|
کورته ژیانێکی هونه‌ری – سیاسی سمایل خان فه‌ڕوخی
نووسینی م. فه‌ڕوخی |
سمایل خان فه‌ڕوخی |
سمایل خان له ساڵی 1278[1900] له ساینقه‌ڵا له دایک بوه. ناوی دایکی سه‌کینه خانم بوه که ده‌بێته خوشکی سه‌ردار حه‌مه حسێن خان و کچی سه‌ردار عه‌زیز خان. ناوی باوکی عز‌ت الله خان ملقب به ئه‌میر تومان میر پێنج له خانه‌کانی ناوچه‌ی سایه‌نقه‌ڵایه. عز‌ت الله خان کوڕی فه‌ڕوخ خانی مه‌نسوورالممالک بوه که دوای دامه‌زرانی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ردار له ناوچه‌ی بۆکان له گوندی قه‌ره‌گوێز نیشته‌جێ ده‌بێ و له محالی گه‌ورک ئاغایه‌تی ده‌که‌ن. دوای ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ بنه‌ماڵه‌ی عز‌ت الله خان له‌سه‌ر رووداوێکی ناخۆش له لایه‌ن حاجی بابه شێخه‌وه له قه‌ره‌گوێزهه‌ڵده‌قه ندرێن و به‌ره‌و ساینقه‌ڵا ده‌چنه‌وه.
لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژیانی بنه‌ماڵه‌ی سمایل خان و ژیانی پێویستی به هه‌ول و تێکۆشانی پسپۆڕی مێژوویی هه‌یه و له توانای من دا نییه. به‌ڵام به کورتی ده‌توانم له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و هونه‌ری سمایل خان زانیارییه‌کی کورت بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ر.
هونه‌ری وێنه‌گری له ساڵه کانی زووه‌وه له رۆژانی منداڵیی سمایل خان و کاتێ دێته ناو بنه‌ماڵه‌ی باپیری واته فه‌ڕوخ خانی مه‌نسوورالممالیک، ده‌ستپێده‌کا. فه‌ڕوخ خانی مه‌نسوورالممالیک له سه‌فه‌ر‌ێکی دا بۆ رووسیه له‌گه‌ڵ کابرایه‌ک به‌ناوی ئارتان ئاشنا ده‌بێ. ئارتان هونه‌رمه‌ندێکی بواری نه‌ققاشی و وێنه‌گری بوه و هه‌ر له‌و بوارانه‌شدا ئیشی کردوه. فه‌ڕوخ خان له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ کوردستان ئارتان له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ و هه‌ر له ئارتانه‌وه خۆی و عیزه‌ت اله خان فێری هونه‌ری وێنه‌گری ده‌بن. وێنه‌گری له‌ناو بنه‌ماڵه‌که‌دا وه‌کوو هونه‌رێک درێژه‌ی پێ ده‌درێت و ورده ورده سمایل خان‌یش فێری ئه‌و هونه‌ره ده‌بێت و هه‌تا ئه‌و کاته‌ی یه‌که‌م دووکانی خۆی له شاری مه‌هاباد ده‌کاته‌وه. ئه‌و هونه‌ره هیچ چه‌شنه به‌رهه‌مێکی ماڵی بۆ ئه‌و نه‌بووه.
سمایل خان به پێی زانیاری نووسین و خوێندنه‌وه‌یه‌کی که ده‌یبێت له ئیداره‌ی ماڵییه‌ی مه‌هاباد ده‌ست به‌کار ده‌کات. له فه‌ڕوخ خانه‌وه فێری زمانی رووسی ده‌بێت. به هۆی خۆشه‌ویستیه‌کی که به خوێندنه‌وه ده‌یبێ کتێبی "کلیله و ده‌مه‌نه" و "شاهنامه" ده‌خوێنێته‌وه. زانیاریه‌کی به‌رچاوی له بواری شیعر و ئه‌ده‌ب دا بوه و خۆش نووسێکی زۆر ماهیر بوه. هه‌ر ئه‌و زانیاریانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه که ئه‌رکی کڕینه‌وه‌ی شاری بۆکان له کابرایه‌کی ته‌ورێزی له لایه‌ن ئاغاکانی بۆکانه‌وه به ئه‌ستۆ بگرێت و رۆڵێکی به‌رچاوی له‌و مامه له‌یه‌دا هه‌بێت. سمایل خان دوای هاتنه ده‌ر له ئیداره‌ی ماڵییه‌ی مه‌هاباد یه‌که‌م دووکانی خۆی هه‌ر له‌و شاره ده‌کاته‌وه.
به‌دوای دامه‌زراندنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران ده‌چێته ناو ئه‌و حیزبه‌وه و له سه‌رده‌می کۆماری مه‌هاباد ده‌بێته فه‌رمانده‌ری هێزی حیزب له سایه‌نقه‌ڵا. پێش تێکچوونی کومار له حیزب دێته ده‌رێ و ده‌چێت بۆ ته‌ورێز و له سه‌رده‌می کۆماری ئازه‌ربایجاندا هه‌ر له‌وێ دووکانێکی وێنه‌گری ده‌کاته‌وه. دوای تێکچوونی کۆماری ئازه‌ربایجان له ته‌ورێز ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندان. دوای ماوه‌یه‌ک له زیندانی ته‌ورێزه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ زیندانی ورمێ. دوای ئازاد بوونی له زیندانی ورمێ هه‌ر له‌و شاره دووکان داده‌نیت.
