ساڵێک بێ "وه‌فا" ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
وا ساڵێک به سه‌ر کۆچی بێ واده‌ی کاکمدا تێپه‌ڕ بوو- ساڵێکی پر له بێ "وه‌فا"یی. من هه‌رگیز بیرم له ژیانی بێ ئه‌و و دوور له‌و نه‌کردبوه‌وه و خۆم بۆ ئاماده نه کردبوو. په‌یوه‌ندمان له‌وه نزیکتر بوو که بیر له ئاماده‌ییه‌کی ئه‌وتۆ بکرێته‌وه. هه‌ست ده‌که‌م و نیشانه‌ی زۆریشم به ده‌سته‌وه‌ن که سه‌فه‌ری خۆیشم نزیک بۆته‌وه و ده‌بێ له بیری یه‌کگرتنه‌وه له گه‌ڵ وه‌فا دابم. ده‌زانم له ماوه‌ی ژیانیدا سته‌می زۆری لێ‌کرا، مافی فه‌وتا و ناوی زڕا به‌ڵام هه‌رگیز بێ وه‌فایی به که‌س نه‌کرد و هه‌وڵی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و زوڵمانهشی نه‌دا که لێیان کرد. وه‌فا به مه‌زلوومی مرد.
یه‌که‌م شاعیری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو که چه‌مکی نوێخوازی و تازه‌گه‌ری شیعری هێنایه ناو کۆمه‌ڵگای داخراوی ئه‌و ده‌می موکریان و کوردستانه‌وه. به‌ڵام هه‌ر کاتێ باس له پێشڕه‌وانی شیعری نوێی رۆژهه‌ڵات کرا ناوی ئه‌و له گه‌ڵ" سێ کوچکه"ی شیعری نوێ نه‌هات ئه‌وه‌ش له کاتێکدا که هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وان شیعره کوردییه‌کانی له رۆژنامه‌ی کوردستاندا بڵاو ده‌بوه‌وه وته‌نانه‌ت شیعری نوێی فارسی به چوار و پێنج ساڵ پێش ئه‌وان گوتبوو، ته‌نیا که‌سێکیش بوو که بانگی نوێخوازی له ناوخۆی کوردستانه‌وه به گوێی خه‌ڵکدا ده‌دا و سێ که‌سه‌که‌ی تر له تاران و له فه‌زای نیوه ئازادی زانستگه‌دا ده‌نگیان به‌رز کردبوه‌وه.
ئه‌وه تاقه سته‌مێک نه‌بوو له وه‌فا کرا. نووسه‌رێکی بۆکانی مێژووی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی بۆکانی نووسی و تێیدا ناوی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی هێنا وا له شار و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌نکه جۆیه‌کی پاشای شیعریان خواردبوو، به‌ڵام دوور یا نزیک ناوێکی له وه‌فا نه‌هێنا له کاتێکدا به درێژایی ساڵیان له ئیداره‌یه‌کدا کاری ده‌کرد که له قاتی سه‌ره‌وه‌ی دووکانه‌که‌ی وه‌فا بوو و به گوێره‌ی دۆستایه‌تی و خزمایه‌تییه‌کی دووریش، رۆژانه سه‌ری دووکانه‌که‌ی ده‌دا، شیعری ده‌خوێنده‌وه، شیعری ده‌بیست و ته‌نانه‌ت شیعره‌کانی وه‌فای هه‌ڵده‌سه‌نگاند.
سته‌م، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا! ساڵی پار- راست له‌و رۆژانه‌دا که وه‌فا له بۆکان دوانه‌فه‌سی ژیانی ده‌کێشا، کوردستان تی ڤی پرۆگرامێکی دوور و درێژی له سه‌ر شاعیرانی بۆکانی بڵاوکرده‌وه و تێییدا له گه‌ڵ چه‌ند که‌س له شاعیرانی شاره‌که وت و وێژ کرا. نه به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه و نه هیچکام له شاعیره بۆکانییهکان له کووله‌که‌ی ته‌ڕیشدا ناوی وه‌فایان نه‌هێنا- وه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌فایه‌ک له شاره‌که‌یاندا نه‌ژیابێت، رچه‌ی نوێخوازی بۆ ئه‌وان و هه‌موان نه‌شکاندبێت و بۆ ماوه‌یه‌کی 52 ساڵه ده‌سته ملانی په‌ری شیعر نه‌بووبێت. یه‌ک له شاعیره‌کان که‌م و زۆر هاوته‌مه‌نی وه‌فا و دۆست و هاتوچۆکه‌ری دووکانه‌که‌ی بوو، یه‌کی تریان خۆی به "شاگرد"ی وه‌فا ده‌زانی و چه‌ند ساڵ پێش وت ووێژه تهلهفیزیۆنییهکه، کۆمه‌ڵه شیعرێکی تازه چاپ کراوی خۆی پێشکه‌ش به وه‌فا کردبوو که ئێستا ئه‌و نوسخه‌یه لای منه و کاتی خۆی کاکم هاوڕێ له گه‌ڵ کتێبی دیکه‌دا بۆی هێنابوومه له‌نده‌ن.
