به‌ ناوی كوردستانی گه‌وره‌ !

ح.س. سۆران

soran909@hotmail.com

 

زه‌بیحی،قزڵجی ، گه‌لاوێژ، سێ گۆشه‌ی  گه‌شی  فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی  كورد .

 

زانایان ، هۆنه‌ران ، نووسه‌ران ، هونه‌رمه‌ندان و به‌ گشتی رۆشنبیرانی  هه‌ر گه‌لێك ، یه‌كێك له‌ به‌نرخترین داراییه‌كانی ئه‌و گه‌له‌و به‌ كورتی مێعماری  فكری  ئه‌ون . بۆ وێنه‌ كاتێك باسی وڵاتی ئه‌لمان  ده‌كرێ  ، زۆرتر بۆ شانازی دان به‌ ئه‌لمان  ، پێی ده‌ڵێن ولاتی  گۆته‌  ،كه‌متر ده‌ڵێن وڵاتی   بناری ئالپ ، قه‌راغی زه‌ریای باكوور یا .. . یا وێنه‌یه‌كی دیكه‌تان عه‌رز بكه‌م ، قه‌ت به‌شاری  شیرازی فارس  ناڵێن شاری حاجی قه‌وام، كه‌  پیاوێكی زۆر پاره‌داری  شیرازی بوه‌، به‌ڵكه‌ پێی ده‌ڵێن  شاری حافز و سه‌عدی  .

 

له‌ نێو گه‌لی  كوردیشدا ئه‌و چه‌شنه‌ مرۆڤه‌ ناودارانه‌  كه‌م نه‌بوون. سێ كه‌سی هه‌ره‌ گرنگ له‌وانه‌ ، كه‌ وه‌ك  ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وان ،  ئه‌م سێ مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ بوون ، كه‌ به‌ وته‌ی یه‌كێك له‌           لێزانه‌كان ،تڕاژێدیای نه‌نووسراوی  دوا رۆژی ژیانی هه‌ر سێكیان ،كه‌م له‌ یه‌كتر نه‌چوه‌ :

 

1-ماموه‌ستا عه‌بدوره‌حمان زه‌بیحی ، كه‌به‌ داخه‌وه‌  بێ سه‌ر و شوینه‌ .

2-ماموه‌ستا حه‌سه‌ن قزڵجی ، كه‌ دوا چركه‌ساته‌كانی ژینی ، سه‌مبۆلی په‌ژاره‌ و كه‌سه‌ر بو.

2- ماموه‌ستا دوكتور عه‌لی گه‌لاوێژ ، كه‌ به‌سه‌ر هاتی ژیانی ، گه‌وره‌ ترین چیرڕۆكی ریالیزمی  غه‌م بوه‌ .

 

ئێستا  بۆ ناساندنی  ئه‌و سێ كه‌سایه‌تیه‌ فه‌رهه‌نگیه‌ مه‌زنه‌ی كورد ، زۆر به‌ كورتی  ئاماژه‌یه‌ك ده‌كه‌م به‌ یه‌كێك  له‌ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ر كامیان ، كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه هێنده شازن ،  ئه‌گه‌ر هه‌ر كامیان ، هه‌ر  ته‌نیا ئه‌م شوینه‌واره‌یان نووسیبێ ، كافیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌به‌  مه‌ره‌كه‌فی ئێكسیر ، ناوی پیرۆزیان ، له‌ ده‌فته‌ری  مێژوی پڕشانازی ئه‌ده‌بێ كورددا بنووسرێ :

 

1-              به‌رهه‌مێكی ماوه‌ستا زه‌بیحی :

قامووسی زه‌بیحی .

