کەژاڵ عەلی سەرگەلویی لەشاری رانیەی باشوری
کوردستان هاتۆتە دنیاوە.
دەرچووی پەیمانگای پزیشکی سلێمانیم وخاوەنی
بروا نامەی پزیشکیاریم، لەکۆتایی هەشتاکانەوە سەرقالی نوسین و ئەدەبیاتم،
لەزووربەی گۆڤار و رۆژنامە و سایت و پێگە ئەلەکترۆنیەکان بڵاوکراوەی ئەدەبی
و کۆمەلایەتی و شعریم هەیە ، لەتی ڤی و رادیۆکان چەندین چاو پێکەوتن و دەقی
شعری و بابەتی ئەدەبی و رۆژنامەوانیم بڵاو کردۆتەوە، بەرپرسی بەشی
راگەیاندن و بەشی ژنانی مافی مرۆڤی رانیە و خاوەنی بەرنامەی هەفتانەی
رادیۆیی و ئەندامی یەکێتی نوسەران و بەرپرسی سەنتەری گەنجانی رانیە بووم،
لەو میانەیەدا وەک چالاکوانێکی کارای پرسی ژنان و مافەکانی مرۆڤ چەندین
کاری مرۆڤانەم بە ئەنجام گەیاندووە و چەندین ژنم لە ژێر هەرەشەی کوشتن و
ئازاردان و دەستدرێژی و ئینتیحار رزگارکردووە، وەک هەلسووراوی کۆمەلایەتی
بەشداری یەکلا کردنەوەی چەندین کێشەو گرفتی ژنانم لە دادگا و ئاسایش شوێنە
گشتی و تایبەتییەکانی تری ئەو دەڤەرەدا کردووە .
لە سالی ٢٠٠٠ ئەوە لە کوردستان دەرچووم و لە
شاری زیورخی ولاتی سویسرا نیشتە جێم ، بە پلەی هێور کەرەوە لە یەکێک لە
دایەنگاکانی ئێڕە کار دەکەم و ئەندامی رێکخراوی" ئێلتەرن رات" ی سویسریم کە
رێکخراوێکی کۆمەلایتیەو سەر بە وەزارەتی تەربیەی سویسرایە.
لای من شعرو ئەدەب لە پوختەی پەیامێکی مرۆیی
و ویژدانی دا دەتوانن من وەک یەکەیەکی زیندوو بە ژیانەوە بهێلنەوە و ژنبوون
و مرۆڤبوونیش وەک گەنجینەی ئەو ژیانە ئاسوودەیی روحی و جەستەیی بە من
ببەخشن، بۆیە بەهچ کلۆجێک ئامادە نیم دەستبەرداری ئەو گەنجینە روحیەم بم.... |