عومه‌ر سوڵتانی (وه‌فا)
|
|
|
سه‌رهه‌ڵدانی شيعری نوێ
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان, يه‌که‌م هه‌نگاوه‌کان
عومه‌ر سوڵتانی (وه‌فا)
زۆرجاران داوايان لێکردووم سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدان و ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی له شيعری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بابه‌ت بنووسم و بيرهوهرييهکانی ئه‌و سه‌رده‌مه بێنمه سه‌ر کاغه‌ز, به‌ڵام هه‌ميشه له به‌رانبه‌ر ئه‌و داخوازيانهدا وه‌ستاوم, له به‌ر ئه‌وه‌ی نهمويستوه باسی خۆم بکه‌م و خۆم بکه‌مه ميحوه‌ر يا ته‌نانه‌ت به‌شێک له مه‌سه‌له‌که. هه‌رچۆنێک بێت, ئه‌و قۆناغه ئێستا به‌شێک له مێژوه‌و من نه ده‌توانم و نه ده‌مه‌وێ بيشێوێنم و بيگۆڕم. ئه‌وه‌ی له خواره‌وه دهيخوێننهوه بيرهوهری منه له‌و رۆژانه‌ی که بيری گۆڕانکاری و نوێ کردنه‌وه‌ی شيعر گهيشتبوه تورکيا و له‌وێوه بۆ ئێران و عێراق.
من نازانم ئه‌و گۆڕانکاريانه چه‌نده پێداويستی زمان يا زه‌رووره‌تی شيعری کوردی و کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بوون, ياخود چه‌نده وه‌ک کالايهکی واريداتی له ده‌ره‌وه هاتبوونه ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مانه‌وه؟
گۆڕان حوکمێکه به سه‌ر هه‌موو دياردهيهکدا زاڵه و هه‌موو شتێکی ئه‌م جيهانه هه‌موو ده‌م له گۆڕاندايه.
شيعری کوردی له رابوردووشدا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتوه: له شيعری بڕگهييهوه(به‌يت) بوه به شيعری عه‌رووزی و له شيعری ساکاری ئايينی"يارسان"ه‌وه بۆته شيعری ئاڵۆزی مه‌لای جزێری و له هه‌ڵبه‌ستی عاتيفی نالييهوه بوه به شيعری به‌رپرسی هه‌ژار و هێمن و جگه‌رخوێن. گۆڕانی شيعری کوردی و تێپه‌ڕکردنی قۆناغی برگهيی و گه‌يشتنه قۆناغی عه‌رووزی, به بێ هيچ گۆمانێک له ژێر شوێن دانانی ديارده‌يه‌کی لاوه‌کی واته شيعرو زمانی عه‌ره‌بيدا هاته گۆڕێ.
تێپه‌ڕکردنی قۆناغی عه‌رووزی و چوونه قۆناغێکه‌وه که به"شيعری نوێ" ناو ده‌برێت, به هه‌مان شێوه, له ژێر تهئسيری ناڕاسته‌وخۆی شيعری ئوروپايی و له ڕێگه‌ی شيعری تورکی و فارسی و عه‌ره‌بيه‌وه بوو, که ئه‌وانيش خۆيان به ماوه‌يه‌کی که‌م پێش ئێمه هه‌مان شوێنيان له شيعری ئوروپايی هه‌ڵگرتبوو. وڵامی ئه‌وه‌ی که شيعری ئوروپايی خۆی چۆن و له ژێر چ پێداويستيهکدا شيعری قافيهداری به‌جێ هێشت و شيعری"سپی"ی کرده جێگر, له وزه‌ی مندا نييه ولێ‌ی نازانم.
هه‌رچۆنێک بێت, شيعری کوردی له ژێر تهئسيری نويخوازانی تورک و عه‌ره‌بدا, له باشوور به‌ره‌و نوێکردنه‌وه ئاژوا و پێشره‌وانی وه‌ک گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح و محه‌مه‌د ساڵح ديلان رچهيان بۆ شکاند. بنه‌مای شيعری کۆن, له چله‌کانی سه‌ده‌ی بيسته‌مدا دالهرزا و هه‌وڵی پێشه‌نگه‌کانی نویخوازی له په‌نجاکاندا چرۆی کرد‌و بوو به واقيع.
ئه‌م گۆڕانکارييه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌ند ساڵێک دواتر روويدا. هۆی ئه‌م دره‌نگ که‌وتنه‌ش تاراده‌يه‌ک روونه. له رۆژهه‌ڵات ده‌ره‌تانی سياسی و ئازادی نووسين و بڵاوکردنه‌وه‌ی شيعری کوردی که‌متر بوو يا هه‌ر نه‌بوو. هۆيهکی تری ئه‌م دواکه‌وتنه واهه‌يه له‌وه‌دا بدۆزرێته‌وه که شيعری کوردی رۆژهه‌ڵات راسته‌وخۆ له ژێر تهئسيری شيعری فارسيدا قاڵبی کۆنی شکاند, که ده‌زانين چه‌ند ساڵێک دوای شيعری تورکی تورکيا و ئازه‌ربايجانی باکوور له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌که‌دا ناسياوی پهيداکردبوو, له کاتێکدا پێشره‌وانی شيعری نوێ له باشوور, هه‌موويان ناسياوی شيعری تورکی بوون و راسته‌وخۆ به‌رامه‌ی ئه‌و فه‌زا نوێيهيان هه‌ڵمژی بوو.
خاڵی هه‌ره گرنگ له په‌يوه‌ندی ئه‌و گۆڕانکارييانهدا ئه‌وه‌يه که نوێ بوونه‌وه و شکانی قاڵبی عه‌رووزی ئه‌گه‌ر بۆ فارس و عه‌ره‌ب و تورک ديارده‌يه‌کی نامۆ و سه‌مه‌ره بوو, بۆ کورد وانه‌بوو; به‌ڵکو گهڕانهوهيهک بوو بۆ بنه‌ما. ئێمه له سه‌ره‌تاوه خوومان به شيعری بڕگه‌يی گرتبوو, که شێوه و شێوازی له شيعری نوێ گه‌لێک نزيکتر بوو تا شيعری عه‌رووزی و هه‌تا ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ش به سه‌ر زمانی خه‌ڵکه‌وه مابوو. واته شيعری قاڵب شکاوی کێشدار و بێ سه‌روا(قافيه) له ناو کورددا زياتر له گه‌لانی دراوسێ ده‌ێتوانی جێی خۆی بکاته‌وه و هه‌ر واش بوو.
بۆ من, شيعری نوێی فارسی دهروازهيهکی نوێ بوو بۆ جيهانێکی نوێ. من که شاره‌زاييه‌کی که‌م تا زۆرم له شيعری کلاسيکی فارسی هه‌بوو بهشێکيانم به ده‌رس خوێندبوو, له رێگه‌ی شيعری کۆمه‌ڵايه‌تی سياسی که‌سانێکی وه‌ک لاهووتی کرماشانی و "ئهبوتراب جلی"يهوه ئاماده‌ييم بۆ وه‌رگرتنی ديارده‌ی نوێی شيعری هه‌بوو- چ به ناوه‌رۆک و چ به فۆرم. جا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که شيعری نيمايوشيج و فروغ و شاملووم خوێنده‌وه, بوومه هۆگريان و له سه‌ر شێوازی شيعری نيمايی که‌وتمه شيعرگوتن. واته داره‌داره‌م به شيعری نيمايی کرد ئه‌ويش دياره به زمانی فارسی.
ئه‌وده‌م له بۆکان و له شاره‌کانی ده‌وروبه‌ريش نه‌مبیستبوو که‌س شيعری نوێ بڵێت, هه‌ربۆيه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ی شيعره فارسيهکانم له گۆڤاره‌کانی چاپی تاران‌دا, بۆ ناوچه‌که گه‌لێک سه‌رنجراکێش بوو, زۆر زوو ناوم ده‌رکرد و له کۆڕ و مه‌جليسی خه‌ڵکدا باسم ده‌کرا, واته به ئه‌رک و زه‌حمه‌تێکی که‌م, ناوێکی ته‌واوم ده‌رکرد.
له بۆکانی ئه‌و ساڵانه, که تازه چه‌ند ساڵێک بوو کوديتای 28ی گه‌لاوێژ سه‌رکه‌وتبوو, وکۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ژێر زه‌خت و زۆری رژيم وئاغاواتدا به شێوه‌يه‌کی دوولايهنه ده‌چه‌وسانه‌وه, ده‌ره‌تانێک بۆ خوێندنه‌وه و نووسين به زمانی کوردی نه‌بوو, نه‌ک هه‌ر به‌شێوه‌ی ره‌سمی به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت به شێوه‌ی شه‌خسی و تاقهکهسيش. واهه‌بوو ئه‌و ده‌ره‌تانه له گونده‌کاندا زياتر بێت, که له چاو شار, که‌متر جێگه‌ی ته‌راتێنی مه‌ئموورانی حکوومه‌تی بوو و زۆربه‌ی شيعری کورديش هه‌ر له گونده‌کاندا ده‌گوترا و دهنووسرايهوه.
له تارانيش به نيسبه‌ت شاره‌کانی تری ئێران و به تايبه‌ت شاروچکهيهکی وه‌ک بۆکان, ئازادی زياتر هه‌بوو و ئه‌و ئازادييه له ناو زانستگه‌دا گه‌لێک زياتر بوو. له راستيدا, زانستگه‌ی تاران له ساڵانی ره‌شی دوای کوديتای 28ی گه‌لاوێژ داببوه سه‌نگه‌ری ئازاديخوازای و خه‌بات.
له زانستگه‌ی تاران چه‌ند خوێندکارێکی خوێنگری و لێزانی کورد ده‌رسيان ده‌خوێند, که زياتر له بيری خاک و گه‌له‌که‌ياندا بوون تا به پله‌و پايه گه‌يشتن. له‌وانه کاک ئه‌ميری حه‌سه‌نپور, نه‌مران سواره‌ی ئيلخانی زاده و عه‌لی حهسهنيانی, هه‌روه‌ها کاک فاتح شێخ الاسلامی و چه‌ند که‌سێکی تر بوون. ئه‌وان هات و چۆی يه‌کتر و هات وچۆی ماڵی خوالێخۆشبوو حاجی ره‌حمان ئاغای موهتهدييان ده‌کرد که ئه‌وده‌م له بۆکانه‌وه چووبوه تاران و له زانکۆی معقول و منقول ده‌رسی ده‌گوته‌وه. ماڵی حاجی ره‌حمان ئاغا, رۆژانی هه‌ينی ده‌بوه کۆڕی شيعرخوێندنهوهی کوردی و باس و خواسی کۆمه‌ڵايه‌تی و سياسی. چيرۆکی"نان و فيشه‌ک" و زۆر شيعری ناسراوی ئێستا, له‌و سه‌رده‌مه‌دا و له ژێر تهئسيری ئه‌و کۆڕانه‌دا نووسراون. کتێب و چاپه‌مه‌نی باشووری کوردستان که‌م تا کورتێ ده‌گه‌يشته ده‌ستی لاوه خوێنگه‌رمه دصسۆزهکان و ده‌خوێندرانه‌وه له رێگه‌ی هه‌ر ئه‌و کتێب و چاپهمهنيانهوه, شيعری نوێی کورديش به‌رگوێی لاوه‌کان ده‌که‌وت و زۆربه‌ی زۆريان"گۆران"يان ده‌ناسی.