ماوه‌ستا زه‌بیحی ،به‌ نووسینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌رزه‌  ، به‌ یه‌كێك له‌ فه‌رهه‌نگ نووسه‌ ناوداره‌كانی كورد ده‌زانرێ و نازناوی وێبستێڕی كوردی         وه‌رگرتوه .دیاره‌ هه‌موده‌زانن ، كه‌ نووسینی  فه‌رهه‌نگ ، كاری تاقه‌ كه‌س   نیه‌ ، به‌ڵام كاتێك كه‌ زانایه‌كی وه‌ك ماموه‌ستا زه‌بیحی  ئه‌م كاره‌ مه‌زنه‌به‌ ته‌نیایی ده‌كا ، ئه‌مینداری  گشتی  میژوی ئه‌ده‌بی كورد ، به‌ چه‌شنی دێفاكتۆ ،مێدالیای  هه‌ره‌ به‌رزی شانازی ده‌داتێ . 

 

2-              به‌رهه‌مێكی  ماموه‌ستا قزڵجی :

پێكه‌نینی  گه‌دا .

ئه‌وانه‌ی كه‌ كتێبی پێكه‌نینی گه‌دایان خوێندوه‌ته‌وه‌ ،  ده‌ڵێن  ئه‌م كتێبه‌ شان له‌ شانی  كتێبی بی نه‌وایانی  ڤیكتۆرهوگو ده‌دا . دیاره‌ ئه‌م پرسیاره‌ش دیته‌ گۆڕێ كه‌ بڵێی  ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ماموه‌ستا قزڵجی خۆشه‌ویستمان ، له‌ كتێبه‌كه‌دا به‌ ناوی گه‌دا  باسی        ده‌كا    ، كێ بێ ؟

 

3-              به‌رهه‌مێكی ماموه‌ستا گه‌لاوێژ :

زووحه‌یاته‌ین .

زووحه‌یاته‌ین دوكتورینێكی یه‌كجار زۆر تازه‌ و بێ وێنه‌یه‌ له‌ وێژه‌ی كورددا،كه‌ له‌گه‌ڵ ساكاری داڕشتنه‌كه‌ی ،  ده‌بێ ناوی بنێین فه‌لسه‌فه‌ی كورد . بۆ وینه‌ له‌ به‌شێكی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێ ،” كاتیك قرژاڵ په‌یمانی نێوان خۆی و بیر و باوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی  شكاند ، ته‌نانه‌ت ئاو له‌ حاستی بو به‌رد. ئه‌م كتێبه كه‌ وه‌ك نووچكه‌ی به‌رزی شێعری كوردی وایه‌ ، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی چاپ بێ ،       چوه‌ته‌  نێو مێژوی ئه‌ده‌بی كورده‌وه‌، كه‌دوكتور مارف خه‌زنه‌دار ، له‌ 1984 دا ، به‌ ناوی ” له‌بابه‌ت مێژوی ئه‌ده‌بی كوردیه‌وه‌” له‌ به‌غدا 1984نووسیویه‌  .

 

به‌ خوێندنه‌وه‌ی  ئه‌م سێ به‌رهه‌مه‌ كه‌موێنه‌یه‌ ، له‌و سێ كه‌سایه‌تیه‌ شازه‌ی كورد ،به‌م راسته‌قینه‌یه‌ ده‌گه‌ین   ،كه‌ سێگۆشه‌ی  ناوی هێژای   ماوه‌ستا زه‌بیحی  ، ماموه‌ستا قزڵجی  و ماموه‌ستا گه‌لاوێژ ،ته‌وه‌ره‌ی  فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی  كوردستانه‌ ، كه‌ به‌سه‌رهاتی غه‌مینی ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنانه‌ش، به‌رگی شه‌ره‌فی  تایبه‌ت  ده‌كا به‌ به‌ریدا  .

 

تێبینی : ئه‌م سێ ماموه‌ستا گه‌وره‌یه‌ ، به‌رهه‌می دیكه‌شیان زۆر هه‌یه‌  ، كه‌ بۆ درێژنه‌بوونه‌وه‌ی باسه‌كه‌ ،وه‌ك  نموونه‌ ، ته‌نیا  ئاماژه‌م به‌م سێانه‌ كرد  .

