کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٢٦

 نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییە جیاوازەکان

دیسان قسە لەسەر جۆری خێڵەکان و پێکهاتەکانیانە و لەناو ئەو جۆرە لە پێکهاتەکاندا،ئەو لایەنەیان کە هێزێکی ناخێڵەکی لە خێڵەکان پێکدێ، نابێتە  زەمینە بۆ نەتەوە، چونکە ئەم خێڵانە لەناو خۆیاندا ناکەونە پەیوەندییەکی راستەقینە. ئەم هێزانە لەبەرئەوەی هێزێکی دەرەکی لەناو پێکهاتە نوێیەکەدا، کۆیکردنەتەوە، بە نەمانی ئەم هێزە ئەمانیش نامێنن. بەواتایەکی دیکە  یا جیادەبنەوە. هەریەک سەربەخۆ. یاخود دەکەونە ململانێی یەکترەوە. گەر یەکێ لەمانە زاڵ بێ بەسەر ئەوانی دیکەدا پێکهاتەکەیان دەگۆڕێ  بۆ عەسەبە. لێرەوە هەلومەرجی دروست بوونی نەتەوە دێتە کایەوە. ئەم نەتەوە و رێگای عەسەبە جیاوازە لە هی ئەوەی عەقڵ بنەمایەتی. ئەو نەتەوانەی نەتەوەخوازی لەناو دەوڵەتی خۆیاندا دروستیان کردوون. لە رێگای گۆڕینی زمانێکی سروشتی بۆ زمانێکی ستاندارد. یاخود لە رێگای گۆڕینی کەلتورێکی نامۆدێرنەوە بۆ کەلتوری مۆدێرن.لەم پرۆسەیەدا پێڕەوی لەهەمان یاسای عەسەبە دەکات، لە دروستکردنی نەتەوەدا.

"ئەو نەتەوانەی کە نەتەوەخوازیەکانی جیهان لەناو دەوڵەتەکانی خۆیاندا دروستیان کردوون، لەرێگەی گۆڕینی زمانێکی سروشتی بۆ زمانێکی ستاندارد و گۆڕینی کەلتورێکی نامۆدێرنە بۆ کەلتورێکی مۆدێرن دروستیان کردوون، لە پرۆسەی دروستکردنەکەشدا پەیڕەویان لە هەمان پرۆسەی دروستبوونی عەسەبەکان کردووە و ئەو پێکهاتە خێڵەکییەی کە توانیویەتی لەناو دەوڵەتەکەدا بەسەر پێکهاتە خێڵەکییەکانی تردا زاڵ ببێت و بیانخاتە ناو دۆخی بەزینەوە، زمانێکی سروشتی گۆڕیوە بۆ زمانێکی ستاندارد و کولتوری یەکێک لە عەسەبەکان کە زۆرجار  کولتوری عەسەبە زاڵەکە خۆی بووە، گۆڕیوە بە کولتورێکی مۆدێرن دواتر هەموو عەسەبە بەزیوەکانی ناو دەوڵەتەکەی ناچار کردووە کە بە زمان و کەلتوری خۆیانی بزانن و دەستبەرداری زمان و کەلتورەکەی خۆیان ببن"٤٣١

شایانی ئاماژە پێدانە نووسەر سیستەماتیکانە دوای ئەم بەرواردکارییە کەوتووە. پلە بە پلە بە سەر هەورازی سەختی باسەکانی دروستکردنی نەتەوەدا هەڵدەگەڕێ و باسەکەشی هێندە ڕوون و ئاسان کردووەتەوە، ڕێگەی لەهەر لێدوانێک بڕیوە و دەنووسێ:

" ئەمەش دەمانگەیێنی بەوەی بڵین گەر عەسەبە بە هۆی دەمارگیری بەرامبەر نەریت و کەلتوری خێڵەکی بنەماڵەیەکی زاڵەوە بێتە ئاراوە،ئەوە نەتەوە بە هۆی دەمارگیرییەوە بەرامبەر ئەو کولتوور و زمانەی کە نەتەوەخوازی وەک هێزی زاڵی ناو دەوڵەت دەیسەپینێ دێتە ئاراوە، بۆیە هەر دەست تێوەردانێک لە زمان و کەلتوری ئەو نەتەوەیە بە دەستلێدان لە موقەدەسی نەتەوە دەزانرێت".٤٣٢

کەواتە حاڵەتی دەمارگیری گەر لەناو عەسەبەدا بێت، بۆ قازانجی بنەماڵەی زاڵە و لەناو نەتەوەی دروستکراودا بێت، بۆ نەتەوەخوازی زاڵ و زمان و کولتورە مۆدێرنەکەیەتی. وەک نموونەکانی نەتەوەخوازی تورک و عەرەب و فارس...هتد.

"جۆرێکی تر لە نەتەوە هەیە پەرەسەندنی ئەو پێکهاتە خێڵەکییە کە بنەمای دروستبوونەکەی عەقڵە و ئەو خێڵانەی پێکیان هێناوە ئەو جۆرەن لە خێڵی پەرەسەندوو کە دۆخە سروشتییەکەی خۆیان تێپەڕاندووە و لەگەڵ یەکدا لەناو پێکهاتەیەکدا کەوتوونەتە ناو پەیوەندییەوە کە هیچ یەکێکیانی زاڵ نەکردووە بەسەر ئەوانی تریاندا و لە دۆخی ئازادیدا هێشتوونیەتیەوە و رێگرە لەبەردەم ئەوەدا کە هەر یەک لەو خێڵانە لەو دۆخە دەرچێت و بکەوێتە دۆخی زاڵیەتی یان دۆخی بەزینەوە. ئەوەی زامنی مانەوەی بوونی ئەم جۆرە لە پێکهاتەی خێڵەکی دەکات،مانەوەی خێڵەکانە لەناو دۆخی ئازادانەی خۆیاندا".٤٣٣

لێرەدا کە عەقڵ فاکتەری سەرەکی دروست بوونی نەتەوەیە، لەو خێڵەی بە تێگەیشتن و  مامەڵە یان هاوکاریان لەگەڵ یەکتر و لە بازنەی پەیوەندییەکان فراوان و دەکەن و قەوارەی بوونیان گەورەتر دەکەن.