چه‌ند ساڵێک دواتر, رۆژنامه‌ی" کوردستان" له تاران ده‌رچوو, که ئه‌ويش ده‌ورێکی باشی له هاندانی لاوه‌کانی کورد بۆ خوێندنه‌وه و نووسينی کوردی هه‌بوو- ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای راستيهک که رۆژنامه‌که له ژێر چاوه‌دێری راسته‌وخۆی ساواک و به ده‌ستوری ئه‌وان به‌ڕێوه ده‌برا. له‌گه‌ڵ ئهوچاوهدێرييهشدا, به‌هۆی نييهتی پاک و ئامانجی خزمه‌تگوزاريی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌که‌وه, گه‌لێک بابه‌تی پێشکه‌وتنخوازانه و بيری نه‌ته‌وايه‌تی کوردی له لاپهڕهکانيدا ره‌نگيان دهدايهوه. بۆ نمونه, به بۆنه‌ی کۆچی دوايی گۆرانی نه‌مره‌وه ژماره‌يه‌کی تايبه‌تی رۆژنامه‌که بڵاوکرايه‌وه که وتاره سه‌ره‌کيه‌که‌ی له مه‌ڕ گۆران کاک ئه‌مير حه‌سه‌نپوور نووسيبووی. ئه‌و و کاک فاتح و کاک عه‌لی حهسهنيانی و زۆرێکی تر, به ناوی خوازراوه‌وه بابهتيان له رۆژنامه‌که‌دا بڵاوده‌کرده‌وه.
ئه‌م دياردانه له ژوورههموانيشهوه ئازادييهکی نيسبی بۆ خوێندن و نووسينی کوردی بوونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شيعری نوێی کوردی له تاران, له کاتێکدا من له بۆکان جگه له رۆژنامه‌ی ناوبراو هيچ بابه‌تێکی تری کورديم به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت و له راستيدا نه‌فه‌سم ته‌نيا له فه‌زای شيعری نوێی فارسيدا ده‌کێشا.
به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت پابهپای ئه‌وان و ئه‌گه‌ر به خۆهه‌ڵکێشان دانه‌نرێت, له پێش ئه‌واندا چه‌مکی نوێخوازيم هێنايه ناوچه‌که‌وه. دياره زمانی قسه‌کردنم فارسی بوو به‌ڵام زمان, قاڵب وفۆڕم نه‌بێ هيچ نييه و بيروچهمکه,کهناورۆک و گه‌وهه‌رن. من يهکهمکوردێکی رۆژهه‌ڵات بووم که شيعری نوێی فارسيم گوت و بڵاوم کرده‌وه. هه‌رگيز نه‌مزانی يه‌که‌م شيعری نوێی کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کامهبووکێ گوتی, به‌ڵام هيچ دژايهتيهکيشم له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا نييه که يه‌که‌م شيعری کوردی رۆژهه‌ڵات" جه‌لاد"ی نه‌مر عه‌لی حهسهنيانی بووبێت.
ئه‌وه‌ی ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌يه که شيعری نوێی من- دياره به فارسی, پێش ئه‌و شيعره وشيعری سواره‌ی نه‌مر يا هه‌ر که‌سێکی کوردی‌تر بڵاوبوه‌وه و درانگتر به هۆی دۆستايه‌تی و نزيکايهتی کاک عه‌لی و کاک سواره‌وه ده‌ستم به گوتنی شيعری کورديش کرد.
من دۆستايهتيهکی زۆرم له گه‌ڵ هه‌ردوو ئه‌و نه‌مرانه‌دا هه‌بوو, کاک سوار له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆکان‌دا نه‌ک جارودووجار به‌ڵکوو به شێوه‌ی رۆژانه سه‌ردانی دووکانه رۆژنامه‌فرۆشی و کتێب فرۆشيهکهی ده‌کردم و کاک عه‌لی حهسهنيانيش له مه‌هاباد و ميانداوهوه زۆرجار ده‌هاته بۆکان و وانه‌بوو ئه‌گه‌ر بێته بۆکان, سه‌ردانی من نه‌کات.
ئێمه دۆستی يه‌کتر بووين و ئێستا که ئه‌وان سه‌ريان ناوه‌ته‌وه, من رێزی ئه‌و دۆستايهتيه ده‌گرم, هه‌وڵی ئه‌وه‌شم نييه حه‌قێکی ئه‌وان بکه‌مه ناحه‌ق ياخود ببمه ته‌شوێ و بۆلای خۆمی داتاشم. به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر تهئسيری نه‌فه‌سی ئه‌و مه‌زن پياوانه نه‌بوايه, واهه‌بوو هه‌رگيز شيعری کوردی نه‌ڵێم, که‌وابوو بۆ هه‌ميشه رێزيان لێ ده‌گرم ئامانجيشم له‌م قسانه, ده‌رخستنی راستيه بۆ نه‌وه‌ی تازه و جيلهکانی دواتر, نه‌ک گۆڕينی راسته‌قينه‌ی مێژووويی
بيری نويخوازی و شيعری نوێی کوردی دوو ديارده‌ی جياواز بوون, من له يهکهمياندا ده‌وری سهرهکيم بينی و ئه‌و مافه بۆخۆم ده‌پارێزم به‌ڵام له دووههمدامياندا په‌سندی ئه‌وه ده‌که‌م که نه‌مران سواره و حهسهنيانی, هه‌روه‌ها کاک فاتيح شێخ الاسلامی ئاڵا هه‌ڵگر بوون و من به ماوه‌يه‌ک دوای ئه‌و سێ که‌سه شيعری نوێی کورديم کوتوه.
ئه‌م دێڕانه‌ی خواره‌وه, درێژه‌ی هه‌ر ئه‌م باسهيه و پێشتر له وت ووێژێکی رۆژنامه‌ی"په‌يام" چاپی له‌نده‌ندا هاتوون. لێره‌شدا به گۆڕانکارييه‌کی که‌مه‌وه دووپات ده‌بنه‌وه, هه‌رچه‌نده ئيتر پرسيار و وه‌ڵام نين و په‌يوه‌ندێکی ئه‌ندامی زياتريان هه‌يه. هيوادارم قسه‌کانم بتوانن روونکه‌ره‌وه‌ی لای که‌م هه‌ندێ لايه‌نی تاريکی ئه‌و ساڵانه- وه‌ک به‌شێک له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی بن.
من يه‌که‌م شيعری نوێم به ناوی "بوف کور" واته "کوند" به زمانی فارسی و له ساڵی 1953دا له زيندانی مه‌هاباد گوتوه. دوابه‌دوای کۆديتای 28ی گه‌لاوێژی 1953ی شا‌و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا دژ به حکوومه‌تی ميلليی دۆکتور موسه‌دق, منيش که پێش کۆديتا پيشه‌ی رۆژنامه فرۆشيم هه‌بوو و رۆژنامه و گۆڤاری وه‌ک بسوی اينده, چهلنگهر, ته‌وفيق و حاجی بابام ده‌فرۆشت, له لايه‌ن پۆليسی شا‌و ئاغاکانی بۆکانه‌وه گيرام و هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نم که‌متر له هه‌ژده ساڵان بوو, له به‌نديخانه‌ی شاری مه‌هاباد توندکرام.
شيعرهکهم له زيندان بۆ هه‌ندێ که‌س خوێنده‌وه, به‌ڵام ئه‌وان گاڵته‌يان پێ کردم و لايان وا نه‌بوو ئه‌مه هه‌ر شيعريش بێ.
من, که شوێنی زۆرم له شيعری نيمايوشيج و شاملو هه‌ڵگرتبوو, نه‌ک هه‌ر گوێچکه‌م پێ نه‌دان, به‌ڵکوو شێلگير و سه‌قامگير درێژه‌م به گوتنی شيعری نوێ دا.
دوای ئه‌وه‌ی له به‌نديخانه هاتمه ده‌ر, به شيعرهکانمدا چوومه‌وه و ئهوانيشم هاوڕێ له گه‌ڵ شيعری تازه‌تردا بۆ چاپ ئاماده کرد. شيعری"بوف کور" له ناخی ده‌روونمه‌وه هه‌ستابوو و ئاوێنه‌ی هه‌ست و نه‌ستم بوو. شيعرهکه ماوه‌يه‌ک دره‌نگتر له گۆڤاری"اميد ايران" چاپی تاران‌دا بڵاوکرايه‌وه و ده‌نگی دايه‌وه. باش نازانم به‌ڵام لام وايه شيعرهکه له ساڵی 1958 دا بڵاو بووه‌وه, گه‌رچی پێش ئه‌و, هه‌ندێ شيعری تازه‌ترم وه‌ک"نا ئاشنا" و "گزير" له گۆڤاری" سپيد و سياه" و "اسيای جوان"دا چاپ کرابوو. ئه‌و گۆڤارانه‌ش هه‌ر له تاران ده‌رده‌چوون و ناوچه‌ی موکريان به گشتی خاوه‌نی هيچ بڵاوکراوهيهک به فارسی يان کوردی نه‌بوو.
کاتێ شيعری "دروغ"م له "اميد ايران"دا بڵاو کرايه‌وه, ئيتر بڕوای زياترم به خۆم و شيعرهکانم په‌يدا کرد و دصنيا بووم که ده‌توانم شيعر بڵێم, چونکه" اميد ايران" شيعری هه‌موو که‌سێکی چاپ نه‌ده‌کرد, لاپه‌ڕه‌ی شيعری ئه‌م گۆڤاره له هی گۆڤاره‌کانی تر ده‌وڵه‌مه‌نتر و به‌هێزتر بوو. ئه‌م لاپهڕهيه"پهرويز که‌ڵانته‌ری" به‌ڕێوه‌ی ده‌برد.
ساڵانی 1957 تا 59ی ئێران, سه‌رده‌می گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی شيعری نوێی فارسی بوو. شيعری نوێ گه‌لێک زياتر له جاران له چاپهمهنييهکاندا بڵاو ده‌بووه‌وه و شاعيرانی نوێخواز يه‌ک له دوای يه‌ک ناويان ده‌رکرد. ناوی نيما و شاملو ئهستيرهی ئاسمانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی شيعر بوون. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری ڕژيم بۆ کۆنترۆصی په‌يامی شيعرهکان, شاعيرانی به‌رپرس به هۆی کينايه و ئيستيعارهوه بيری کۆمه‌ڵايه‌تی- سياسيی خۆيان ده‌گه‌يانده خوێنه‌ر. جگه له‌و دوو که‌سه, هه‌ندێ شاعيری لاوی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ک مه‌هدی ئه‌خه‌وان سالس, نادر نادرپور, سيمين به‌هبه‌هانی, هۆشه‌نگ ئيبتيهاج, سوهراب سپێهری و حه‌ميد موسه‌دق ورده ورده ناويان ده‌رکرد. من ناوی ئه‌و که‌سانه بۆيه ده‌هێنم که بارودۆخی ئه‌وده‌می شيعری نوێی فارسی ڕوون بکه‌مه‌وه و بگه‌مه ئاکامی ئه‌وه‌ی که شيعری نوێی کوردی ڕۆژهه‌ڵات تهئسيری ڕاسته‌وخۆی ئه‌و شاعيره فارسانه‌ی له سه‌ر بوو و له ڕاستيدا ئێمه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات بير و بۆچوونمان له مه‌ڕ هونه‌ر و شيعر هه‌مان بۆچوونی شاعيره فارسه‌کان بوو.