له‌سه‌ر داوای خزم و که‌س سمایل خان له ورمێوه دێته‌وه بۆ کوردستان و له شاری سه‌قز نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌وێشه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ بۆکان و دوای ماوه‌یه‌ک بۆ تاران کۆچ ه‌کا و هاوکات له تاران دوو دووکانی وێنه‌گه‌ری ده‌بێت. دوای مانه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک له تاران ورده ورده پیری روی تێ ده‌کا و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆکان. دوای چه‌ندجار دووکان دانان له بۆکان بۆئاخرین جار له ناو بۆتکه ی ئاسنی دا هه‌تا ئاخرین رۆژه‌کانی ته‌مه‌نی وێنه‌گری ده‌کات.
هه‌روه‌ک پێشتریش باسم کرد، لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژیانی سمایل خان کارێکی زۆر چه‌توونه و ره‌نگه به زانیاری وه‌رگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌نزیکه‌وه شاره‌زای ژیانی ئه‌و بوون بتوانرێ به‌شێکی بچووک له ژیانی هونه‌ری – سیاسی ئه‌و خۆشه‌ویسته روون بکرێته‌وه. ئه‌وه کورته‌یه‌ک بوو له ژیانی پڕ له هات و چۆی هونه‌رمه‌ندێکی کورد که له‌سه‌ر چه‌ند رووداوه‌ی گرینگ له ژیانی دا پێویست به پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ناوه‌ڕۆکی هه‌یه وه‌ک:
- دابڕانی بنه‌ماڵه‌که‌ی له قه‌ره‌گوێز
- چونیه‌تی کاری وێنه‌گه‌ری له ساڵه‌کانی گه‌نجی ئه‌و هونه‌رمه‌نده که بۆ زاهیرکردنی وێنه‌کان له تیشکی خۆر که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت.
- مامه‌له‌ی شاری بۆکان له کابرای ته‌ورێزی و ئاغاکانی بۆکان
- چۆنیه‌تی گیران و زیندانی کرانی له زیندانه‌کانی ته‌ورێز و ورمێ
- له‌ناو چوونی ئاڕشیڤه‌که‌ی له ته‌ورێز
- دووکانه‌کانی تاران وبۆتکه ئاسنه‌که‌ی بۆکان که جار جار له‌بیری ده‌چوو قفڵی بکا ... و زۆر شتی که‌ش.
سمایل خان هه‌رچه‌ند له بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره و ناسراو هه‌ڵکه‌وتبوو، به‌ڵام له دوای هاتنه‌ده‌ر له زیندانی ورمێ، قه‌ت نه‌یتوانی ژیانێکی خۆش و ئارام و سه‌ربه‌ست به خۆیه‌وه ببینێت. له ساڵه‌کانی ئاخری ته‌مه‌نیدا دڵی ته‌نیا به‌و بۆتکه ئاسنه‌ی له بۆکان وێنه‌ی تێدا ده‌گرت خۆش بوو و له په‌نا ئه‌ویشدا خۆی به خوێندنه‌وه‌ی کتێب سه‌رقاڵ کردبوو. له ساڵی 1353 [1975] له ته‌مه‌نی 75 ساڵیدا وله کرێ نشینی و له ماڵی "سه‌یزاده" له بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ئه‌وه‌یکه سمایل خان وێنه‌گری سه‌ره‌کی سه‌رده‌می کۆماری مه‌هاباد بوه هیچ شکی تێدا نییه. هه‌رچه‌ند ئه‌وکات را‌گرتن و ئاڕشیڤ کردنی رووداوه‌کان باو نه‌بوو، به‌ڵام سمایل خان ئا‌ڕشیڤی خۆی هه‌بوو. به‌داخه‌وه کاتی گرتنی له شاری ته‌ورێز به شێوه‌یه‌کی زۆر مه‌رموز و سه‌یر ئارشیوه‌که‌ی سه‌ری تێداده‌چێت. ئه‌و فیلمانه‌ی که به‌دوای ئه‌و کاره‌ساته‌دا کۆی کردبوونه‌وه، به هۆی کیژێک به ناوی خه‌جیج (رۆحی شاد بێ) که کارداری ماڵی سمایل خان بوه، ده‌سووتێت. ئێواره‌یه‌ک که خه‌جیج خه‌ریکی گه‌شاندنه‌وه‌ی ره‌ژی ده‌بێ، پڕیشکه‌یه‌کی ئاگری ره‌ژیه‌که ده‌په‌ڕێته سه‌ر سیپێکی چایی که فیلمه‌کانی تێدابوه و هه‌موو فیلمه‌کان و ماڵه‌که‌ش له گه‌لیدا ده‌سووتێت.