پێیان خۆشە، رای خۆت بزانن.

دۆستێک، نیلس

 

خوای ئازیز

کاتێک ئیجازە ئەدەی،

کە باران ببارێ

دەزانی تاکەی دەبارێ؟

تۆمی

 

خوای ئازیز

ئایا لەم سەردەمەشدا،

پاتریارک «پیاوسالار» هەیە؟

پاتریک

 

خوایە

کێیە کە هێڵی،

کەوشەنی«مەرزی» نێوان وڵاتان دەکێشێتەوە؟

نانی

 

خوای باش

ئایا تۆ دەوڵەمەندی،

یان هەر بە ناوبانگی؟

ستێفان

 

خوایە

چۆنت زانی، کە تۆ خوا بووی؟

پرنیللا

 

خوای ئازیز

ئەرێ کەتێک کە یەکەم ئینسانت خولقاند،

ئەویش، وەکوو ئێتای ئێمە باش کاری دەکرد؟

تۆم

 

خوای خۆشەویست

ئایا خۆت مەبەستت وابوو

کە زەڕافە بەو جۆرە بێ کە هەیە،

یان هەڵەیەک ڕووی دابوو؟

مارییا

 

خوا وەک نوسەر

 

خوای ئازیز

ئەوەی کە لە تەوڕاتدا نوسراوە،

ڕاستە، مەگەر نا؟

ئایا بە دروستی وەک هەمانە وشەیە؟

بوو ٩ ساڵە

 

خوایە!

بۆ لە ئینجیل دا نەنوسراوە، خاتوو خوا؟

ئایا ئەو کاتەی دەتنوسی،

ئەو هاوسەری تۆ نەبوو؟

لاری

 

خوای ئازیز

من کتێبەکەی تۆم خوێنەوە، پێم خۆش بوو

ئایا کتێبی دیکەشت نوسیوە؟

من گەرەکمە هەرکاتێک بێ،

کتێبێک بەو نێوەرۆکەوە بنوسم.

تۆ ئەو ئیدەیەت لە کوێوە هێناوە؟

سەرکەوتوو بێ، مارکوس

 

خوای ئازیز

من بیبلی تازەکروەم وەرگرت،

لەوێدا ناوی تۆ نوسراوە،

سڵاو و ڕێز، لە منەوە، تێددی

 

خوای ئزایز

ئیدەی کتێبەکەی تۆ، توند و تیژە،

من سیریالی داستانیم پێخۆشە

تۆ  ئیدەی باشت هەبووە،

من گەرەکمە بزانم، چۆن بوو ئەوانت نوسی؟

خوێنەری تۆ، جیمی

 

خوای باش

من ڕام وایە کە بیبل زۆر باشە،

ئایا کتێبی دیکەت نوسیوە؟

ئالیس

 

خوای چاک

من خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکەی تۆم،

زۆرم پێ خۆشە،

ناوی کتێبەکەت، بیبلە

سڵاو وڕێز ، مای

خوای ئازیز

ئایا ئەودەمی بیبلت دەنوسی،

خڵکی ئەو زەمان ئاوا،

سەیر و سەمەرە لەگەڵ یەک ئەدوان؟

سۆفیا

 

پێزانین، بەرز نرخاندن

 

خوای ئازیز

من بە هاوڕێی خۆت بزانە!

دۆستی تۆ/ هوبە

 

خوای ئازیز

حەفتەی ڕابردوو، سێ ڕۆژ یەکسەر باران باری.

ئێمە دەترساین نەکا تۆفانەکەی نۆح بێ،

و وەکوو ئەو پەنا بەرین بۆ گەمییەکە،

من خۆشحاڵم کە وای لێنەهات.

چونکە پیاو دەیتوانی لە هەر ئاژەڵێک،

دووان لەگەڵ خۆی بەرێ.

تۆ خۆت دەزانی ئێمە سێ پشیلەمان هەیە.

ئاننا

 

خوایە تۆ یەک لەو دووکەسەی لە دنیاد،

کە من زۆرم خۆش دەوێین

پێترا

 

خوای ئازیز

من بوومە بەکی چەپی بەرگری

زۆر سپاس.بۆ تۆ

ڕۆلاند

 

خوای ئازیز

کەتێک چبوینە ئۆپسالا، منیش لەگەڵبووم

تەماشای کلیسای گەورەم کرد.

تۆ لە کۆشکێکی جواندا دەژیت.

فڕانک

 

خویای باش

کارێکی باشت کردووە

سەگەکانت چەن ڕەگەزە خولقاندووە.

جودی

 

خوای باش

ئایا تۆ بووی کە لە ئامێزگرتنت دۆزییەوە؟

بەڕاستی شتێکی باشە.

بێریت

 

خوای ئازیز

ئەگەر من خوا بوایەم، نەمدەتوانی،

وەک تۆ دنیا بەڕێوە بەرم.

ئاگات لە ڕەوشەکەی خۆت بێ.

میکایەل

 

خوای ئازیز

ئایا کاتێک کە ئێمە لێت دەپاڕێینەوە،

تۆ دەنگمان دەبیسی؟

ئەگەر وابێ من دڵم بۆت دەسووتێ.

هانا

 

خوای باش

ئەوە زۆر باشە کە هەموو منداێک،

یەک دایکی هەیە و یەک باوک

ئایا زۆری پێ چوو تا بەوە گەیشتی؟

گلێن

 

خوای باش

ئەگەر تۆ خۆر، مانگ و ئەستێرەت دروست کرد،

دەبێ کەرەسەی خاوت زۆر بووبێ.

پاولا

 

کۆتایی

وەرگێڕانی  ڕه‌حمان سۆفی لە زمانی سوئێدیەوە