شيعری نوێی کورديی کوردستانی باشوور ماوه‌يه‌ک دره‌نگتر و ته‌نانه‌ت دوای کۆچی دوايی گۆران شوێنی له سه‌ر شاعيرهکانمان دانا. به بێ هيچ گومانێک ئه‌وه شيعری نوێی فارسی بوو, که له وه‌رچه‌رخان و ڕووکردنه شێوازی نوێ‌دا هانده‌ری ئێمه بوو, ئه‌وه‌ش له بارودۆخی ئه‌ده‌می ڕۆژصاتی کوردستاندا شتێکی ئاساييه و ده‌بێ له بيرمان نه‌چێ, که له ساڵانی دوای کۆديتای 1953 ئيتر پهيوهندێک له گه‌ڵ باشووری کوردستان نه‌مابوو و که‌ڵ به موويهک به‌ند بوو. کێ دهيوێرا کتێب و چاپهمهنيی ئه‌وديو لای خۆی ڕابگرێ, يان بيداته ئه‌م و ئه‌و!
به کورتی, من به چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌وه‌ی گه‌رای شيعری نوێی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ببه‌سترێ و يه‌که‌م شيعری نوێی کوردی بخوڵقێ شيعری نوێی فارسيم گوتوه و بيری نوێخوازييم به کرده‌وه هێناوه‌ته نێو ئه‌ويندارانی شيعر و شاعيرانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه. هيوادرارم کاتێ باسی ئه‌م ڕاسته‌قينه مێژووييانه ده‌که‌م, خوێنه‌ر به باشی قسه‌کانم هه‌ڵسه‌نگێنێ و هه‌ست به‌وه نه‌کات, که ده‌مه‌وێ مافی که‌سێک بفه‌وتێنم, يان خۆم هه‌ڵکێشم. من دۆستی نزيکی سواره‌ی نه‌مر و عه‌لی حهسهنيانی ڕه‌حمه‌تی بووم و هه‌رگيز نامه‌وێ قسه‌يه‌ک بکه‌م, که بۆنی بێئه‌مه‌کی و خۆخۆشهويستی لێ بێ. به‌ڵام کاتێ تۆ باسی مێژوو ده‌که‌ی و له ڕووداوێک ده‌دوێی که ڕوويداوه و تێپه‌ڕ بووه, ئيتر نه ده‌توانی بيگۆڕی و نه هۆيهکهيش بۆ ئه‌م گۆڕانی حهقيقهته هه‌يه.
به‌ڵێ من ئاڵاهه‌ڵگری بيری نوێکردنه‌وه‌ی شيعر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووم و يه‌که‌م که‌سيش بووم له ناوچه‌که, که شيعری نوێم گوتووه به‌ڵام به فارسی. حهسهنيانی و سواره و فاتح پێش من ده‌ستيان به گوتنی شيعری نوێی کورديی کردووه و ئه‌م مافه بۆيان پارێزراوه, ڕووکردنه شيعری کورديی نوێش بۆ من له ژێر تهئسيری ئه‌واندا بووه, واته من تهئسيری ڕاسته‌وخۆی سواره‌م له سه‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی له شيعری نوێی فارسی گوتنه‌وه ڕوو بکه‌مه شيعری نوێی کوردی. خۆشحاڵم که ئه‌و بيره نوێيه‌ی که من "هێنه‌ر" و "داهێنه‌ر"ی بووم, شاعيرانی مه‌زنی وه‌ک ئه‌و سێ که‌سه خستيانه قاڵبی وشه‌ی کوردييه‌وه و يه‌ک دوو ساڵ دواتر شيعری نوێی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو به ڕاسته‌قينه‌ی سه‌رده‌م.
سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تاکانی شيعرگوتن و هۆی چوونه بواری شيعره‌وه پێويسته ده‌ست نيشانی دوو هۆی سه‌ره‌کی بکه‌م: يه‌که‌م قهريحهی زاتی و دووهه‌م تهشويق و هاندان.
خوالێخۆشبوو" ميرزا عه‌بدوڵای حاجی ئه‌حمه‌د"ی باوکم حه‌زی زۆری له شيعر هه‌بوو گه‌رچی سه‌وادێکی ئه‌وتۆشی نه‌بوو به‌ڵام وه‌ک ئهويندارێکی شيعری عيرفانی و ئايينی کات و بێ کات شيعری له سه‌ر لێو ده‌گه‌ڕا. کاتێ من له قوتابخانه فێری خوێندن و نووسين بووبووم و ده‌متوانی شيعر بخوێنمه‌وه, ئيتر دوو سێ کتێبی له به‌رده‌م داده‌نام و ده‌يگوت به ده‌نگی به‌رز بۆميان بخوێنه‌وه.
لام وايه جگه له" هه‌ستی زاتی" ئه‌و شيعرخوێندنهوانه به‌ره‌و دنيای خهياڵاويی شيعريان بردم. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌وه شيعر له تانوپۆم ئاڵا و ئيتر هيچ کاتێ له ژيانم جيا نه‌بووه‌وه. به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ی ئه‌و کاته بوو که که‌وتمه به‌نديخانه‌وه. ته‌نيايی, بيرکردنه‌وه له ژيان و ناسک بوونه‌وه‌ی هه‌ست و شعووری کۆمه‌ڵايه‌تی له پاڵ کات و مه‌جالی زۆر بۆ خوێندنه‌وه و نووسين هه‌ستی دهرنهبڕاويان به شيعر بۆ دهربڕيم,له‌وێ, شه‌و و رۆژ کارم خوێندنه‌وه‌ی شيعر بوو. يه‌که‌م شيعر عهرووزييهکانيشم هه‌ر له به‌نديخانه‌ی مه‌هاباد گوتوون.
ئه‌م دوو شێوازه شيعره, ده‌توانم بڵێم هاوکات له مندا خوڵقان. وا هه‌يه هۆی مه‌سه‌له‌که ئه‌وه بێ, که من خۆم ڕۆصهی سه‌رده‌می وه‌رچه‌رخانی شيعريم و ڕاست له‌سه‌رده‌مێکدا مێشکم ئاوێته‌ی بيری شيعر بوو, که تايبهتمهندييهکهی بريتی بوو له ژيانی هاوبه‌شی شيعری کلاسيک و نوێ. ئه‌م دوو ديارده‌يه له سه‌رده‌می لاوێتی مندا شانبه‌شان ده‌ڕۆيشتن, منيش شانم دابووه به‌ر هه‌ردووکيان. جا دره‌نگتر که بارستايی شيعری نوێ له ئێران قورس‌تر بوو و مهيدان بووه شوێنی سوارچاکانی شيعری نوێ, ئاساييه که منيش زياتر ڕووم کرده ئه‌ميان, بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وی ترم به يه‌کجاری به جێ هێشتبێ. ژيانی هونه‌ريی من ئاوێنه‌ی ئه‌و ناته‌بايی و له عهينی کاتدا ئه‌و شانبه‌شانی و ژيانه هاوبه‌شه‌ی شيعری نوێ و کلاسيکه.
وه‌ک پێشتر گوتم يه‌که‌م شيعری عهرووزيم له ساڵی 1957 دا نارد بۆ گۆڤاری"ترقی". له وڵاممدا نووسيان ماڵی شيعرهکه له بنه‌ڕه‌ته‌وه وێرانه! به‌ڵام من شلوێ نه‌بووم و درێژم به کاره‌که‌م دا. ئه‌م قسه‌يه بۆ شاعيره لاوه‌کانمان ده‌که‌م که نه‌کا کۆص بده‌ن و قسه‌ی ئه‌وتۆ دصسارديان بکاته‌وه, ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ گه‌لێک جياوازه و کورد خاوه‌نی چاپهمهنيی خۆيه‌تی, په‌يوه‌ندی پارچه‌کانی کوردستان گه‌لێک زياتره و واهه‌يه شاعيری لاوی کورد قسه‌ی وا سارد له خۆييهکان نهبيستێ.
هه‌رچۆنێک بێ, من کۆصم نه‌دا و له هه‌مان ساڵدا شيعرێکی ديکه‌م نارد بۆ گرڤاری" اطلاعات ههفتهگی" به‌ڵام ئه‌ويش چاپ نه‌کرا! کاتێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه و سه‌يری ئه‌و ساڵانه ده‌که‌م که سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ناميهرهبانييانه هێشتا هه‌ر وره‌م به‌ر نه‌دا و به‌بێ پشتگيريی لايه‌نێک به تاقی ته‌نيا له به‌رانبه‌ر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کاندا وه‌ستام, لام وايه ئه‌وده‌م له شيعردا توابوومه‌وه و شيعر بووبووه به‌شێک له وجودم, ئيتر نه‌مده‌توانی ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرم.
له به‌هاری ساڵی 1958دا شيعری "پرشنگ"م له گۆڤاری"ترقی"دا بڵاو بووه‌وه. شيعرهکه به فارسی بوو و عينوانهکوردييهکهشی له کۆتايی شيعره‌که‌دا به فارسی واتا کرابووه‌وه. هه‌ر به شوێن ئه‌ودا, که غه‌زه‌لێکی عه‌رووزی بوو, شيعرێکی نوێم له گۆڤاری"اميد ايران"دا بڵاو کرايه‌وه. ئه‌م دوو شێوازه جياوازه له شيعرهکانمدا هاوشان و هاوکات ژيانی هاوبهشيان هه‌بوو, له ڕاستيدا بيری نوێخوازيی من چرۆکردنی له سه‌ر لقی شيعری عه‌رووزی بوو. سێبه‌ری شاعيرانی پێشکه‌وتنخوازی ئه‌وده‌م وه‌ک ابولقاسم لاهوتی کرماشانی, محه‌مه‌د عه‌لی ئهفراشته, ابوتراب جلی و پهرويز که‌ڵانته‌ری به سه‌ر شيعری عه‌رووزی ئه‌و ساڵانهمهوه دياره, به‌ڵام پێشه‌وای شيعريم شاعيرانی نوێخوازی ئێران وه‌ک نيما, شاملو, موشيری و ابتهاج بوون و له هه‌مووان زياتر فروغ فه‌روخ زاد و نوسره‌ت ره‌حمانی شوێنيان له سه‌رم داناوه.
له ساڵی 1964 دا, راديۆ ديهلی هيندوستان به‌شی فارسی که ئه‌وده‌م بيسهری زۆری هه‌بوو, کێبهرکێيهکی شيعری دانابوو, منيش به شيعرێکی عه‌رووزی به‌شداريم تێيدا کرد و جايزهی يه‌که‌مم بۆ ده‌رچوو, بانگهێشتنی ديهليان کردم که نه‌متوانی بچم, جا له بالوێزخانه‌ی هيندوستان له تاران رێ ورهسمێکيان به‌ڕێوه برد, که زۆربه‌ی شاعيرانی به ناوی ئێران تێيدا به‌شدار بوون, جائيزهکهم دوکتور عيسی سديق وه‌زيری په‌روه‌رده‌ی ئێران پێی دام, که ههيکه لێکی عاج بوو و پێنج به‌رگ کتێبی ئه‌ده‌بی که جه‌واهير له‌عل نهرۆ ئيمزای کردبوون. ئه‌و شه‌وه, دۆستی له مێژێنهم" سه‌عيد سوڵتان پور" به زۆر شاعيری ناوداری وه‌ک نادر نادرپور و نوسره‌ت ره‌حمانی ناساندم. دواتر له له سه‌فه‌رمدا بۆ تاران له "کافه شه‌هرداری" چاوم پێيان ده‌که‌وت. هه‌ر له ڕێگه‌ی سهعيدهوه ناسياويم له گه‌ڵ شاملو و شاژنی ئێستای شيعری فارسی خانم سيمين به‌هبه‌هانی په‌يدا کرد.