 

جا ، وه‌ك مێتافۆرێكی زۆر زیندو ، ئێمه‌ش  ده‌توانین به‌ كوردستان بلێین ”وڵاتی زه‌بیحی، قزڵجی  و گه‌لاوێژ” .هه‌ر وه‌ك بۆ ناساندنی  فه‌ڕانسه‌، به‌و وڵاته‌ ده‌ڵێین  وڵاتی لارووس ،ڤیكتۆرهوگۆ  و  لامارتین .  

 

بڵێی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌به‌سه‌رهاتی  ژیانی ئه‌م سێ گه‌وره‌ پیاوه‌ ، یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی سه‌رشانمان نه‌بێ ؟.

 نامرن ئه‌وانه‌ی له‌ دڵی میلله‌تا  ئه‌ژین .      

 

له‌بیر بردنه‌وه‌ی ماموه‌ستا  زه‌بیحیه‌كان  ،له‌بیر بردنه‌وه‌ی خۆمانه‌!

 

نووسراوه‌ كورت و دڵبزوێنه‌كه‌ی  رێزه‌وان( جه‌نابی)  كاك عه‌لی كه‌ریمی ، له‌ ماڵپه‌ڕی كه‌موێنه‌ و تێكۆشه‌ری رۆژهه‌ڵاتدا،سه‌باره‌ت به‌  ماموه‌ستا عه‌بدورره‌حمان زه‌بیحی ، زانا و قامووسنووسی پێشاهه‌نگی كورد ،سه‌رتجی هه‌مو مروڤێكی ئه‌مه‌كناس  ، بۆ لای خۆی راده‌كێشێ .

 

ئه‌ركی سه‌رشانی گشت  مریدانی خانه‌قای زانست و تێگه‌ین ئه‌مه‌یه‌ ، كه‌  بۆ په‌یدا كردنی ته‌واوی  زانایانی گومكراوی كورد ،له‌ كوردستانی گه‌وره‌ ، به‌ تایبه‌ت بۆ ماموه‌ستا زه‌بیحی و بۆ قامووسه‌  پڕ بایه‌خه‌كه‌ی بگه‌ڕێن و په‌یدایان بكه‌نه‌وه‌ . له‌بیربردنه‌وه‌ی  ماموه‌ستا زه‌بیحیه‌كان  و قامووسه‌كانیان  ، له‌ بیربردنه‌وه‌ی خۆمانه‌ -  له‌بیر بردنه‌وه‌ی خۆمان ،  شتێكه‌ وه‌ك فه‌وتان .

 

ئێمه‌ش  له‌ تاران ، هی وه‌ك ماموه‌ستا زبیحی و خزمه‌ته‌ گرنگه‌كانیمان قه‌ت له‌بیر نه‌بردوه‌ته‌وه‌ . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێشنیارمان داوه‌  بۆ پێكهێنانی كۆڕی رێزنان له‌ كه‌سایه‌تی و كاره‌ زانستیه‌كانی  ماموه‌ستا زه‌بیحی ، له‌ ساڵی 1382 دا  ، له‌ شاری تاران .

 

بریا  كه‌سێكیش له‌م  كاته‌ ناسكه‌دا ، سه‌فه‌رێكی بكردایه‌ بۆ كوردستانی  ئه‌ودیو ، تا به‌شكو به‌ هاوكاری هاواڵانی ماموه‌ستا زه‌بیحی، كه‌ من زۆریانم له‌وێ دیوه‌ و باسیان كردوه‌ ، بتوانن  هه‌م ماموه‌ستا و هه‌م قامووسه‌ بایه‌خداره‌كه‌ی ، كه‌ هه‌ر وشه‌یه‌كی بۆ كورد دنیایه‌ك ده‌ژی  ،بۆ جاری دووهه‌م  په‌یدا بكه‌نه‌وه‌ و مزگێنی ئه‌م هه‌واڵه‌ خۆشه‌ به‌ ته‌واوی كوردی گه‌رمێن و كوێستان  بده‌ن  - چاوه‌ڕوانین  !