بابی ساندز و بابی سەدیق!

بابی ساندز زیندانییەکی خەڵکی ئیرلەند بوو، لە مانگی مارس هەتا ٥ی مانگی مای ١٩٨١ ماوەی ٦٦ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت، بۆئەوەی نەچێتە ژێر فەرمانێکی حکوومەتی بریتانیا، کە زیندانییە سیاسییەکانی وادار دەکرد هەمان جل و بەرگ بپۆشن، کە خەتاکاران لە بەریان دەکرد. بابی ساندز زیندانییەکی سیاسی بوو.
مارگارێت تاچڕ سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی بریتانیا، کە بە ژنی ئاسنینن ناوبانگی دەرکردبوو، گیانی سەدان زیندانی بۆ گرنگ نەبوو کە لە مەترسیدابوون، سەرئەنجام بابی ساندز لە ڕۆژی ٥ی مانگی مای گیانی لە دەست دا. مێدیای ئەو کاتی جیهان ڕۆژانە هەواڵەکانی بابی ساندز و زیندانییەکانی سیاسی بڵاو دەکردەوە و کارەساتی مەرگی ئەو زیندانییانە، بە تایبەت بابی ساندز، پشتیوانییەکی جیهانی خوڵقاند، کە هیچ بایخێکی بۆ دەستەڵاتدارانی حکوومەتی پاشایەتی بریتانیا و ژنە ئاسنیینەکە نەبوو. بابی ساندز بوو بە هێمایەکی ناونەتەوەیی ئیرلەندییەکان.

٣٥ ساڵ دواتر پیاوێکی پڕچدرێژی کورد،کە ڕۆڵەکەی لە نێوان مەرگ و ژیاندا دەستوپەنجە نەرم دەکات و خۆی پێکهێنەریی کۆمەڵەی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤە، لە وڵاتێکی پێشینە چەپەڵ و دزێو، لە لایەن دزێوترین مرۆڤەکانی مێژووی ئەم وڵاتەوە، بە سووچی بەرگرییکردن لە مافی ئینسان و بە سووچی کوردبوون، لە بەند تووند کراوە و مانی لە خواردن گرتووە. خاوەنی بەندیخانەکان بە ناوی خودا و بەناوی ئایینێکی دزێوتر لە خۆیان، هەتا ئەو جێگایەی بۆیان کراوە، وڵاتی پیاوەپڕچدرێژەکەیان هەتا سەر گۆشت و ئێسقان پەرچەقاندووە و مرۆڤەکانیان هەتا پلەی سەگی بەردەرگای ماڵی خۆیان دابەزاندووە و لە گەڵ خۆیان ڕاهێناوە.

ئەوەی محەممەد سەدیق کەبودوەند ٣٥ سال و چوار ڕۆژ دواتر بە هەڵکەوت لە مانگی مای بۆ مەبەستێکی دیکە، سەر بە نەتەوەیەکی دیکە، لە وڵاتێکی دیکە، گیانی خۆی دەخاتە سەر دەست و دەیکاتە هاواری ئینسانی، هەم بۆ نەتەوەکەی خۆی گەلێک مانای هەیە، هەم بۆ سەرجەم جیهان، کە لە لایەن مێشک ئاسنەکانەوە بەڕێوە دەچێ.
مێشک ئاسن بوونی سیاسەتمەدار،نیزامی، زیندانبان و دەستوپێوەندەکانیان، ڕەنگە لە سەردەمی ئێمەدا ئاسایی بنوێنێ، بەڵام ئەوەی بیرمەند، هونەرمەند و چالاکوانی بواری فەرهەنگ مێشک ئاسن بمێننەوە، ئاسایی نییە.
بابی ساندزی ئیرلەندی و کەبوودوەندی کورد، دوو دەرس دەدەنە خەڵکی جیهان، یەکەم بەرگری لە ماف، جەوهەریی ئینسانبوونە! دووهەم داکۆکی نەکردن لەو مافە، بەتاڵبوون لەو جەوهەرەیە! جیهانی ئێمە لە ناو جەوهەر و بێجەوهەریی ئینسانەکاندا دەخولێتەوە و ژمارەی پیاوەپرچ درێژەکان لە کەمی داوە، سەدیق هێمای جەوهەری ئینسانی نەتەوەکەیەتی، گەر نەتەوەکەی پێی بزانێ. ئەو پارێزەری بایخەکانی ئینسانییە و هەر مرۆڤێک دەبوو خۆی لەودا، ببینێتەوە!

برایم فەڕشی