سه‌باره‌ت به چۆنيه‌تی رووکردنه شيعری نوێی کوردی ده‌بێ بڵێم. شيعری نوێی فارسی به‌ره‌و شيعری نوێی کوردی ڕاکێشام. دياره سه‌رده‌م سه‌رده‌می شيعری نوێ بوو و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه نه‌ده‌گونجا.
له‌م پهيوهندييهدا پێوسته ئاماژه به خاڵێکی ديکه‌ش بکه‌م. دوابه‌دوای کۆديتای 28ی گه‌لاوێژی 1953 بوو, که مه‌سه‌له‌ی شيعری نوێ له ئێران گرينگايهتی په‌يدا کرد و به گشتی دوای ئه‌و ڕووداوه, به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخواز له سه‌نگه‌ری شيعری نوێ‌دا دژ به لايه‌نگرانی ڕژيمی شا ده‌وه‌ستان, که زۆربه‌ی زۆريان دوژمنی شيعری نوێ بوون و گاڵته‌يان پێ ده‌کرد. شيعری "ارش کهمانگير"ی سياوش کهسرايی دوای شيعری "چاره ره‌نجبه‌ران وه‌حده‌ت و تهشکيلات ئه‌ست"ی لاهوتی که ئه‌ويش له سه‌ر شێوازی نوێ گوترابوو, زياترين بره‌وی له نێو به‌ره‌ی چه‌پدا په‌يدا کرد‌و بووه هۆی پاشهکشێيهکی جيدی لايه‌نه‌که‌ی تر و ئيتر لای که‌م له نێو به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخوازدا دژايهتيی شيعری نوێ نه‌کرا.
هانده‌ری سه‌ره‌کی من به‌ره‌و شيعری نوێی کوردی, که‌متر تاکه که‌س وزياتر بارودۆخی گشتی کۆمه‌ڵايه‌تی سياسی بوو. ئه‌وه‌نده‌ی خۆم هه‌ستم پێ کردبێ, فه‌زای سياسی- کۆمهڵايهتيی ئێران ولايهنگری به‌ره‌ی پێشکه‌وتنخواز له شيعری نوێ, بردميه کۆڕی نوێخوازانه‌وه هه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ساڵانی دوای 1953 ش بوو که من نه‌فه‌سم تێدا ده‌کێشا و تێيدا بوومه لايه‌نگری شيعری نوێ, يه‌که‌م شيعری نوێشم وه‌ک پێشتر گوترا, له ساڵی 1953 و کاتێ له بۆکان گيرام و نێردرامه زيندانی مه‌هه‌باد, له‌وێ گوت. ئه‌وده‌م ته‌نيا بير له سبه‌ينێ و ژيانی به‌خته‌وه‌رانه‌ی دواڕۆژ دهکرايهوه و دوێنێ بۆ هونه‌رمه‌ندان له مێژبوو مردبوو, شاعيرانی نوێخواز به پێشوازيی بهيانييهوه ده‌چوون و خۆيان له دوێنێ دوور ده‌خسته‌وه. ڕژيمی کۆديتا ئه‌و دوێنێ نه‌گريسه بوو و خه‌بات بۆ ژيانی به‌خته‌وارانه دهبووايه چاوی ببڕێته ئاسۆی رووناکی سبه‌ينێ و له دوێنێ دوور بکه‌وێته‌وه.
جا دواتر, يه‌که‌م شيعری نوێی کورديم له ساڵی 1962دا له مه‌هاباد گوت, کاتێ له‌وێ سه‌رباز بووم و به‌شی کوردی ڕاديۆ مه‌هابادم به‌ڕێوه ده‌برد. ڕاديۆکه, سوپا دايمهزراندبوو و چه‌ند سه‌عاتێک به کوردی و فارسی به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی هه‌بوو. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"يش له تاران ده‌رده‌چوو. رۆژنامه‌که, سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساواک و ڕژيمی شا بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی خۆيان له نێو شۆڕشی ئه‌يلوول به گشتی باشووری کوردستان ده‌ريان ده‌کرد, بۆ گه‌لێک نووسه‌ر و شاعيری لاوی ڕۆژهه‌ڵاتيش ده‌ره‌تانێک بوو, که له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه به‌رهه‌مه‌کانيان بڵاو بکه‌نه‌وه. ئه‌وده‌م سواره و حهسهنيانی و فاتيحيش شيعريان له ڕۆژنامه‌که‌دا بڵاوده‌بووه‌وه.
منيش هاوکاريی ڕۆژنامه‌که‌م ده‌کرد و گه‌لێک چوارينه و چوارکۆپلهی کورديم بۆ ده‌ناردن و ئه‌وانيش چاپيان ده‌کرد. ئه‌م چوار کۆپلانه له ئێران به "چوارکۆپلهی نيمايی" ده‌ناسران و له سه‌ره‌تاکانی په‌يدابوونی شيعری نوێی فارسيدا نزيک به هه‌موو شاعيره نويخوازهکان" چوارکۆپلهی نيمايی"يان ده‌گوت. من پێشتر ئه‌م شێوه شيعرهم به فارسی کوتبوو, جا له‌و ساڵانه‌دا به کورديش ده‌ستم کردبوو به هۆنينهوهيان و دهمناردن بۆ رۆژنامه‌ی کوردستان.
ڕاديۆی کرماشانيش بۆ من ده‌ره‌تانێکی ديکه بوو. ئيتر به‌گشتی تێکه‌ڵاوی شيعری کوردی بووبووم و له هه‌ر سێ ئه‌م شوێنانه‌وه بڵاوم ده‌کردنه‌وه. بڵاوبوونه‌وه‌ی شيعرهکانم به ده‌نگی" ڕاديۆتۆنێک"ی کاک شوکروڵصا بابان هۆگری زۆری بۆ په‌يدا کردبووم, به تايبه‌ت شيعرێک که بۆ مه‌سه‌له‌ی دابه‌شکردنی زه‌وی به سه‌ر جووتياراندا گوتبووم.
بۆ پێشه‌وه جووت به‌نده
دنيا به تۆوه به‌نده!
دواتر, ورده ورده که‌وتمه بيری ئه‌وه‌ی شيعرهکانم گردۆکۆ بکه‌م و بيچمی کتێبێک‌دا بڵاويان بکه‌مه‌وه. کۆمه‌ڵێک له شيعره فارسيهکانم پێک هێناو ناوی "سرود په‌ره‌ستو"(ئاوازی پرهسێلکه) م لێ نا. کتێبه‌که, کۆمه‌له‌ی چل و يه‌ک پارچه شيعری فارسيه که له ساڵی 1963دا له تاران به ئه‌رک و زه‌حمه‌تی نه‌مر سه‌عيد سوڵتانپور بڵاوکرايه‌وه. کتێبه‌که, هاوکات غه‌زه‌ل و چوارينه و شيعری نوێی گرتبوه به‌ر. بڵاو بوونه‌وه‌ی کتێبه‌که له تاران و هه‌روه‌ها له کوردستان, منی گهيانده قۆناغێکی نوێتر. ته‌نيا له بۆکان 200 نوسخه‌ی لێ فروشرا و له شاره‌کانی کوردستانيش پێشوازی به‌رچاوی لێ کرا. ئه‌وه يه‌که‌م کۆمه‌ڵه شيعری نوێی شاعێرێکی کورد بوو, که له‌و سه‌رده‌مانه له ئێران بڵاوکرايه‌وه و هه‌ر ئه‌وه خۆی ڕووداوێک بوو, دوای "سرودی په‌ره‌ستو" ئيتر هيچ گۆڤارێکی فارسيی تاران نه‌ما ده‌رگای له سه‌رم داخرابێت و ئه‌وه‌ش کاری زياتری خۆم و پاراويی زياتری شيعرهکانمی ده‌ويست. وه‌ک, شاعێرێکی"ساحه‌ب ديوان" ئيتر چاوه‌ڕوانی کاری گرينگترم لێ ده‌کرا و منيش شه‌و و ڕۆژم نه‌ده‌ناسی. ده‌مخوێنده‌وه و ده‌منووسی.
له‌و ماوه‌يه‌دا په‌يوه‌ندێکی باشم له گه‌ڵ شاعيرانی نوێخواز و پێشکه‌وتنخوازی فارس په‌يدا کردبوو. يه‌که‌م په‌يوه‌نديم هه‌ر له ڕێگه‌ی شيعره‌وه به نامه نووسين له گه‌ڵ شاعيری لاو سه‌عيد سوڵتانپور به‌ست. سه‌عيد لاوێکی خوێنگه‌رم بوو و هه‌ر له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا که من ناسيم له زۆر بواری هونه‌ری وه‌کوو شيعر و شانۆگهريدا چالاکی ده‌نواند و تايبهتمهندييهکهی دژايه‌تيکردنی ڕژيمی شا بوو. ئه‌وه‌نده‌ی له بيرم بێ, له ساڵی 1968دا شيعرێکی فارسيم گوتبوو که ناوی "شه‌ب" بوو. شيعرهکهم له تاران بۆ خوێنده‌وه و ئه‌ويش ئه‌وه‌نده‌ی پێ باش بوو ده‌ستبه‌جێ ناردی بۆ گۆڤاری"خوشه" که شاعيری گه‌وره‌ی ئێران ئه‌حمه‌دی شاملو سه‌رنووسه‌ری بوو و له بواری شيعر و ئه‌ده‌بی فارسيدا قسه‌ی يه‌که‌می ده‌کرد. دوای پانزه ڕۆژ"شه‌ب" به تيتصێکێی گه‌وره له "خوشه"دا بڵاوبووه‌وه و بووه هۆی ئه‌وه‌ی دوو شاعيری ناسراوی ئێران حه‌ميد موسه‌دق و نوسره‌ت ره‌حمانی بابه‌تی له سه‌ر بنووسن و ئه‌وه بۆ شاعيرێکی ونی کوردی دانيشتووی بۆکان ڕووداوێک بوو. درهنگتريش ئه‌م پهيوهندييهم به تايبه‌ت له گه‌ڵ نوسره‌ت رهحمانيدا پاراست.
له مه‌ڕ ناسياويم له گه‌ڵ شاعيرانی نوێخوازی کورد ده‌بێ بڵێم من له‌و ساڵانه‌دا له بۆکان پيشه‌ی کتێبفرۆشيم هه‌بوو, پێشتريش ڕۆژنامه‌فرۆش بووم. خوێنده‌وار و ڕۆشنبيری شارم هه‌موو دهناسين. جگه له کتێب کڕين, دوکانه‌که‌م شوێنی هاتوچۆ و دانيشتن و باس و خواس بوو. قسه و باسه‌کان زياتر له ده‌وری شيعر و هونه‌ر ده‌گه‌ڕان و که‌متر ده‌چوونه باسی سياسه‌ته‌وه.
