دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

 پارچە شیعری ژمارە ٩ ، لاپەڕە ١٢ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

 

شەو                          

نووری ڕوخسارت وەدەرخە! دەردی بێدەرمانە شەو

زوڵمەتی زوڵفت لەسەر ڕووتە، لەڕۆژ میوانە شەو

دوێ، شکور مەردانە من ڕێم بردە ناو زولفی ڕەشت[1]

تا بزانن خەڵکی[2] مڵکی دڵ، قەڵای مێردانە شەو

کوێر ونابینایە ئێستا ئەو[3] لە تاوی[4] ڕۆژی ڕووت

بۆیە ڕەش پۆش و هەژار[5] و مات و بەستەزمانە شەو

قەدری شەو چا بگرە چاوم![6] شەمع و پەروانە دەڵێن

سۆز و گریەی شەمع[7] هەر شەو، سووتنی پەروانە، شەو

عاشق و مەعشووق لە ڕۆژدا[8] خۆ دەپارێزن لە خەڵک

گەر پەنای چاکت دەوێ بۆ ئەو دووە، بڕوانە شەو

هەستە "کامیل"! بەسیە بێداری[9] بڕۆ[10] لێی وەرکەوە[11]

تا وڵات بێ دەنگ وباسە[12]، تا لە ڕۆژ میوانە شەو

 

 

شیعری "شەو" یەک لە ناسراوترین شیعرەکانی ئاواتە. دیارە بەشی زۆری ئەو ناودەرکردنە لای شیعرناس و پسپۆڕان، ناوەرۆک و تایبەتمەندییە هونەرییەکانی شیعرەکەیە بەڵام واهەیە بۆ کۆمەڵانی خەڵک زیاتر لەڕێگەی گۆرانییەکەوە بێت بە هەمان ناو، کە نەمر حەسەن زیرەک لەسەر بنەمای شیعرەکە دایناوە و تێیدا هەموو حەوت فەردی غەزەلەکەی گوتۆتەوە[13]. ئەوەش گۆرانییەکە لە سەر یووتیووب:

http://www.youtube.com/watch?v=orpTreU4KaI

 

بە پێچەوانەی گەلێک خانەقای کوردستان و یەک لەوان خانەقای "بورهان"ی ویشکە سۆفییان- کە بە قسەی خۆشی کەسێکی وەک "سەیدڕەشیدی خانەقا" نەبوایە، تەمی عوزلە و سۆفیایەتی و گۆشەنشینیی لێ نەدەڕەوی، خانەقای زەنبیل بەگشتی خانەقایەکی "دڵ تەڕ" بووە و واهەیە هۆکاری ئەو ئازادی و نێوچاوان کراوەییەی خانەقاش ئەو ڕاستییە بێت کە لە خانەقای زەنبیلدا هەردوو ڕێبازی قادری و نەقشی ڕەچاو دەکرا، لە لایەکی دیکەوە شێخی زەنبیل (حاجی سەید محەممەد) و براکەی واتە سەیدکامیل هەردوکیان شاعیر بوون و تەنانەت مامیان واتە حاجی بابەشێخیش جگە لە تێکەڵاوبوونی سیاسەتی ڕۆژانەی ناوچەکە، شیعری دەگوت. جگەلەوانە، کەسێکی وەک "عەلیشا"ی کوڕەگەورەی شێخ، دەنگ خۆش و مۆسیقاناس بوو؛ تەنانەت ئەگەر هەڵەم نەکردبێت، سەید ئەنوەر- کوڕی دیکەی شێخیش هەر دەنگ خۆش بوو و لە کۆڕی تایبەتی خۆیاندا گۆرانی دەگوت.

ئەو "زەمینی بوون" و نێوچاوان کراوەییەی شێخ و بنەماڵەکەی، هاوڕێ لەگەڵ هەندێک هۆکاری دیکە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک حەسەن زیرەکی لێیان نزیک کردەوە و فێر بوونی شیعری "شەو" و بە گۆرانی گوتنی شیعرەکەی لێ بەرهەم هات. من نازانم ئایا هەوا (لەحن) ی گۆرانییەکەش کاری حەسەن زیرەک خۆی بووە یان هی مۆسیقارە کوردەکانی تاران و کرماشان وەک ؟؟؟؟ نەسەب و موجتەبا میرزادە؟ ئەگەری دیکە دەتوانێ ئەوە بێت کە کەسێکی وەک "عەلیشا" یا تەنانەت شەخسی مامۆستا سەید کامیل هەوای گۆرانییەکەیان بۆدانابێت. شیعرەکە لەوپەڕی جوانی و ڕازاوەییدایە.

