شیعری حافزی حه‌قیقی
|
پێشه‌کی وه‌رگێڕ : هه‌ر له ته‌مه‌نی لاویمه‌وه‌زیاده له هه‌موو دیوانی شاعیرانی دیکه ئۆگریم به دیوانی حافز گرتبوو. تام و خوێی شێعره‌کانی له‌گه‌ڵ شه‌وق و زه‌وقی هه‌ڕه‌تی لاویم ئاوێته ببوون و شوێنیان خستبووه سه‌ر هه‌ست و بیرم. شه‌و و رۆژ ورینگه‌م ده‌هات ده‌مخوێندنه‌وه. زۆرجار بۆ نیازێکی بمبا، ده‌مگرته‌وه و ئاواتی دڵم لێ وه‌رده‌گرت. ئه‌وه‌نده‌م خوێندبۆوه زۆربه‌یم له‌به‌ر بوو. جار جار تێهه‌ڵکێش و ته‌خمیسم ده‌کردن. به‌ڵام هۆی ئه‌وه که وا له سه‌رده‌می پیریدا ده‌ستم داوه‌ته وه‌رگێڕانی دیوانی حافز ئه‌مه بوو که له لایه‌ن ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دینه‌وه داوایان لێ کردم ده غه‌زه‌ل له دیوانی حافز وه‌رگێڕمه سه‌ر کوردی تا له کتێبی حافزی سی زمانه‌دا ره‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دیکه بکه‌وێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و کاره زۆر له‌لام گرنگ و چه‌توون بوو، به‌ڵام دڵی ئه‌وان و دنه‌ی دۆستان و ئه‌وینی حافز ده‌ستیان دایه ده‌ستی یه‌ک و به‌و پیری یه له به‌رابه‌ر دیوانی حافزدا رایان گرتم. به‌و پشت گه‌رمیانه‌وه ملم له‌به‌ر ملی نا و ده غه‌زه‌له‌که‌ی ویستی ئه‌وانم له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا وه‌رگێڕاوه و له چاپیاندا. ئیدی من به ته‌ما نه‌بووم درێژه به‌و کاره بده‌م. که‌چی دیتم مه‌سه‌لی کورد وه‌دی هات که ده‌ڵێ : به کورد بده‌ی پیازێ دوان دوانت لێ ده‌خوازێ دۆست و ناسیاو ئه‌وانه‌ی وه‌رگێڕاوه‌کانیان دیبوو هه‌ڵه‌سوونیان هێناوه و داوایان کرد درێژه‌ی پێ بده‌م. منیش که زاتم شکابوو و ره‌واڵی کاره‌که‌م هاتبووه ده‌ستی، ئه‌و جاریش تێهه‌ڵچوومه‌وه و تا ئێسته ئه‌و سه‌د غه‌زه‌له‌م وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه. ده‌ڵێم جارێ هه‌تا کۆچی دواییم نه‌کردووه ئه‌وه‌ی چاپ بکه‌م و پێشکه‌شی ئه‌ویندارانی کوردی حافزی نه‌مری بکه‌م، له‌پاشان ورده ورده خه‌ریکی ئه‌وانی دیکه ببم و به یاریی خوا و مۆڵه‌تی ئه‌جه‌ل به ئاکامی بگه‌یه‌نم. پێویسته بوترێ ته‌رجه‌مه‌که زۆر موته‌عه‌هیدانه و به‌رپرسانه‌یه، واتا به‌و په‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌و کاره‌م کردووه و له‌خۆمه‌وه شتم لێ که‌م یا زیاد نه‌کردووه و شه‌رحیشم نه‌کردووه. له شه‌رحی سوودی که‌ڵکم وه‌رگرتووه و ره‌واڵه‌تی شێعره‌که‌م هه‌ر له‌سه‌ر کێشی عه‌رووزی خۆی کردوه به کوردی و ده‌ستم له ناوه‌ڕۆک نه‌داوه. به‌و مانایه که مه‌به‌ستی حافز له شێعره فارسی یه که‌یدا چ بووه بێ که‌م و کۆڕی له ته‌رجه‌مه‌که‌شیدا به‌دی ده‌کرێ. هیوادارم دیارییه‌کی به‌نرخم پێشکه‌شی ئه‌وینداران و لایه‌نگرانی شێعر و ئه‌ده‌بی وڵاته‌که‌م کردبێ. "بۆکان 20ی بانه‌مه‌ڕی 1370 ی هه‌تاوی : عه‌بباس حه‌قیقی"
|