کاک سواره‌ی ئيلخانيزاده ئه‌وده‌م هه‌ر له بۆکان ده‌ژيا و دواتريش که چوو بۆ تاران, له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆکانيدا سه‌ردانی دوکانه‌که‌ی ده‌کردم و له گه‌ڵ کاک عومه‌ری برايدا گه‌لێک جار ده‌هاتن و باسی کتێب و هونه‌ر و شيعريان ده‌کرد. سواره قه‌ڵه‌مێکی به توانای هه‌بوو به تايبه‌ت که شيعری باش ده‌ناسی و"نه‌قد"ی شيعری شاعيرانی ده‌کرد. بۆ منی له شارۆچکه‌ی ئه‌وده‌می بۆکان قهتيسماو, په‌يوه‌ند له گه‌ڵ سواره ده‌ره‌تانێکی باش بوو, له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه گۆڕانکارييه‌کان و ڕووداوه هونه‌رييه‌کانی ئێرانم ده‌زانی.
کاک عه‌لی حهسهنيانی"هاوار"يشم ده‌ناسی. هه‌ر جارێ له مه‌هاباد و پاشان له مياندواوهوه بهاتايه بۆکان سه‌ردانی ده‌کردم. شه‌وان له گه‌ڵ يه‌ک داده‌نيشتين و شيعرمان بۆ يه‌کتر ده‌خوێنده‌وه. ئه‌و و سواره هه‌روه‌ها کاک فاتيحی شێخ الاسلامی بۆ ماوه‌يه‌ک له تاران ده‌ژيان و له جه‌نگه‌ی ڕووداوه سياسی و هونهرييهکاندا بوون. کاک فاتحيشم دوو جار بينيبوو و شيعرهکانيم له ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا خوێندبووه‌وه. شيعری"فه‌رشی ماڵه‌که‌م"ی فاتيحم تا ئه‌م دواييانه‌ش هه‌ر له به‌ر بوو. له گه‌ڵ کاک"جه‌لال مه‌لکشا"يشدا دره‌نگتر په‌يوه‌نديم به‌ست و ئه‌م په‌يوه‌ندييانه ئێستا که شاعير و هونه‌رمه‌ندانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گه‌لێک زياتر بوون, به‌ربڵاوتره.
به‌ڵام به‌داخه‌وه تێکه‌ڵاوی و ناسياويی ئه‌وتۆم له گه‌ڵ شاعيرانی کوردی باشووری کوردستان نه‌بوو, ئه‌وه‌ش جيا له‌و راستيه‌ی که هه‌ر له‌و ساڵانه‌ی سه‌ره‌تاوه"گۆران"م له رێگه‌ی شيعرهکانيهوه ناسی. دياره ئه‌وده‌م بۆ يه‌کێکی وه‌ک من گونجاو نه‌بوو کتێب و چاپه‌مه‌نی ئه‌وديو په‌يدا بکه‌م. بۆ ئه‌م کاره تۆ ده‌بوو له خۆبردوويی و تێکهڵاويت له گه‌ڵ سياسه‌ت و ته‌نانه‌ت حيزب و تاقمی سياسی هه‌بێت. من ئه‌و تێکهڵاوييهم نه‌بوو. دوای 1953 وه‌ک مرۆڤێک که هه‌ست به بهرپرسياريی کۆمه‌ڵايه‌تی ده‌کات مابوومه‌وه, به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ تێکه‌ڵاوی سياسه‌ت نه‌بووم. مه‌سه‌له‌ی تاوانی چالاکيه سياسييهکانی پێش کوديتام هێشتا چاره نه‌کرابوو و هه‌موو ساڵێک بانگ ده‌کرامه"دادگای نيزامی" له ورمێ و مه‌هاباد هه‌ر له ترسی ئه‌م شۆێنکهوتن و هه‌ڕه‌شانه‌ش خۆم کرد به سه‌رباز و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵێ زهختيانم له سه‌ر ڕه‌وێ.
جگه له گۆران, دره‌نگتر له گه‌ڵ شيعری شێرکۆ بێکه‌س و له‌تيف ههڵمهتيشدا ناسياويم په‌يدا کرد. به بێ سێ و دوو بڵێم تهئسيرێکی ئه‌وتۆم له هيچ کام له‌و شاعيرانه وه‌رنه‌گرتووه. هۆيه‌که‌شی ئاشکرايه. من, به تايبه‌ت له‌و ساڵانه‌دا, پهيوهندييهکهم له گه‌ڵ شيعری نوێی باشوور نه‌بوو- مه‌سه‌له‌ی شيعری عه‌رووزی کوردی جياوازه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ وا نييه, من شيعری شاعيرانی ئه‌وديو ده‌خوێنمه‌وه و ده‌توانم بڵێم ڕۆژانه ئاگام له گۆڕانکارييه ئهدهبيهکان هه‌يه, گه‌رچی ئێستاش واهه‌يه نه‌توانم له تهئسيری شاعيرانی باشوور له سه‌رخۆم بدوێم.
لام وايه پێويست بێت جارێکی تريش بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بارودۆخی سياسی-کۆمه‌ڵايه‌تی ئه‌وده‌می بۆکان و ئێران.
من په‌روه‌رده‌ی ساڵانی پێش کوديتای 28ی گه‌لاوێژی 1953 م و پێش کوديتا گه‌لێک له بواری سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تيدا چالاک بووم. به قه‌ده‌م و قه‌ڵه‌م پشتگيريی به‌ره‌ی پێشکهوتنخوازم کردووه, بڵاوکراوه‌کانی حيزب و رێکخراوه سياسيهکانم له بۆکان بڵاو کردۆته‌وه و په‌يوه‌نديی نزيکم له گه‌ڵ" جبهه‌ی ميللی" ئه‌و ساڵانه‌دا هه‌بووه. يارمه‌تيی ڕێبه‌رانی ئه‌و"جبهه"يهم دژ به ئاغاواتی بۆکان داوه و بۆ هه‌موو ته‌مه‌نم دژايهتيی ده‌ره‌به‌گ و ئاغام کردووه, ئه‌وه‌ش بۆ که‌سێکی خه‌ڵکی بۆکان ئاساييه. زوڵم و زۆری ئاغاوات له بۆکان به شێوه‌يه‌کی به‌رچاو جياواز بووه له شاره‌کانی ديکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. هه‌موو که‌سێک له بۆکان دژی ئاغاواته. بزووتنه‌وه‌ی وه‌رزێرانی ناوچه‌ی فهيزوڵابهگی له ڕۆژهه‌ڵاتی بۆکان و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاپهڕينه به ته‌وژمه‌ی خه‌ڵکی شار, که خوالێخۆشبوان حاجی قاسمی که‌ريمی و حهمهڕهءووفی خه‌يات و عهبدوڵصا ئێرانی و عه‌لی ميرهبهگ و سه‌يد ته‌های ته‌نه‌که‌ساز و برايمی ته‌ننازی و حوسه‌ينی تههايی و ئه‌حمه‌د عهده وحوسێنی فاتحی له پێشڕه‌وانی بوون, ته‌نگيان به فيوداڵهکانی ناوچه و ئاغاواتی بۆکان ههڵچنيبوو. ئه‌م ڕاپهرينانه پێش کوديتا 28ی گه‌لاوێژ ڕوويان دا. زۆربه‌ی زۆری ڕاپهڕيوهکانی شار, به‌رگدروو بوون. له‌نێو خهياتهکانی بۆکان‌دا سوننه‌تێکی به‌هێزی شۆڕشگێڕی هه‌يه, که ده‌بێ لێی بکۆصينهوه. باوکی منيش خه‌يات بوو, به هه‌مان هه‌ستی به‌هێزی دژايهتيی ده‌ربه‌گ و ئاغاواته‌وه, به‌ڵام هێدی و هێمن و کۆنسرفاتيڤ بوو.
من وانه‌بووم, گه‌لێک توندوتيز بووم, شه‌ڕم به ئاغاکان ده‌فرۆشت و به زۆره‌ملی ڕۆژنامه‌ی شۆڕشگێڕانه‌م به‌سه‌ردا ده‌بڕين. ئه‌وکات نهياندهوێرا هيچ بکه‌ن, به‌ڵام کاتێ حکوومه‌تی ميللی "موسهديق" ڕووخا و شا گه‌ڕايه‌وه بۆ ئێران, ئيتر ئاغاکان بوونه دارده‌ستی پۆليس و جه‌ندرمه و وه‌ربوونه گيان و ماڵی خه‌ڵک. خهياتهکان يان هه‌ڵاتن يان گيران و کوژران يان که‌وتنه زيندانه‌وه. من هه‌تا وه‌خۆم بێمه‌وه, گيرابووم و نێررابوومه زيندانی مه‌هاباد.
شيعری سه‌رده‌می دوای کوديتان يان شيعری"ته‌سليم" و پێداهه‌ڵگوتن بو يان شيعری به‌ربه‌ره‌کانی و خه‌بات. شاعيرانی به‌رپرس, هه‌موويان, له زومڕه‌ی خه‌باتکاران بوون. زمانی شيعريی ئه‌مان زمانێکی ڕاشکاو و ڕوون نه‌بوو. حکوومه‌تی نيزامی ته‌يموور به‌ختيار و پاشان ساواک ئيجازه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چه‌شنه شيعرانهيان نه‌ده‌دا و خاوه‌نه‌کانيان به قه‌ولی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خسته کونهڕهشهوه, واته زيندان. هه‌ر له به‌ر ئه‌م هۆيه ئاشکرايهش, زمانی شيعر بووبووه زمانێکی"کينايی" و دهبووايه به ئيشاره و ئاماژه‌ی ناڕاسته‌وخۆ نيازی خۆت ڕابگهياندايه. دره‌نگتر له حه‌فتاکاندا هه‌ندێک وشه و عيبارهتيش ياساخ کرابوون و نه‌ده‌کرا ناوی"شه‌و" بێنی, دهيانگوت مهنزورت له"شه‌و" ڕژيمی شايه, يان نه‌ده‌کرا په‌سه‌ندی به‌يان و تريفه‌ی خۆر بکه‌ی, دهيانگوت به شۆڕش و ڕاپه‌ڕينی گه‌لدا هه‌ڵده‌ڵێی. شاعيرانی وه‌ک سواره و فاتيح شێخ الاسلامی"چاوه" به‌و زمانه"کينايی"يه قسه‌يان ده‌کرد و شيعرهکانيان هه‌ندێ جار ده‌رفه‌تيان په‌يدا ده‌کرد له چنگاڵی سانسۆر ده‌ربچن و بگه‌نه خوێنه‌ر. نموونه‌ش شيعری"کچی به‌يان"ی سواره و "فه‌رشی ماڵه‌که‌م"ی فاتيحه.
شيعری من ڕاشکاو و بێ پێچ و په‌نا و ساکار بوو و نه‌يده‌توانی ئه‌و سنوورانه ببه‌زێنێ و خۆبشارێته‌وه. هه‌ربۆيه‌ش بۆ ماوه‌يه‌ک بێده‌نگ مامه‌وه و هيچم بڵاونه‌کرده‌وه, يان ئه‌گه‌ر شيعرێکم بڵاو ده‌کرده‌وه, شيعری غه‌رامی بوو. ئه‌و دوورکهوتنهوهيهم, دياره زيانی لێدام و نه‌متوانی له گه‌ڵ ڕه‌وتی شيعردا بڕۆم, به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتێکی تر نه‌بوو. من ئه‌و که‌سه بووم و بارودۆخيش ئه‌و بارودۆخه, ئاکاميش نه‌يده‌توانی شتێکی جياواز له‌وه بێت, که بوو.