هەرچۆنێک بێت، شاعیر لێرەش وەک چەند لە چەند شیعری دیکە (بڕوانە شاری دڵ (ژمارە ٤) و تۆبە لە تۆبە (ژمارە ٧)ی ئەم کارەی ئێستا)، خوێنەر لەسەر دووڕێیانی هەڵبژاردن و بەراورد کردن دادەنێت، دوو دیاردەی ناتەبا و دژ بەیەکی لەبەرانبەردا قوت دەکاتەوە، تایبەتمەندییەکانیانی بۆ دەردەخات و لە کۆتاییدا لێدەگەڕێت لایەنێک بگرێت و یەکیان هەڵبژێرێت. ئەم کارە لە لایەکەوە پیشاندەری کەسایەتی خۆی و ئەو ناتەباییانەیە وا لە ژیانیدا بووە:

لە وجوودی "کامیل شا" دا کوڕەشێخێک وئاغایەک و وەرزێرێک وشاعیرێک تواونەتەوە و ئاوێتەی یەکتر بوون، کوڕە شێخە و شێخایەتی ناکات؛ خاوەن مڵکە و دەرەبەگایەتی و چەکمەڕەقی ناکات، تەنیا نانی ئارەقی نێوچاوانی دەخوات و شیعر بۆ کوردستان دەڵێت. ئاشکرایە کەسایەتییەکی شامیل بەو هەموو تایبەتمەندییە دژبەیەکانەوە یان وجوودێک بەو هەموو بوعد و لایەنانەوە، لەپرسی فەلسەفەی ژیاندا دڵفراوان دەبێت و مەودا بە دۆگمی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەدات ڕۆحی بپووچێننەوە، چاوی ڕوانینی بەرتەنگ بکەن و چوارچێوە بۆ بیری دابنێن. ئەو دیموکڕات بوون و پرسیار کردن و ئازادیی هەڵبژاردن بەخشینەش هەموو لە ماکێکی ئەوتۆوە سەرچاوە دەگرن. بەکورتی، کەسایەتی کامیل شا گەلێک ئاڵۆزە و ئەو ئاڵۆزی و تێکچڕژانە لە جێ جێی شیعرەکانیدا سەر هەڵدەدەن و خوێنەر دەبێ شارەزای ژیان و کەسایەتییەکەی بێت تا مەتەڵۆکەی شیعرەکانیش هەڵبێنێت- ئەو شیعرانەی کە بە ڕواڵەت گەلێکیش ساکار و و بێ گرێ وگؤڵ دەنوێنن.      

شاعیر لە شیعرەکەدا کەڵکی زۆری لە سەنعەتی شیعریی "تضاد" وەرگرتووە. ئەو ناتەبایی و "تضاد" ەی ناو شیعرەکە ئاوێنەی باڵانوێنی زیهنی شاعیرن کە هەمیشە لەسەر دووڕێیانی هەڵبژاردندایە و بە ئەگەر و ئەممای ئەم یان ئەو بژارەوە خەریکە. ئەوە ڕاست ئەو تایبەتمەندییەی زیهنی شاعیرە کە لە شیعرەکانی دیکەشیدا دەردەکەون و دەبێ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیشیدا نموود و بوونیان بووبێت. شاعیر لێرەدا زولفی رەشی یار و فەزای تاریکی دەوروبەری زوڵفی ئەو بە شەو دەشوبهێنێت و داوا لە گراوییە نەناسراوەکەی دەکات بە ڕووناکایی "ڕۆژی ڕوو" ی خۆی ئەو تاریکییە لا بدات و لێبگەڕێت بتوانێ بەبێ لەمپەر و بەرگر سەیری ئەو هەتاوە ڕووناکیدەرە بکات. 

سەرەڕای ساکاری و کۆن بوونی شوبهاندنەکان، شاعیر لە شیعرەکەدا فەزایەکی هونەریی ئەوتۆ بۆ ئەو واتا ساکارە و ئەو بابەتە جواو و سەدان جار گوتراوەیە دەئافرێنێت کە زەوقی خوێنەر بەرەوخۆی ڕادەکێشێت و چاوەڕوانی دەهێڵێتەوە بزانێ لە فەردەکانی دواییدا دەبرێتە باخچەی چ "تەسویر"ێکی شیعریی و دەرکی قەڵای کام چەمکێکی عەقڵیی بۆ دەکرێتەوە. سەرکەوتوویی شاعیر لەوەدایە کە ئەو چاوەڕوانییەی خوێنەر بێ وەڵام ناهێڵێتەوە و بە وێنەسازییەکی بێ ووچان، لە هەموو حەوت فەردەکە دا گوڵبارانی دەکات:

زوڵفت کە زوڵمەت و تاریکییە، وا هاتووە خۆی کردۆتە میوانی ڕووت و سەر ڕوومەتی داپۆشیوی. بەڵام تۆ مەهێڵە وابێت! ئەو میوانە بانگ نەکراوە لە ماڵەکەت وەدەر بنێ و نووری ڕوخسارتم لێ ئاشکرا بکە! بەڵام نا، نا، زوڵفت میوانی بانگ نەکراوی ئەو گەورەماڵە نییە، ئەویش خاوەن ماڵە، تۆ بە هەردوکیانەوە جوانی ومن تۆم بەودوانەوە دەوێت! کەوابوو، شەوی زوڵفت باوەکوو بەرگری دیتنی ڕووت بێت وئەوەش منی تامەزرۆی دیدارت دەشڵەژێنێ و دەشەمزێنێ، بەڵام دەردی بێدەرمانیش نییە و هیوای ڕەوینی ئەو تەمە بۆ دڵی منی شاعیری بە خەو وخەیاڵ ڕاهاتوو بەسە. دەبێ هەردوکیان بمێنن و من لەگەڵیاندا بسازێم، دەشسازێم!

شەو، قەڵای مێردان و ئازایانە، ئەوە پەندی پێشینیانمانە. کەوابوو هەمووکەس وناکەسێک ناتوانێت ڕێگە بباتە قەڵای دلێرانەوە؛ ئەوە کاری خەڵکانی نەبەردە. شوکر بۆ خودا، دوێنێکە من ڕێگەم بردە ناو قەڵای تاریک و تنۆکی زوڵفی تۆوە، با ئەهلی مڵکی دڵ واتە دڵداران و ئەوینداران (یان خاوەن دڵ و هەستیاران) بزانن منیش کەسێکی جەربەزە و بوێرو قەڵاگرم!

لە هەڵبژاردنی نێوان شەو و ڕۆژدا، شاعیر لایەنی ڕۆژ دەگرێت. ڕۆژ بۆ شاعیر ئەسڵە و ماکی ژیانیشە، ڕۆژ ژیان دەبەخشێت و لەبەر شەوقی ئەویشە دیاردەکان دەردەکەون و نموودیان دەبێت؛ شەو تەنیا وەشوێن ڕۆژ دەکەوێت و لە ئێوارەوە تا بەیانی- لە ئەزەلەوە تا ئەبەد- بە شوێن "خورشیدی خاوەر"دا وێڵە، بێ ئەوەی بتوانێ بیگرێتەوە! هەرئەوەندەش کە لە بوومەلێڵی بەیانی و ئێوارەدا توانی دەستێک لە دەستی بدات، لە ماوەی چەند چرکەدا، ڕۆژی لێ نەبان دەبێت و بە ناچار دەبێ هەڵەسوون بێنێتەوە و سەفەرە بێ سەرەتا و ئەنجامەکەی درێژە پێبدات. ئەوە "تەقدیر" ە کە ئەو دوو دیاردە ناتەبایە پێکەوە نەژین و بوونی یەکیان بە واتای فەنای ئەوی دیکە بێت؛ تەنانەت "بوومەلێڵ" وەک پێکهاتەیەکی هەردوو دیاردە، یان هەوڵێک لەپێناو ئاشت کردنەوەیان، جێگەی پەسندی هیچ لایەکیان نییە، هەر بۆیەش گەلێک تەمەن کورتە و هەرکامیان دەست ڕۆیشتووتر و تازەنەفەستر بوون، لایەنەکەی دیکە وەلا دەنێن و بە قەڵەمبازێک بە سەر تەرمی مردووی بوومەلێڵدا تێدەپەڕن و نەیاری دژبەر لە گۆڕەپانی کێبەرکێ وەدەر دەنێن.

