دوو سێو : ئازادی – بڤەکان

 

حەسارێک بە داری سێو، هەرمێ، ترێ، هێلانەی چۆلەکە و پاساری و کەروێشک کە بن دیوار و عەرزیان بنکۆڵ کردبوو. مریشک و کەڵەباب و قازو مراوی و کۆترە ماڵی لە حەسارێکی تر، دوور لە داری سێو و هەرمێ و ڕەز و هاوسای گا و مانگا و گوێلک، هەمووی لە ناو ماڵێکی ناو شار نە لە گوند.

چۆلەکە و قشقەڕە و پاساری دەکەوتنە گیانی ترێ و قۆرە، کەس باسی نەدەکردن. پشیلە بە سەر دار و دیواردا هەڵدەگەڕا و سێو و هەرمێ بەردەداوە و دەکەوتنە بەر پەلاماری کەروێشک، پیشلە وەک ئەوەی تۆپێن بکەن سیویان خول دەدا هەتا دەکەوتنە ناو حەوزەکە. پیشلە تلی تلیان بوو کەس باسی نەدەکردن، ئەو ڕۆژەش کە کەوتنە سەر هێلانەی پاسارییەکان و پەڕ و باڵیان و حەوا کەوتن، کەس بیرازی نەکردن و خوێنی پاساری بە فیڕۆ چوو.

خۆم پێڕانەگیرا بە فێڵێک سەردەستەی پیشلەکانم کێشایە ناو ژوورێک و دەرگا و پەنجەرەم کپ کرد و جاوەر بە دار بەکەوە گیانی، پیشلە زیڕەی دەچوو ئاسمان و کەس نەبوو، فریای بکەوێ، کە شل و کوت بوو، هاویشتمە ناو تەلیس و بردم لەو بەری سیلۆ لە دەرەوەی شار بەڕەڵام کرد.

کاتێک گەیشتمەوە ماڵێ، دیتم لە سەر دیواری حاسارێ پیاسە دەکات!

پشیلە، کەروێشک، چۆلەکە، قشقەرە، مێرولە هەموویان ئازاد بوون، چی بکەن و چی نەکەن. بە من گوترا بوو، ئیزنت نییە دەست بۆ سێو بەری و لە داری بکەیەوە، نەک ئەوە سەدان شتی دیکە لێم حەرام و بڤە بوو. مێشکم پڕ کرا بوو لە ترس، ئەگەر ئەو کارە بکەی خودا وات لێدەکا و وات پێدەکا، ئەوەندەی لە خودا دەترسام لە پاسەبان و ئاژان و حەمە شێت و خەجە شێت نەدەترسام.

دەیانگوت خەڵک دەسووتێنێ، ئەگەر پیاو و منداڵ کاری خراپ بکەن سیرەتیان دەسووتێنێ. نەمدەوێڕا بڵێم ، ئەو چکاری بە سیرەتی من داوە! شەوانە لە ترسی خودا و جەحەندەم خەوم لێنەدەکەوت، من لە ئەلهاکی دێو و هەموو دێوەکانی دیکە کە لە حەکایەتەکانی خاڵمدا باسیان دەکرا نەدەترسام، لە سەگە دڕەکانی پشت ماڵانیش نەدەترسام، لە سەلتەنە عەجەمیش کە دایم دەینەڕاند و جنێوی دەدا و جار جار زۆڕە زۆڕ دەگریا، نەدەترسام، لە کەس لە کەس نەدەترسام لەو نەبێ.

دواتر لە مەدرەسە زانیم هەر ئەو ئیزنی نەداوە دایە حەوا دەست بۆ سێو بەرێ و لێی بە قیندا کەوتووە و هەرکیانی لە باخەکەی دەرکردووە، باشە باخەکەی ئێمە بە باخەکەی ئەو چی! بۆچی لە باخەکەی ئێمە سێوچنینن یاساخ بوو؟

بەیانی زوویەک هەستام و لە پێپلیکان هاتمە خوار و لە داڵانەکە تێپەڕیم و خۆم گەیاندە حەسار و بە دار و بەرد کەوتمە گیان دار سێو، یەک بە دوای یەکدا بەر بوونەوە، جوانترین و خروخۆڵترینیانم هەڵگرتەوە و چووم لە بەر ترومپاکە جوان شوشتمەوە و دەستم کرد بە خواردن، تامی هێندە خۆش بوو، ئێستاش زارم ئاو دەکات.

دوو دانە سێوی دیکەم خستە گیرفانم و وەک زۆر ڕۆژی تر چوومە حەساری پشتەوە و هێدی هێدی لە نەردیوان چوومە سەرێ بۆ ئەوەی سەیری ورچەکانی ناو حەساری کاروانسەرای کەیکاووس بکەم و لەو سەرەوە سێویان بۆ حەوا دەم، لە سەر سەربان دیتم کچی جیرانەکەمان وەک زۆر شەوانی هاوین خەوتووە و چارشێوێکی سپی گوڵوردی بە خۆی داداوە، کە گەیشتمە سەر دیوار لە بن چارشێوەکەوە سەیری دەکردم، بە قامک گوتی وەرە، لێی نزیک بوومەوە، لە باوەشی گرتم و چارشێوەکەی بە سەر هەرکمان دادا. سێوەکانم لە گیرفان دەرهێنا و نامە ناو دەستی، ئەوەیش بە هەموو هێزی منی گووشی، سێوەکانی خۆی کەوتبوونە سەر دەمم، گەرم و خۆش و نەرم بوون.

برایم فەڕشی

ڕۆژێک لە ڕۆژان

 

********