لێره‌دا پێويسته له هه‌وێنی سه‌ره‌کی شيعری خۆم بدوێم.
ئه‌وين منی په‌روه‌رده کردووه, ئه‌وين بۆ هه‌موو ماوه‌ی ژيانم له گه‌نجييه‌وه تا ئێستا سێبه‌ری به‌رزی له سه‌ر سه‌رم بووه و بۆته گه‌وهه‌ری زاتم, جيابوونهوه له زات و گه‌وهه‌ر ئه‌سته‌م و نائاساييه. ژن له شيعرهکانمدا هه‌ميشه قسه‌ی يه‌که‌می کردووه و لام وايه به هه‌مان شێوه ده‌مێنم تا ده‌مرم. بهرپرسيارێتيی کۆمه‌ڵايه‌تی به دوای ئهويندا دێت. شيعری من وه‌ک ژيانم ئاوێته‌ی ئه‌و دوو دياردهيهيه. نامه‌وێ بکه‌ومه شوێن مۆده‌ی ڕۆژ وخۆم به شتێک هه‌ڵکێشم که نيمه يان نه‌مبووه. من خۆم به ئه‌وين هه‌ڵده‌کێشم و بۆ هه‌موو پاشماوه‌ی ژيانم شانازيی پێوه ده‌که‌م.
به گشتی له شاعيران ده‌پرسرێ که چۆن شيعر ده‌خوڵقێنن. من شيعر ناخوڵقێنم, شيعر من ده‌خوڵقێنێ. وا هه‌يه له بيری شيعريشدا نيم و کارم به سه‌ريه‌وه نه‌داوه, به‌ڵام ئه‌و خۆی بهرهوپيرم دێ و ئاوقام ده‌بێ. ئه‌و حاڵه‌ته, ئه‌و جه‌زم بوون و جهزبهيه له ماڵ و نێو دوکان, له شه‌قام و کۆصان, له ده‌شت و چيا و له شينگێڕی و زه‌ماوه‌نددا, وا هه‌يه دهستهملانم بێ. له‌پڕ, هه‌ستێک له دصمدا هه‌ڵده‌قوڵێ و زۆر زوو ده‌بێته شيعر, به‌ڵام ده‌بێ فريای که‌وم و تۆماری بکه‌م. جاری وا هه‌يه هه‌ر به‌وه‌نده ته‌واو ده‌بێ و دهينووسمهوه, ئه‌وجا پاڵی لێ ده‌ده‌مه‌وه. جاری واش هه‌يه هه‌ست به ناتهواويی شيعرهکه ده‌که‌م و به ده‌وريدا دێم.
که ده‌ڵێم شيعر من ده‌خوڵقێنێ, ڕاسته. من له هه‌موو شتێکدا هه‌ست به بوونی شيعر ده‌که‌م. ژن, سروشت, جوانی, هه‌روه‌ها ناته‌واوی و نابهرانبهريی کۆمه‌ڵايه‌تی, زوڵم وزۆر, سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی, هه‌ژاری و برسێتيی خه‌ڵک. هه‌رکام له‌و ديارده سروشتی و کۆمهڵايهتييانه تژی شيعرن, ئه‌وه تۆی ده‌بێ وه‌ک شاعير بتوانی شيعرهکه له پروپێست و له به‌رگ و جل ده‌ربێنێ. ئه‌و مناڵه‌ی تازه پێ هه‌ڵده‌گرێ, شيعری تێدايه. تۆ ده‌بێ ئه‌و شيلهيه بمژی و وه‌ک هه‌نگوينی شيعر بيدهيه خه‌ڵک. به‌ڵام خوڵقاندنهکه له ويست و ئيختياری تۆدا نييه. به گشتی, هه‌موو ديارده‌يه‌ک, سروشتی و کۆمه‌ڵايه‌تی, شيعری خۆی له ناخيدايه. شاعير ده‌بێ ئه‌و ناخه ههڵبکۆصێ و ئه‌و په‌رده و ڕوواڵهتهی له سه‌ر هه‌ڵماڵێ, ئه‌وجا شيعر ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌وه‌ی که چ نيازێک به‌ره‌و شيعرگوتنم ده‌بات له ده‌ست مندا نييه و ئه‌وه هه‌ستی منه ده‌بێ ئه‌و نيازهی هه‌بێ, به‌ڵام ههستيش به‌شێک له منه و به‌م ته‌عبيره, هه‌ر منم که له ژێر تهئسيراتی ده‌ره‌وه‌ييدا شيعر ده‌خوڵقێنم. کاتێ جوانی به‌رچاو ده‌که‌م, ته‌نانه‌ت کاتێ ڕژدی و ناحهزيی پێشی ديتنی جوانيم لێ ده‌گرن, کاتێ ڕووداوێکی دصتهزێنی کۆمه‌ڵايه‌تی روو ده‌دات نيازێکی ڕۆحی بۆ شيعرگوتن هه‌ست پێ دهکهمو ته‌نيايی و بێ هاودهميش ئه‌و هه‌سته‌م تێدا ده‌خوڵقێنن.
ئێستا ئيتر بارودۆخی شيعری نوێ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆته ديارده‌يه‌کی سه‌قامگير و گه‌لێک خۆشحاڵم که پرۆسه‌که‌ی له گه‌ڕانه‌وه نايه‌ت.ئه‌نجومه‌نه ئهدهبيهکان بڕهويان زۆره, ته‌نانه‌ت له گوندهکانيش ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بی پێک هاتوون. ئێواره شيعری زۆر به‌ڕێوه ده‌چێ, به بۆنه‌ی ساڵمه‌رگی شاعيره کۆچکردووهکانهوه, ئه‌نجومه‌ن و کۆبوونه‌وه‌ی زۆر ده‌گيرێ و شيعريان تێدا ده‌خوێندرێته‌وه. گه‌لێک شاعيری به‌توانامان هه‌ن, هه‌ندێکيان به ئه‌زموون و لێزان, هه‌ندێکش گه‌نج و خاوه‌نی داهاتووی باش. قاسم موئهيدزاده, ساڵح سوزه‌نی, کامبيز که‌ريمی, فه‌ريدون ميرئهحمهدی, سيمين چايچی, کلسووم عوسمانپور, به‌يان عهليرهزايی, فاتمه فه‌رهادی, ره‌حيم لوقمانی, محه‌مه‌د فاتح محه‌مه‌دی و زۆرێکی تر. له ورمێ و سنه وکرماشان و ئيلام و تاران هه‌ندێ جاريش له سه‌قز و مه‌ريوان و شوێنی تر گۆڤار و ڕۆژنامه وبڵاوکراوه ده‌رده‌چن, که ده‌ورێکی زۆريان له په‌روه‌رده‌ی شاعيره لاوه‌کاندا هه‌يه. به‌گشتی شاعيری کچ و کورد شان به‌شان به‌ره‌و پێش ده‌ڕۆن.
له بۆکانيش بارودۆخ گه‌لێک باشه. شاعيره لاوه‌کان جێگه‌ی هيوای زۆرن, ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بيی شار, گه‌لێک چالاکه. شاعيره‌کان بێ ئيدديعان و کار باش ده‌که‌ن. ئه‌مين گه‌رديگلانی, سۆما عوسمانپور, عه‌بدولخالق پهرهيزی, يۆنس ڕهزايی, موحه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی ساماڵ, خاليد عينايهتی, ڕه‌سووڵ سۆفی سوڵتانی, ئه‌مير ئه‌فسوون و گه‌لێکی تر له بواری شيعردا چالاکن.
هاوينی ساڵی 2003
هاواری بێده‌نگ
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
بۆ کاکم عومه‌ر سوڵتانی(وه‌فا)
هه‌واری چۆڵ،
هاواری بێده‌نگ،
تۆفانی نووستوو،
هه‌ڵه‌مووتی کڕ،
شێری نێولان،
شیری زیندانی کالان
****
هۆ کاکه‌گیان!
ناتناسمه‌وه
تۆ کێی؟
له کوێی؟
له بیبیله‌ی چاومدای و نامبینی
له په‌رده‌ی گوێمدای و نامدوێنی
له ناخی دڵی تاسهبارمدای و
هه‌رواش ده‌مێنی.
***
هۆ کاکه‌گیان!
ژیان بۆ زۆرێکمان تاڵه
بۆ هه‌ندێک ده‌وری به‌تاڵه
زۆرێک هه‌ن بڵقی سه‌رئاون
هه‌ندێک هه‌ر قاڵب و ناون
هه‌ندێکیش تیشکی هه‌تاون
هۆ تیشکی هه‌تاو!
بڕژێوه ناو چاوی شهوارهکهوتووم!
مارچی 2005
شۆڕشی بێده‌نگ
داگيرساندنی مۆمێک له تاريکی شه‌وه‌زه‌نگدا, گه‌لێک بوێرانه‌تره له رۆشن کردنی پرۆژۆکتۆرێک له رۆژێکی رووناکدا. گوتنی دێڕه شيعرێک له کاتی ياساخ بوونی شيعردا, گه‌لێک به‌نرختره له بڵاوکردنه‌وه‌ی ديوانه شيعری کاتی ئازادی, ده‌نگ ههڵبڕين له کاتی وستکوتی و بێده‌نگي دا گه‌لێگ جوامێرانه‌تره له قيژهو هه‌رای کاتی سه‌ربه‌ستي, راست بێژی له وڵاتی درۆ دا گه‌لێک زهردهشتانهتره له ئاڵاههڵگرتنی راستی له وڵاتی راستيدا.
له مێژووی مرۆڤايه‌تيدا گه‌لێک ئينسانی وامان هه‌يه, که ئه‌گه‌ر مليان به په‌تی سێداره‌وه نه‌کرابێ و تيغی گيوتين نهيپهڕاندبێت و گه‌يشتبنه لێواری ئازادی, له ناو قيژهو هه‌رادا, بێ ده‌نگ بوون و له ناو رۆشنايی رۆژدا, له به‌رچاون ون بوون. ئه‌مه هه‌ر ئێستاش چاره‌نووسی هه‌زاران هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعير و سياسه‌تمه‌دار و و ڕاست بێژانی ئه‌م جيهانهيه. ته‌نيا مه‌رگ ئه‌وان وه بير خه‌ڵک ده‌خاته‌وه, ئه‌ويش بۆ ماوه‌يه‌کی کورت. ئه‌گه‌ر له وڵاتانی"پێشکه‌وتووی ده‌روون بڕياگی مرۆڤ به کالاکهر" دام و ده‌زگا و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک, ئاوڕ له‌م ڕاستيانه بده‌نه‌وه, ئه‌وه له وڵاتی ئێمه هه‌موو شت به مه‌زنده‌ی رۆژه و به پێوانه‌ی بابای کاربه‌ده‌ست و ده‌سته‌ڵاتداره. ئه‌وانن که "شاعير!" و "نووسه‌ر!" و"هونه‌رمه‌ند!" و "سياسه‌تمه‌دار" بۆ خه‌ڵک دروست ده‌که‌ن, هه‌ر ئهوانيشن که شاعير و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و سياسه‌تمه‌دار و خه‌ڵک بێده‌نگ ده‌که‌ن. خێڵی بير وهزر و جوانی هونهريش, خۆيان به‌و وه‌زعه فێر ده‌که‌ن.