شاعیری به‌ڕێز له لاپه‌ڕه 3ی کتێبه‌که‌دا به خه‌تی خۆی ئه‌م دێڕانه‌ی نووسیوه:
" وه‌فا گیان،
دڵێکم هه‌ن برینداری جه‌فایه
ره‌فیقی مه‌ینه‌تی و نامۆی سه‌فایه
به‌ڵام به‌ینێکه جار جار شاده، پێموا
ئه‌ویش هۆی تینی هه‌ڵبه‌ستی"وه‌فا"یه
وه‌ک دیارییه‌کی بچووک بۆ لای زاتێکی گه‌وره: کاک عومه‌ری سوڵتانی"وه‌فا"
شاگردت: .....
"
به‌ڵام تینی ئه‌و ههلبهستانه گه‌لێک زوو له دڵی"شاگرد"ه هه‌ستیاره‌که‌دا سارد بوه‌وه و له وت ووێژی سه‌ر ته‌له‌فیزیۆندا، سووکه ناوێکیشی له مامۆستاکه‌ی نه‌هێنا که چوار ماڵ ئه‌و لاتری خۆی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی مۆته‌که‌ی مه‌رگ بووبوه‌وه. تۆ بڵێی له بیری چووبێت؟
ئه‌وانه ته‌نیا به‌شێکن له‌و سته‌مانه‌ی له وه‌فا کرا- شاعیرێک که 50 ساڵ دوای یه‌که‌م شیعره‌کانی، هێشتا هه‌ر به نوێکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی کۆن و رچه‌شکێنی و دۆزینه‌وه‌ی رێبازی نوێوه خه‌ریک بوو و له دوا ساڵه‌کانی ژیانیدا رووی کردبوه شیعری ره‌ها. ئه‌و که‌سه ئه‌گه‌ر له سه‌رووی دیوه‌خانی شیعردا رۆنهنیشاندرێت- که ده‌شبێ وابێ، لای که‌م بۆ ئه‌وه ده‌بوو له پێشخانه‌ی شیعردا پێڵاوی پێ جووت بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شیان پێ ره‌وا نه‌دیت. با مێژوو چه‌وتیه‌کانی ئێمه راست بکاته‌وه!
ئێمه ده‌رگانه‌ی دادبووین، ئاوا سته‌ممان لێ چوو
داخۆ قه‌سری سته‌مکار چۆن تووشی نشوستی دێت *
***
ئه‌وه‌ی گوترا زیاتر گله‌یی له چاره‌نووسی کاکم بوو تا گازنده‌یه‌ک له خه‌ڵکانی تر. من به‌و په‌ڕی رێزه‌وه ده‌ڕوانمه هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی وا بو نموونه هێنامنه‌وه، ده‌شزانم وه‌فا چه‌ندی خۆش ده‌ویستن و چۆنی دڵ پێ ده‌کرانه‌وه. کێشه‌که، زیاتر گشتییه و په‌یوه‌ندی به‌و خه‌سله‌ته کۆنه عه‌شیره‌ییه‌وه هه‌یه که له هه‌مووماندا که‌م یا زۆر هه‌یه و هه‌وڵی پووچاندنه‌وه و بێ ڕێزکردنی ئاوماڵ و دراوسێمان ده‌ده‌ین. ئه‌وه خوویه‌کی مه‌ترسیداره، دوژمن به باشی ده‌توانێ که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێت و دژ به یه‌کتر به‌کارمان بهێنێت، کوردیش له بارودۆخێکدا نییه که رووناک‌بیر و هه‌ڵکه‌وتوانی له جیاتی شه‌ڕی دوژمن، یه‌کتر بپووچێننهوه. حزبه سیاسییه‌کانمان ئه‌م کاره ده‌که‌ن پێویستێک به یارمه‌تی ئێمه ناکات!