"کێشەی پێکهاتە خێڵەکییەکانی کورد لەناو ئەو چوار دەوڵەتەدا کە کورد بەسەریاندا دابەشکراوە،ئەوەیە کە لەو جۆرە لە پێکهاتەی  خێڵەکین کە بنەمای دروستبوونەکەیان ئازادییە و لەبەرامبەر ئەوانیشدا لەناو ئەو چوار دەوڵەتە پێکهاتەیەکی خێڵەکی زاڵە کە لە بنچینەدا لەسەر بنەمای زاڵیەتی دامەزراوە نەک بنەمای ئازادی.کێشەکەش لەوەدایە  کە پێکهاتە خێڵەکییە کوردییەکان دەیانەوێت لە رێگەی پەرەسەندنی سیستەمەکەی خۆیانەوە پەرە بسێنن و ببن بە نەتەوە،واتە دەیانەوێت نەتەوەش لەسەر بنەمای ئازادی بێتە ئاراوە نەک لەسەر بنەمای زاڵیەتیەوە دروست بکرێت.بەڵام ئەو پێکهاتە خێڵەکییانەی کە لە  بەرامبەریاندا هەن، لەبەرئەوە لەو جۆرە لە پێکهاتەن کە لەسەر بنەمای زاڵیەتی دروستکراون و لەسەر بنەمای ئازادی دروست نەبوون، دەیانەوێت بەپێی هەمان بنەمای عەسەبەکان پەرە بسێنن و ببن بە نەتەوە. پێکهاتە خێڵەکییە کوردییەکانی ناو ئەم چوار دەوڵەتە بەهۆی ئەو سیستەمەوە کە بوونیان لەسەری هەیە،دەیانەوێت دەوڵەت بەرەو ئەوە بەرن ببێت بە دەوڵەتی ئەو پێکهاتە خێڵەکییانەی کە شیانی ئەوەیان تیایە ببن بە نەتەوە و دەوڵەتەکەش ببێت بە زەمینەیەکی ئازاد بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵە نەتەوەیەک کە پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای ئازادی بێت نەک لەسەر بنەمای زاڵیەتی".٤٣٣ـ٤٣٤ 

زاڵبوونی تورک و عەرەب و فارس بەسەر کورددا،لە بنەچەدا کێشەیەکی گەورەیە و لە هەنووکەدا، بە مانایەک هەر ناکاتە ژێرچەپۆکی نێزیکی ٦٠ ملیۆن مرۆڤی کورد، تراژیدیاکە بەوەشەوە نەوەستاوە، ئەوان زاڵ و کورد بندەستە، بەڵکو ڕەهەندی نەرێنی و مەترسی داریان، لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سەربازییەوە لەسەر ژیان و بوونی کورد دروست کردووە. مامۆستا مەسعوود لەم رووەوە دەڵێ:

" گەلی کورد، وەک لە لای کەسێکی شارەزای وەک ئێوە ئاشکرایە، بە بارودۆخێکی مێژوویی وەها دەورە دراوە، مێژووی مرۆڤایەتی ناتوانێ یەک نموونەی تری لێ بهێنێتەوە، چونکە کورد کراوەتە چوار پارچە یا زیاترەوە و وڵاتانی دنیا و وڵاتانی ناوچەی دابەشکردنەکەش بە گەلەکۆمەکێ کاریان بۆ بەردەوامی ئەو دابەشبوونە کردووە و یاسایان بۆ هەمیشەیی و شەرعییەت پێدانی داناوە و هاوکاری و هاوپەیمانییان لەسەری کردووە و ئەگەر لە توانای ئەو دەوڵەتانە بەدەر بووبێ، گەلی کورد کۆت و زنجیر بکەن و مەودای ببڕن بۆ ئەوەی هەموو بزاوتێکی ڕەت بکەنەوە، لە مەودای قەومییەتی بەرتەسکدا، بۆی هەیە ئەو بێزارییەی ئەم گەلەی تێی ئاخنراوە لەگەڵ هەر خۆبزواندنێکی بێزاریدا، دەمی تیغ و نووکی تیژی سوپای ئامادەکراو بۆ هێشتنەوەی ئەو دابەشبوونە بە گۆشتیدا بچێ جا نرخەکەی هەرچەند خوێن و بەربەستکردنی ئازادیی کورد و قوربانیدانی بێ".

هاوکات ئەمە بۆچوونێکی جێی سەرنجدانە لە پێکهاتەی خێڵەکە کوردییەکانی ناو ئەم دەوڵەتانە خەون بە  نەتەوە دەبینن. کەواتە ئەودەم  نامێنن و بوونی خۆیان  پووچەڵ دەکەنەوە. ئەوان لەسەر سیستەمی عەسەبە و زاڵبوونی خێڵ دامەرزاون. زاڵێتی و دەسەڵات لە دەست دەدەن و قەوارە دروستکراوەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.

 

درێژەی هەیە...