ئای لە من!؟

گەر کتێبەکان هەڵنەدەیەوە، عەرد بۆ دیتنەوەی پێشەی باوباپیرانت هەڵنەکۆڵی، گەر ناوخۆڵەمێشەکانی مێژوو بۆ دۆزینەوەی ژیلەمۆی ژیان نەگەڕێی، گەر " آستە بیای، آستە بری" چ خەمێکت دەبێ، جگە لە خەمی زگ و ژێر زگ و ماڵ و ماشێن و چی وچی؟

نەک مێژوونووسانی عەڕەب و فارس و ترک، مێژوونووسانی کورد و بیانیش وەک ترک و عاڕەب و فارس مێژوویان بۆ نووسیوی، سەریشت بەرزە کە ناوت لە مێژووی ئەواندا گووم بووە!

هێندەیان مێژوو و زمان و فەرهەنگ و خۆت بچووک کردۆتەوە، خۆشت باوڕت کردووە کە بچووکی.
باوەڕت کردووە کە دز و جەردە و ڕێگر بووی، خۆت، مێژوونووسەکەی خۆت وای لە سەر نووسیوی.

خۆت باوەڕت کردووە و هەر خۆت کتێبت نووسیوە و دەبێژێ، زمانێک کە لە بەشێک لە ئاسیا و ئافریقا و ئووروپا قسەی پێدەکەن و چەند جار پڕ وشە و پڕ پەیڤ و پروێنەترە لە زمانی فارسی، یەک لە زاراوەکانی زمانی فارسی یە.

هەر خۆت خۆت بچووک کردۆتەوە، کاتێک بووی بە پەیژەی چوونە سەری عاڕەب و فارس و ترک، خۆت کیانی خۆت بەوان بەخشیوە و خۆت باوەڕت هێناوە، کە ناتوانی وەک ئەوان لە ریزێک و پلەیەک دابێ.
هەر خۆت شەقت لە ئایین و ئایینەکانی خۆت هەڵدا، بۆ ئەوەی ببی بە تئۆرسینی ئایینی ئەوان.

هەر خۆت، خۆت بە ئێرانی و عێراقی و سووری و تورکیایی دەناسێنی و تئۆری و سیاسەتی بۆ دادەتاشی.
هەر خۆت، خۆت بەو ڕۆژە گەیاندووە، هەر خۆشت دەتوانی خۆت ڕزگار کەی.

نە خودایەک لە ئاسمان بۆ تۆ هەیە، نە لە سەر زەوی. خۆت خودای خۆتی، خۆت!

برایم فەڕشی

 


ڕۆژێک لە ڕۆژان

 

 

برایم فەڕشی

ڕۆژێک لە ڕۆژان