شاعیر شەوی خۆش ناوێت و بەزەیی پێیدا نایەت هەر بۆیەش بە سیفاتی نەرێ یی و خراپ ناوبردەی دەکات و دەڵێ: شەو لەبەر ئیرەیی و بەخیلی بردن بە ڕۆژی ڕووی تۆیە کوێر و نابینا و ڕەش پۆش و هەژار و مات و بەستەزمانە! بەڵام لە عەینی کاتدا ڕێزیشی لێ دەگرێت و لە زمان پەپوولە و شەمەوە دەڵێ سووتانی شەم و سۆز و گریانی پەپوولە لەشەودایە و شەو پەناگەیە بۆ ئەو عاشقان و ئەویندارانەی وا ناتوانن بەڕۆژدا دەستەملانی یەکتر بن. بە کورتی، شاعیر بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، ناتەبایی و ناکۆکی - کە جەوهەری ژیانی کۆمەڵایەتییە، لە هەموو قوژبنێکی شیعرەکەدا دەخاتە روو  و بە خوێنەریان دەناسێنێت. ئاوات خوێنەری شیعرەکانی خۆی خۆش دەوێت و ڕێزیان لێ دەگرێت، هەر بۆیەشە خۆی و باوەڕی خۆی بەسەریاندا ناسەپێنێت و دوای ڕوونکردنەوەکانی خۆی، لێدەگەڕێت ئازاد بن و ڕێبازی خۆیان ئازادانە هەڵبژێرن.

گوتمان دژایەتی و ناتەبایی جەوهەری سەرەکی شیعرەکەیە. ئەو دژایەتییە، لە دوایین فەرد (مەقطەع) ی غەزەلەکەدا بە روونی دەردەکەوێت کاتی کە شاعیر هانی نەفسی خۆی دەدات بۆ هەستان بەڵام دەست بەجێ نەسیحەتی "وەرکەوتن"ی خۆی دەکات و مەودا بەخۆی دەدات لە بێدەنگیی کاتی شەودا پاڵ بکەوێت و لێی بخەوێت.

ئەو ناتەباییە جەوهەرییەی دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان کە جێگەی باسی شاعیرە، نەک هەر لە واتا و ناوەرۆک بەڵکوو لە فۆڕم واتە لە وشە و ڕستەی شیعرەکەشدا دەردەکەون. با بۆ نموونە، سەیرێکی کەرەسەی سەنعەتی بەدیعی "تضاد" یان "مطابقە" بکەین لە شیعرەکەدا:

نوور و زوڵمەت، زوڵف و ڕوو، شەو وڕۆژ، ئێوارە و ڕۆژ، دێت و دەچێ، ڕۆژ و کوێری، شەمع و پەروانە، عاشق و مەعشووق، ڕۆژ وشەو، بێداری و خەو، هەستان و وەرکەوتن. یازدە نمونە! بۆ تێگەیشتن لە پەیامی شاعیر نموونەی زیاترمان پێویستە؟

جگە لە سەنعەتی "مطابقە"، سەنعەتێکی دیکەش لە شیعرەکەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە: "مراعات النظیر" واتە هێنانەوەی دوو یان چەند دیاردەی هاوشێوە و هاو مانا یان خاوەن واتای نزیک بەیەک، پێکەوە:

ڕۆژ و ڕوومەت، شەو و زوڵف، کوێر و نابینا، سۆز وگریە.

ئەوانە سەنعەتی ناسراوی شیعری کلاسیکن کە شاعیر بە ڕوونی خستوونیەتە بەردەمی خوێنەر، بەڵام هەندێ ڕازاوەیی دیکەش لە شیعرەکەدا هەن کە واهەیە نەکەونە چوارچێوەی "بەدیع" ی عەرەبەوە. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم فەردە:

"...کوێر ونابینایە ئێستا ئەو لە تاوی ڕۆژی ڕووت

بۆیە ڕەش پۆش و هەژارو مات و بەستەزمانە شەو..."

جگە لە "مراعات النظیر" ی ئاسایی دوو وشەی کوێر و نابینا، یان "تضاد" ی کوێر ونابینا لەگەڵ ڕۆژی ڕووت هەروەها مراعات النظیری ڕەش پۆش و هەژار و مات و بەستەزمان لەگەڵ یەکتر، هەست دەکرێت هەردوو میسراعی فەردەکە لەڕێگەی واتای هاوچەشنەوە پێکەوە بەسترابن و کوێر ونابینایی لەگەڵ ڕەش پۆشی و هەژاری و ماتی و بەستەزمانیدا بکەونە یەک خانەی تەکنیکییەوە. ئەوە "مراعات النظیر" ی ئاسایی نییە، ئەو تەعبیراتە بۆچی لەگەڵ یەکتر کۆکراونەتەوە و شاعیر ویستوویەتی بەو هونەرنماییە چی بکات و چی بڵێت؟ ئەوە لەدەرەوەی ئەو زانیارییە نەریتییانەدایە کە لەکتێبی "المعجم..." و سەرچاوەی هاوچەشندا بەدەرس دەگوترێنەوە و ئێمە دەیانناسین. شیعری "شەو" پڕە لە وێنەی خەیاڵی و ئاوات مامۆستای خوڵقاندنی وێنەی خەیاڵییە لە شیعری کوردیدا. شیعرەکە و کاری شاعیر شیکردنەوەی زیاتر هەڵگەگرن.