سه‌رکه‌وتووبن
______
* مابارگه دادیم، این رفت ستم برما برقصر ستمکاران تاخود چه رسد خذلان
خاقانی شیروانی
سرته و لوتکه
عومه‌ر سوڵتانی (وه‌فا)
ناسنامه‌ی من
چوار لاپه‌ڕه‌ی ناله‌باره‌و
به ناسنامهنووس گوتراوه
به تایبه‌تی په‌ڕه‌کانی ره‌ش کاته‌وه
لاپه‌ره‌ی یه‌ک
وێنه‌یه‌کی خیچ و خواره له زمانم:
"صم بکم"
لاپه‌ڕه‌ی دوو هه‌ر دێڕێکه:
گوێچکه‌ت ده‌بێ کپ بێ و نهبیهت.
لاپه‌ڕه‌ی سێ بریتییه
له لێوێکی ره‌ش وشینی قامک له سه‌ر
که له ژێریا
به خه‌تێکی گه‌لێک خۆشی میرزایانه
لێی نووسراوه:
ئه‌ئ خاوه‌نی ئه‌م ناسنامه!
ئامۆژگاری هه‌ر جارێکه و
ئیتر دووپات نابێته‌وه:
تاڤگه‌ی نیگات ده‌بێ لێڵ بێ و
شینه شیعریش ده‌فته‌ره‌که‌ت بڕه‌نگێنێ
لاپه‌ڕه‌ی چوار
هه‌ر سپییه و وابزانم
دایانناوه بۆ ئه‌و کاته‌ی ده‌بێ بمرم
که بینووسن ئه‌وه‌ی خۆیان پێیان خۆشه.
به‌ڵام ئه‌من ترس و له‌رزم وه‌لاناوه
به خه‌تی خۆم لێم نووسیوه:
"چاوه‌ڕوانی"
بۆ وه‌ی ئه‌گه‌ر هات و
پهڕسێلێکهی پهڕهوازهم گه‌ڕانه‌وه و
یه‌ک دوو بزه‌ی ئاهورایی
له سه‌ر لێویان هه‌دایان دا،
هێلانێکیان بۆ ساز بکه‌م
لا شابسکی بزه و گزنگ
داوهتێکیان بۆ پێک بێنم
به ته‌پڵ و نایه و تووزه‌له.
ئه‌گه‌ر هات ومنداڵیان بوو،
به ره‌سمێکی له مێژینه‌ی کورده‌واری
قه‌وم و که‌س و دراوسێمان وه‌کۆ که‌م و
ناویان بنێنم چرپه و چۆپی و سه‌ما و سۆما و
به پێنووسی خۆشه‌ویستی
له‌و لاپه‌ڕه‌یه بیاننووسم
*
بڵێی رۆژێک زه‌رده‌ی گزنگ
دیسانه‌که له سه‌ر لقی داری هیوام
جێ خۆش‌کا؟
بڵێی رۆژێک گه‌رووی شه‌به‌ق
شه‌وه زه‌نگی سارد هه‌ڵلووشی و
له کازیوه تێپه‌ڕ ببێ؟
بڵێی رۆژێک نێزه‌ی هه‌تاو
له ناو جه‌رگی دیوه‌زمه‌ی زۆر
ههڵچهقێت و
کوندی گرژی وه‌یشوومه‌ی خه‌م
له که‌لاوه‌ی زامه‌کانم بتارێنێ؟
بڵێی رۆژێک؟
بڵێی رۆژێک؟
شینی مامۆستا وه‌فا، ئهریبی باوه‌فای ئه‌ده‌بی کوردی
ره‌سوڵ چوپانی جانبلاغ(شوانه)
باخچه‌ی ئه‌ده‌بی کورد رازاوه بوو
به‌و به‌رزی"وه‌فا" دڵ پاراو ئه‌بوو
" شوانه!" کوردستان جێگه‌ی زانینه
بێشکه‌ی خه‌ڵکانی قه‌ڵه‌م ره‌نگینه
شاری بۆکانیش شانازیی هه‌یه
رێڕه‌وی به‌رزی رێبازی هه‌یه
له مێژووی بۆکان تۆیش ئاسه‌واری
وه‌ک حه‌وزه گه‌وره و قه‌ڵای سه‌رداری
نه‌ققاش : سه‌لاح خوسره‌وی