گه‌لێک جار له سه‌کۆی ماڵپه‌ڕه‌که‌وه له ده‌رگای بێده‌نگانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد و ده‌نگ ههڵبڕهکانی سه‌رده‌مانی پێشوومان داوه,به‌ڵام ئێمه‌ش درانگ وه‌ده‌نگ هاتووين.
ناوی „عومه‌ر سوڵتانی“ و نازناوی شيعری „وه‌فا“يه, ساڵی 1941(1320), له يه‌کێک له کۆنترين گه‌ره‌که‌کانی شاری بۆکان له دايک ده‌بێت. له به‌نديخانه شيعر له ئامێز ده‌گرێ و پاشان کۆت و به‌ندی شيعری کۆنی فارسی ده‌پچڕێنێ.
"وه‌فا" له رۆژگارانی کپ و کڕی سه‌رده‌می پاشايه‌تيدا, شيعری ده‌گاته راديۆی ده‌لی له هيندوستان و پله‌ی يه‌که‌م له کێ به‌رکێی شيعری فارسی زماندا, دێنێته‌وه و لێی ده‌گێڕنه‌وه بچێت بۆ وڵاتی هيندوستان. به‌ڵام بۆی نالوێ و له تاران له بالوێزخانه‌ی هيندوستان له ڕێ و ره‌سمێکی ڕه‌سمی و ئيداری دهوڵهتيدا جگه له خه‌ڵاتی تايبه‌تی, 5 کتێب به ئيمزای جواهير له‌عل نيهرۆ وه‌رده‌گرێت.
له ده‌وره‌ی سه‌ربازيدا له شاری مه‌هاباد به‌رپرسی راديۆی کوردی سه‌ربازخانه ده‌بێ. پاشان يه‌که‌م کتێبی به ناوی"سرودی پهرستو" بڵاو ده‌کاته‌وه. "وه‌فا"ی جوانی په‌ره‌ست, ساڵی 1981 شاره جوانه‌که‌ی بۆکان, به‌جێ ده‌هێڵێ و 15 ساڵ به خه‌ياڵی گه‌ڕانه‌وه بۆ شاره‌که‌ی, له تاران ده‌ژی. له ساڵی 1996ه‌وه له باوه‌شی" بۆکان" دايه و ئێستا له گه‌ڵ نه‌خۆشی ده‌سته ويهخهيه.
کاتێک منداڵ بووم ئه‌م شيعرانهم له زاری خه‌ڵکه‌وه به تايبه‌ت له خه‌ڵکی گونده‌کانه‌وه که ده‌هاتنه شاری ده‌بيست:
بۆ پێشه‌وه جووت به‌نده
دنيا به تۆوه به‌نده
***
ده‌ستم بۆ بێنی ده‌ستت ده‌شکێنم
بۆ ده‌نکه جۆيهک چاوت ده‌ردێنم
****
ديهقانی ئازاد ريش په‌ڵه په‌ڵه
ئه‌سپێی پشت مليان ده‌لێی کيسهڵه
ده‌بێ ئه‌م سێ کۆپله شيعره, هی سێ شاعيری جياوازی بۆکانی بن, کۆپله‌ی يه‌که‌م شيعری وه‌فايه و دووهه‌م ڕه‌نگه شيعری ح.س.سۆران بێ و کۆپله‌ی سێهه‌م نازانم هی کێيه. شيعری يه‌که‌م و دووهه‌م به لايه‌نگری له مافی وه‌رزێران نووسراون که تايبه‌تمه‌ندی بۆکان و ناوچه‌که‌ش ده‌رده‌خه‌ن.
ئه‌مه بۆ من سه‌ره‌تای حه‌زێک بوو, حه‌زی گه‌وره بوون و تێکه‌ڵ بوون له گه‌ڵ شاعيرانی ئه‌م شيعرانه. هه‌موو جارێک ده‌چوومه به‌ر دووکانه‌که‌ی و به بيانووی ته‌ماشاکردنی تهلهوزيۆن و يهخچاڵ و ڕاديۆ, سه‌يرم ده‌کرد بزانم کام شاعير و کام نووسه‌ری لێ ميوانه. دۆسته‌کانم دهيانگوت براکه‌ی سياسيه و له زيندان بووه و به‌ر دراوه و ئێستا له دووکانی براکهيهتی, ده‌ی هه‌ڵێ بۆ به‌ر دووکانی وه‌فا. دووکان قه‌ره‌باڵغه و يه‌ک دێ و يه‌ک ده‌ڕوا. ته‌نيا شتێک که به من بڕا,ده‌يان سڵاو بوو که له ماموستاکانی مه‌دره‌سه‌م ده‌کرد, که ده‌هاتن و ده‌چوونه ناو دووکانه‌که.
وای لێهات ئێمه‌ش گه‌وره بووين و کاتی خۆڕاوهشاندمان گهيشت, کاری شانۆ, چيابڕين و ئه‌شکه‌وت پشکنينن و وه‌رزش و هه‌ستان و دانيشتن له گه‌ڵ سياسيه‌کانی شار, بوو به کار و زکری رۆژانه‌مان.
ساڵ ساڵی 1978ه و جوڵانه‌وه‌ی شاره‌کان ده‌ستی پێکردووه. خۆپيشاندانی گه‌ڕه‌کی قولله‌ی بۆکان و خۆپيشاندانی خوێندکارانی خوێندنگه‌کان دژی شاره‌بانی(پۆليس) بۆ پشتگيری له يه‌کێک له ماموستا سه‌ربه‌رزه‌کانی بۆکان, به‌رپاکردنی پيشانگای کتێب و شانۆ و کۆڕ وکۆمه‌ڵی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی. له‌م به‌ينه‌دا هه‌فته‌ی جارێک ديوارهکانی شه‌قام و کۆڵانه‌کانی شاری بۆکان, به بڵاوکراوه‌کانی هێزه چه‌په‌کانی ئێران دهرازايهوه. به ده‌گمه‌ن که‌سێک ده‌يزانی ئه‌م بڵاوکراوانه چۆن ده‌گه‌نه بۆکان, چۆن لێيان زياد ده‌کرێ و چۆن ده‌چنه سه‌ر ديوار؟!
دوو که‌س ئاگاداری ئه‌م نهێنيه بوون. عومه‌ری سوڵتانی وه‌فا و برايم فه‌رشی. برايم فه‌رشی هه‌فته‌ی جارێک, ئێواره‌ی هه‌ر پێنج شهممهيهک له تارانه‌وه دهگهيشتهوه بۆکان و يه‌ک ڕاست ده‌چووه سه‌رتاشخانه‌که‌ی به‌رانبه‌ر, دووکانه‌که‌ی وه‌فا. خاوه‌نی سه‌رتاش خانه‌که ئازه‌ری بوو, پياوێکی جێگای ڕێز به‌ڵام بێسه‌واد. به گه‌يشتنی مشته‌ری ده‌رگای دووکانی داده‌خست و ده‌زگای کۆپی هه‌ڵده‌کرد. کۆپی کردنی بڵاوکراوه ده‌ستی پێده‌کرد و کۆتايی پێده‌هات. ئه‌وجا پاش جياکردنه‌وه و ده‌سته‌به‌ندی کردن, به سه‌ر ماڵه دياريکراوهکاندا بڵاو دهکرايهوه و رۆژی دووايه, يان ده‌ستا وده‌ست ده‌گه‌ڕا و يان به سه‌ر ديوارهکانهوه دهبيندرا. خاوه‌نی ئه‌م ده‌زگا کۆپيه عومه‌ری سوڵتانی وه‌فا بوو. بۆ ئه‌وه‌ش کاکی سه‌رتاش دوو دڵ نه‌بێ و شک نه‌کات, بۆ هه‌ر لاپه‌ره کۆپی کردنێک, 2 قرانی شاهه‌نشاهی وه‌رده‌گرت.
بڵاوکردنه‌وه‌ی, بڵاوکراوه نهێنييهکان پاشان په‌ره‌ی ساند و که‌سان و گروپی دی ئه‌م کاره‌يان ده‌کرد, به تايبه‌ت له‌م ده‌وره‌دا لايه‌نگرانی کۆمه‌ڵه به زمانی کوردی, به بێ ئيمزا, بڵاوکراوهکانيان بڵاوده‌کرده‌وه. هه‌ر له‌و سه‌رو به‌نده‌دا به دژايه‌تی ئه‌م و ئه‌و ناوی خه‌ڵکانێک بڵاودهکرايهوه, که گوايه خاوه‌نی ئه‌و ناوانه ساواکين. کاک عومه‌ر که سۆزی له من وه‌رگرتبوو, نهێنی چاپی بڵاوکراوه کان به ده‌زگا کۆپييهکهی ئه‌و, لای که‌س نه‌درکێنم, بهڵێنهکهشم تا ئێستا بردۆته سه‌ر, پێ وابووه بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌شنه نووسراوانه‌ش هه‌رکاری منه, که له راستيدا من هيچ ئاگام لێی نه‌بوو.
به داخه‌وه هه‌م ئه‌و شۆرشه‌ی که ئه‌و ساڵی 1953 به‌شداری تێداکرد شکستی هێنا, هه‌م ئه‌و شۆڕشه‌ی که ئێمه له ساڵی 1979 به‌شداريمان تێداکرد. به‌ڵام شۆڕشی دووهه‌م که ئه‌و يه‌کێک له رابه‌رانی بوو, واته شۆڕشی نوێکردنه‌وه‌ی شيعری کوردی و فارسی سه‌رکه‌وت, به‌وه‌ش "وه‌فا" ده‌بێ پڕ به‌دڵ شانازی به خۆی بکات.
10/06/2004
برايم فه‌رشی (بارام)
قژی شيعر
هيچ شه‌وێکم پێ شک نايه
خه‌ونم پێوه نهديبێتی
هيچ ڕۆژێکم نايه‌ته بير
به‌ژن و باڵای ڕێک وپێکت
چاوی دڵمی قهتيسی خۆی نه‌کردبێ
هيچ کاتێکم له ياد نيه
تاڵی ده‌نگت له تان و پۆم نهئاڵابێ و
گه‌ڵای گۆنات
لق وپۆپی داری حه‌زمی دانه‌گرتبێ
باوه‌ڕت بێ
شنه‌ی بسکت
چۆپی و چهپيم بۆ ساز ده‌کا
ژوانی ههنيهت ده‌مبزوێنێ
زنه‌ی لێوت سه‌وزم ده‌کا
له‌ره‌ی سنگت
بێشکه‌ی عه‌شقم ڕاوه ژه‌نێ
شانه‌ی ده‌ستت
قژی شێعرم بۆ دادێنێ
چاوت له چاوم گرێ ده‌ی
گرێ ی دڵم ده‌کرێته‌وه
مهرحهباييت
په‌ڵه‌ی زامم سارێژدهکا
به‌يه‌ک بزه‌ت
هه‌تاوم لێ ميوان ده‌بێ
لێم بتۆرێ ی که‌سه‌ر ده‌بم
دڵی کهيلم داده‌چڵه‌کێ
به‌جێم بێڵی شيعرم ده‌مرێ
له شاره‌که‌م ته‌ريک ده‌بم
**
ئه‌ی ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ويستيم!
تۆ, هه‌م هه‌وه‌ڵ هه‌م ئاکامی
تۆ, ئاهورا و ئهوێستامی
به پرچی خۆت بمهونهوه!
