لەیلا زانا لە پارلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە مانگرتوانی ستراسبوورگ دەدوێ
NNS ROJ: لەیلا زانا، پارلەمانتاری ئامەد، سبەی چوارشەممە لە پارلەمانی ئەورووپا، لە چوارچێوەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا، سەبارەت بە ڕەوشی مانگرتوانی ستراسبورگ دەدوێ. زانرا کە سبەی چوارشەممە، 18ی ئاپریل و هاوکات لەگەڵ 49مین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە ستراسبوورگی فەرانسە، خاتوو لەیلا زانا، نوێنەری ئامەد لە پارلەمانی تورکیا، پاش کۆبوونەوە لەگەڵ پارلەمانتارانی ئەورووپا، بەشداری کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دەبێت و باس لە ڕەوشی تەندرووستی، داواکاری مانگرتووان و بابەتە پێوەندیدارەکان دەکات. بە گوێرەی ئاژانسی فرات، "نیگار عینایەتی"، بە نوێنەرایەتی لە 15 چالاکی مانگرتوو "بێرنارد ڕێڤێلۆن"، ئەندامی دەستەی پشتیوانی لە مانگرتووان و "یورگێن کلووتێ"، پارلەمانتاری ئەوورووپایی بەشداری کۆنفڕانسەکە دەبن. شایانی باسە کە گرووپێکی 15 کەسی، کە 5 چالاکی ژنیشیان لەگەڵ دا، لە یەکی مارسی 2012وە لە ستراسبوورگی فەرانسە، مانیان لە خواردن گرتووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی تەندرووستیان بەرەو خراپتربوون دەڕوا و هەر ئێستا مەرگ هەڕەشە لە ژیانیان دەکات. چالاکیەکە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 15ی فێوریەی ئەمساڵەوە 2 پارلەمانتاری گیراوی BDP لە گرتووخانەکانی باکووری کوردستان مانیان لە خواردن گرت و بە پێوەستبوونی سەدان گیراوی تر لە ڕۆژەکانی دواتر دا، هەژمارێکی 2000 کەسی لە گیراوانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەوانی کورد لە گرتووخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان بە مانگرتن لە خواردنێکی بێسنوور کرد.
داواکاری
چالاکانی مانگرتوو، کۆتایی هاتن به گۆشەگیری سەر ڕێبەری زیندانی پارتی
کرێکارانی کوردستان و کۆتایی زەخت و گووشاری تورکیا بۆ سەر گیراوان و
چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد ڕاگەیاندراوە. مانگرتنی یەکەم گرووپ، دوو
مانگی تێپەڕکردووە.
|