با لە کۆتاییدا ئەو خاڵە ڕوون بکەمەوە کە ووردە جیاوازییەک لە نێوان دەقی چاپکراوی مامۆستا ئەنیسی و ئەو دەقەدا هەیە کە لە زمان هونەرمەند حەسەن زیرەکەوە دەیبیسین. دیارە حەسەن زیرەک گوڕانی بێژێکی"بەداهە وێژ" و نەخوێندەوار بووە و دەکرێ ئەو جیاوازییانە هەڵەیەک بن بەسەر زمانیدا هاتبێتن وەک زۆر نموونە لە شیعری حافز و شاعیرانی کورد کە لە گۆرانییەکانی ئەودا تووشی گۆڕان و سەر وگوێ شکاوی هاتوون، بەڵام ئەگەرێکی دووهەمیش هەیە: هەموو شاعیرێک دوای چەندجار خوێندنەوە و پێداچوونەوەی شیعرێکی خۆی بە درێژایی زەمان، واهەیە هەندێک وشە و تەعبیر لە شیعرەکەی وەلابنێت و وشەی دیکەیان بکاتە جێگر. هەر بۆیەش تەنانەت لە دەقی گەلێک شیعری شاعیرانی گەورەی میللەتاندا کە هەر خۆیان نووسیویانەتەوە، ئەو ووردە جیاوازییانە بەرچاو دەکەون، سەرچاوەشیان هەر شاعیر خۆیەتی. واهەیە شاعیر ئەمڕۆ هەستی خۆی بە شێوەیەک دەرببڕێت و سبەینێ بە شێوەیەکی دیکە. تۆ بڵێی ئەو یاسا گشتییە بەسەر شیعری "شەو" یشدا حوکم نەکات؟


 

[1] .  "زولفی سیات" لە گۆرانییەکەی حەسەن زیرەکدا.

[2] .   "ئەهلی" لە هەمان گۆرانیدا.

[3] .  "ئێستاکە" لە گۆرانییەکەدا.

[4] .   "لەداخی" لە گۆرانییەکەدا.

[5] .   "فەقیر" لە گۆرانییەکەدا.

[6] .   "عاشق" لە گۆرانییەکەدا.

[7] .   "شەمعی" لە گۆرانییەکەدا

[8] .   "بەڕۆژدا" لە گۆرانییەکەدا.

[9] .   "سستی" لە گۆرانییەکەدا.

[10] .    "دەی بڕۆ" لە گۆرانییەکەدا.

[11] .   "ڕاکەوە" لە گۆرانییەکەدا.

[12] .   "باسە و" لە گۆرانییەکەدا.

[13] .   بەگۆرانی گوتنی ئەو شیعرە لەلایەن حەسەن زیرەکەوە هی سەردەمێکە کە هونەرمەند لە سەر ڕادیۆی کوردی تاران گۆرانی دەگوت و جاروبارەش لەگەڵ مێدیا خانمی هاوسەری دەهاتەوە بۆکان و هاتوچۆی بنەماڵەی شێخانی زەنبیلی دەکرد کە سەید کامیلیش یەک لەوان بوو.

 

دەبێ بڵێم شیعرەکەی ئاوات گەلێک هاوشێوەی شیعرێکی "مەحوی" یە کە بەم مەتلەعە دەست پێدەکات:

"شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە، شەو

ئەو وتی نا، تێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو ..."[1]

من دووری نازانم ئاوات لە ژێر کارتێکەریی مەحوی دا ئەو شیعرەی گوتبێت لەبەر ئەوەی دەربڕینەکانی هەردوو شاعیر لە هەندێک شوێندا لەیەکتر نزیکن و لە لایەکی دیکەشەوە کێش و سەروای هاوبەشیان هەیە. وەک:

کوێر و نابینا بوونی شەو لە شیعری ئاواتدا، لەگەڵ سەرتاپا مەحو مانەوەی ناو شیعرەکەی مەحوی.

(بڕوانە دیوانی مەحوی، ساغکردنەوەی محەممەدی مەلاکەریم ل.٢٥٦


 

[1] . من لام وایە میسراعەکە دەبێ بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە: "ئەو وتی نا، تێگەیشتوە، تەجرەبەی مەردانە شەو" واتە پەروانە تێگەیشتووە و دەزانێ چی دەکات.