عومه‌ر سوڵتانی "وه‌فا"
چه‌ند کۆپله شيعر
1
ئه‌تۆ چاوی دڵ و عه‌تری سڵاوی
ئه‌تۆ بارانی عه‌شق و بۆنی ژوانی
ئه‌تۆ شاری بزه و هێزی هه‌ناوی
شه‌ڕابی, شه‌ونمی, هێشوی هه‌تاوی
ئه‌من تابوتی سنگ وگۆڕی چاوم
ئه‌من مه‌رگی بزه و ئهسرينی ده‌ردم
ئه‌من به‌ژنی شه‌و و داوی پساوم
هه‌ناسه‌م, دوکه‌ڵم, شوشه‌ی شکاوم
2
ئه‌تۆ شابسکی عه‌شق و پێکه‌نينی
ئه‌تۆ باغی هه‌زار ئاوازی هيوای
ئه‌تۆ چه‌پکه‌ی بزه و ئاهه‌نگی ژينی
گزنگی شه‌ونم و لوتکه‌ی ئه‌وينی
ئه‌من گۆڕی خه‌م و هاڵاوی شينم
ئه‌من جۆگه‌ی هه‌نيسک و چۆمی تاسه‌م
ئه‌من هه‌وری ته‌م و کڵپه‌ی برينم
په‌ژاره‌م, مهينهتم, ته‌رمی ئهوينم
3
ئه‌تۆ پهرژينی باغ و ده‌شتی تاسه‌ی
ئه‌تۆ خه‌رمانی هه‌ور و مۆمی يادی
ئه‌تۆ بۆ من بزه و عه‌تری هه‌ناسه‌ی
گوڵی به‌زمی دڵی, کهوباڕی خاسه‌ی
ئه‌من خه‌نده‌ی شه‌و و گۆڕی خه‌ياڵم
ئه‌من هه‌ڵدێری ژان و شهونخونيم
ئه‌من ڕۆباری لێڵ وخهوفی کاڵم
خه‌مم, ده‌رده‌م, په‌ژاره‌ی دوره ساڵم
4
بهرام و بۆنی ژوانت لێ ده‌بارێ
له کوڵمه‌ت عاره‌قی گوڵ دێته خوارێ
به ڕوبانت بڵێ:"با" ده‌س بزيوه
بچێ ئه‌و بسکه زه‌ردانه‌ی وه‌شارێ
5
خه‌تاکاری, دڵ ئازاری, له‌باری
هه‌ناری, مه‌زه‌داری, چاوخوماری
به مه‌مکانت بڵێ: په‌نجێره داخه‌ن
که فێری به‌ی ڕنينن, خه‌ڵکی شاری
6
به روبانت بڵێ: پرچی وه لادا
خه‌م و ده‌رد و په‌ژاره‌ی من به بادا
به ئامێزت که ڕوباری ئه‌وينه
بڵێ ڕه‌حمی هه‌بێ ئهمنيش په‌نا دا
7
خه‌ياڵم ڕاده‌ژێنن, چاوی مه‌ستت
ده‌بزوێنن وشه‌ی دڵ, هه‌ستی خه‌ستت
شه‌وانه کاتێ نامه‌ت بۆ ده‌نووسم
له په‌نجه‌ی با ده‌ئاڵێ بۆنی ده‌ستت
8
له‌ره‌ی سنگت, گوڵم, چه‌ند دڵ ڕفێنه
گوڵی کوڵمه‌ت, که‌سم, چه‌ند دڵ ته‌زێنه
کچێنه‌ی شه‌و که ده‌درێ چه‌نده جوانه
ئه‌وه‌نده‌ش چاوی تۆ, عيللهت په‌ڕێنه
9
خودا, ئه‌و گه‌ردنه کێله چ جوانه!
چ توند وتۆڵن ئه‌و جوته, مهمانه
چ خۆشه توانه‌وه, له‌و باوه‌شه‌ی دا
که ئاسۆگی دڵ و باغی ژيانه
عومه‌ر سوڵتانی وه‌فا
پينج چوارينه
چ خۆشه تيشکی کوڵمه‌ت تاوی من بێ
چ خۆشه بانگه‌وازت, ناوی من بێ
چ خۆشه ماچێ له‌و دوو لێوه ئاڵه‌ت
له کاتی تونيهتيدا, ئاوی من بێ
خه‌ياڵم رادهژێنن چاوی کاڵت
گڕو تينم وه‌به‌ر دێنێ جه‌ماڵت
به تاوانی به ناحه‌ق کووژراوم
له قهبريش دا وه‌دی دێنم خه‌ياڵت
به بۆنه‌ی تۆ وه‌يه هاتوومه ئێره
ده‌نا چاوم له مێژه لێره تێره
وه‌ره ئه‌ی شاسواری شاری جوانی
به‌تاقه ماچێ ميوانم که, خێره
دڵم وه‌ک روومه‌تی سوورت بهتينه
له‌شم وه‌ک تيری چاوت ئاگرينه
ئه‌گه‌رچی من وه‌کوو بوت ده‌تپه‌رستم
که‌چی ئه‌و چاوه بازهت, لێم بهقينه
وه‌کوو کۆتر, که‌سم, که‌وتوومه داوت
له عه‌رزی دام شنه‌ی بای بسکی خاوت
وه‌ره لێوم بهلێوت بمژه تاوێ
که سه‌رخۆش بم له باده‌ی جامی چاوت
بۆکان – عومه‌ر سوڵتانی"وه‌فا
سێ کۆپله شيعر
نه‌هاتی, بۆ گوتت دێم و نه‌هاتی؟
نه‌هاتی, بۆيه گرتومی نه‌هاتی
بهاتبايهی گوڵم, هاتت ده‌هێنا
چ خۆشه هات, به نه‌حله‌ت بێ نه‌هاتی
به خرپه‌ی پێ يهوه, خشپه‌ی گه‌ڵا هات
که لێم دورکه‌وته‌وه, هه‌ور وهه‌ڵا هات
به‌دوی که‌وتم بڵێم, ئيفتاره, بۆ کوێ؟
که‌چی نهمگرتهوه, ده‌نگی سه‌ڵا هات
گوتم پردێکی ههڵبهستين و به‌ستم
گوتی مهمکۆڵهکانم بمژه, گه‌ستم
له لێوی ناسکی ماچێکی دامێ
که يهکساڵه له به‌ر ئه‌و ماچه مه‌ستم
عومه‌ر سوڵتانی وه‌فا
دزی
چيايهکی به‌رز بوايهی
سوژدهيهکم بۆ ده‌بردی و
له دوره‌وه ده‌هاتمه لات
خۆم ده‌کرده لاو لاوێک و
هێور هێور
تا ئه‌و په‌ڕی لوتکه‌ی حه‌زت
به باڵات دا هه‌ڵده‌گه‌ڕام
***
ڕۆبارێکی به‌رين بوايهی
دوای ماچێکی ئاهورايی
له قهراغت دادهنيشتم
ماسيهکانی نێو بهرۆکتم
يه‌که يه‌که به قولاپی لێوم ده‌گرت
***
بێستانێکی نه‌خشين بوايهی
له سوچێکی پهرژينهکهت درگايهکم ده‌کرده‌وه
ده‌نکێ شه‌مامه‌م لێ ده‌دزی و
هه‌مو ڕۆژێ ده‌يان که‌ڕه‌ت
به يادی تۆ
بۆنم ده‌کرد
***
گوندێک بوايهی پڕ له خۆشه‌ويستی و
شهنگهژنی قژ خهنهيی
ماڵێکم لێ دروست ده‌کرد
ديوار هه‌مو له ئاوێنه
وێنهيهکتم هه‌ڵده‌واسی
به پشتێنێکی پهشمينه و کراسێکی مهخمهرهوه
هه‌مو شه‌وێ تا ئه‌ستێره ئاوا ده‌بو
له گه‌ڵ پلکه‌ی کهزيهکانت
ڕه‌ش بهڵهکم لێ ده‌گێڕا
به‌ڵام ئێستا هيچيان نی و
شاکچێکی ئه‌فسانه‌يی و خاتونێکی ئێسک سوکی
ئيزنم بده, شه‌وێک هه‌تا زه‌رده‌ی شه‌به‌ق
خۆشه‌ويستيت بخوێنمه‌وه و
بێ وه‌ی چاوم بچێته خه‌و
له ئامێزی پر له‌وشه‌ی تهنياييت دا
بێشکه‌ی ئهوينم ڕاژه‌نم
عومه‌ر سوڵتانی وه‌فا
کيژی بۆکانی
ئه‌ی کيژی شۆخ و شه‌نگی بۆکانی!
ئه‌ی خوڵقێنه‌ری شيعر وگۆرانی!
ئه‌ی باڵا به‌رزی تورت و نه‌رم ونۆڵ
ئه‌ی ڕێک و پێکی گورج و توند و تۆڵ
ئه‌ی خاسه‌که‌وی جوان ونازهنين
ئه‌ی خان ومانی ده‌م به پێ که‌نين
تۆ خودا پێم بڵێ بۆ هێنده جوانی؟
بۆ هێنده جوان و له‌به‌ر دڵانی
چ دايکێ مه‌مکی له‌زارت ناوه
کام مه‌لا بانگی به گوێت داداوه
چ ماموستايهک ئاوا دایڕشتوی
چ شێخێک دۆعای به‌سه‌ردا خوێندوی
***
به خودای ئه‌ی کيژی جوانی بۆکانی
تا چاو حه‌ز ده‌کا شيرين و جوانی
تا دڵ ده‌خوازێ ژيرو بێ وينه‌ی
پاکی وڕوناکی, وێنه‌ی ئاوێنه‌ی
کراسی گوڵ دار چه‌ن دڵ گره لێت
تاس کڵاوی زێڕ, چه‌ن له سه‌رت دێت!
چه‌نده‌ت لێ جوانه کيژی کوڵنه‌ده‌ر,
پشتێنی هه‌وری و کڵونجهی مه‌خمه‌ر
به‌ڵێ ئه‌ی کيژی جوان و دڵ ڕفێن
ئه‌ی هه‌وری لاری ژيکهڵه و خاوێن
تاڵێ له بسکت وڵاتێک دێنێ
چاوت له شارێک خه‌راج ده‌ستێنێ
سه‌رکوڵمه‌ی گه‌شت هه‌وێنی ژينه
خاکی سه‌رکوڵمه‌ت ئاوات و تينه
گوڵ خونچه‌ی لێوت گوڵاو ده‌ڕژێنێ
ههنيهت وه‌ک ئاور دڵ ده‌برژێنێ
له باغی سنگت جوتێ ليمۆ هه‌ن,
که ئيمان و دين به ئاودا ده‌ده‌ن
چاوی به‌د به دور, به دور بی له خه‌م
به دور بی ئه‌ی گوڵ! له ده‌رد و وه‌رهه‌م
هه‌ر گوڵ بی, به‌ڵام عومرت گوڵ نه‌بێ!
دڵی پڕ هه‌ستت پڕ له کوڵ نه‌بێ
هه‌ر پيرۆزيی بێ ژيان و ژينت
ڕوناک بێ چرای به‌رزی ئه‌وينت
هه‌ر وا ئازاد و شاد و سهروهربی
له نێو سه‌ران دا هه‌ر ئاوا سه‌ر بی!
گوڵانی 1356 [1977]