دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

پارچە شیعری ژمارە ٨ ، لاپەڕە ٢٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

 

چ بکەم؟

دەڵێن گیراوە ئیمڕۆکە عەزیزی میسری دڵ، چ بکەم؟

لە پاش ئەو، من لەگەڵ دڵ - شێت و پێتی وابەکوڵ، چ بکەم؟

ئەوە جوان و جحێڵ و پاک و خاوێن، بۆچی گیراوە؟

منی پیر وپەشیمان و گونەهکار و خەجیل چ بکەم؟

نەماوە باغ و ڕاغ و ڕەونەقی سەحرا، خوا مەرگێ!

گوڵووکات چوو لەبەر ئەو، من لە دەشتی پڕ چقڵ چ بکەم؟

لە باغێکدا کە گوڵ ڕۆیی بە تاڕاجی خەزان، جا من

وەکوو بولبول نەسووڕێم دار بەدار و چڵ بەچڵ، چ بکەم؟

یەکێک چەپکێکی گوڵ هێنا لەحەوشی خانەقا بۆمن

منی بێ ڕەنگ و بۆ ئاخر بە جارێک چەپکەگوڵ چ بکەم؟

دەسم هێندە هەڵێنا بۆ تەمەننا، وشک و ڕەق ماوە

لەمەولا تاکو ماوەی ژینمە، بێ دەست وپەل چ بکەم؟

نەسیبم هەر نەبوو ئەم ئاووخاکە، بشمرم بێ جێم

بە دەردی خۆمەوە دەتلێمەوە، بێ ئاووگڵ چ بکەم؟

گرانە دەردی دووری، بەم لەشە چۆن هەڵگرم باری؟

زەعیف و پیر و بێ هێز و قەوەت، بێ شان ومل، چ بکەم؟

          "ئیمامی" هێندی خەم خوارد عادەتی پێ گرتووە، یاڕەب!

          دەسووڕێ بێ وچان، گێژە[1] لە دەردی چەرخ وخول چ بکەم؟

                                                                 زەنبیل، ١٣٤٨ ی هەتاوی [١٩٦٩ ز]

 

شیعرەکە بە ئاشکرا بۆ عەزیزێک گوتراوە کە دەبێ لە کاتی هۆنرانەوەی شیعرەکەدا گیرا بێت و لە زیندان بووبێت. ئەوە کێیە؟ یادداشتی کۆتایی شیعرەکە (١٣٤٨) یارمەتییەکمان دەدات بۆ هەڵهێنانی مەتەڵەکە. ساڵی ١٣٤٨ جەنگەی خەباتی چەکدارانەی باڵی شۆڕشگێری حزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە لایەک و گرتن و کوشتن و ئیعدامی خەباتکارانی کورد لەلایەکی دیکە بوو و سپەهبود ئوەیسی جەللاد و سەرۆکی ژاندارمری ئێران، بۆ ماوەیەک ناوەندی دەسەڵات و ئیدارەی خۆی لە تارانەوە هێنابووە پادگانی جڵدیان – ئەو شوێنەی وا سەدان کوردی خەباتکار لە زیندانەکەیدا ڕاگیرابوون و کەوتبوونە بەر ئەشکەنجەی وەحشییانەی ئەفسەران و مەئموورانی شاهی شاهان و دەیان کەسیان لێ ئیعدام کرابوون.

من لە دوورەوڵاتی دەرەتانی ئەوەم نییە بزانم چ کەسانێک لە زیندانەکەدا بوون و کامیەک لەوانە ئەوەندە نزیک بووە لە شاعیر کە ئەو شیعرەی بۆ گوتبێت. بەڵام بە حیسابی ئەوەی لە فەردی مەتلەعدا دەڵێ "عەزیزی میسری دڵ"[2]، دووری نازانم ئەو کەسە "سەید تاهیر"ی کوڕی خۆی بووبێت کە لە سەردەمی کۆنگرەی دووهەمی حزبدا، ئەندامی حزب و لە باشووری کوردستان بوو و دواتر گەڕایەوە ئێران. گەرچی بەڕوونیش نازانم، بەڵام دەبێ ئەویش وەبەر شەپۆلی گرتنەکانی ئەو ساڵە کەوتبێت و لە پادگانی جڵدیان یان شوێنێکی دیکەدا خرابێتە زیندانەوە.

لە هەمان فەرددا، "شێت وپێتی  و بەجۆش وکوڵ" بوون هەمووی سیفەتن بۆ دڵی شاعیر دوای گیرانی خۆشەویستەکەی.

٢.   "ئەوە جوان و..."   ئەم فەردە هەندێک تەفسیر هەڵدەگرێت: پاک و خاوێن بوونی خۆشەویستی شاعیر و پەشیمان و گونەهکار و خەجڵ بوونی خۆی واتای چییە؟ ئەگەر واتایەکی ئایینی لەو سیفەتانە وەربگرین، ئەوا شیعرەکە پاڕانەوەیەکە لە دەرگانەی خودا و ئەوەی کە زۆر شاعیری دیکەش بە تایبەت لە سەردەمی پیریدا لە خودا پاڕاونەتەوە وگوتوویانە من پیر و گوناهبارم.... واتە دەڵێ خودایە! ئەو کەسە پاک و خاوێن و بێ تاوانە بۆ دەبێ بگیرێت و منی گوناهبار ئازاد بم؟

بەڵام ئەگەر واتایەکی سیاسی لە شیعرەکە وەربگرین، ئەودەم پەشیمان و گونەهکار و خەجڵ واتای چییان دەبێت؟  گەلۆ ئیمامی لە ڕابردووی سیاسی خۆی پەشیمانی دەنوێنێت و دەڵی خۆ خۆشەویستەکەم هیچی نەکردووە و ئەوی تاوانبار بێت منم؟ تەنانەت ئەگەر ئەم شێوە هەڵسەنگاندنەش ڕاست بێت، دیسان من هەست بە شتێکی نەرێ یی وخراپ سەبارەت بە شاعیر ناکەم. شاعیر مرۆڤە و دەتوانێت لە بارودۆخی ئەستەم و ناخۆشدا هەست و تەنانەت بۆچوونی بگۆڕێت. واتە شاعیر بە خۆی دەڵێت نەک بە دوژمن کە ئەوە خەتای من بوو کوڕەکەم خستە سەر ئەو ڕێبازە، ئێستا من زیت و زیندوو دانیشتووم و ئەو لەژێر ئەشکەنجە و ئیعدامدایە، کوا ئەوە کار بوو من کردم! هەستێکی ئەوتۆی باوکانە، بۆ هەمووکەس لەوپەڕی سروشتی بووندایە.

بەڵام بە بۆچوونی من لایەنی ئایینی مەسەلەکە بەهێزترە و دروستتر وایە فەردەکە بە پاڕانەوەی لای خودا بزانرێت تا پەشیمانییەکی سیاسی لەبەر ئەوەی شاعیر لە درێژەی شیعرەکەشدا دوو جاری دیکە هەر ڕووی قسەی لە خودا دەکات و لێی دەپاڕێتەوە.

٣.   "نەماوە باغ..."  باغ و ڕاغ و سەحرا وگوڵوکات چوار چەمکی هاوشێوەن و شاعیر جیناسی لێ دروست کردوون ئینجا بە سەنعەتی "تضاد" (مـطابقە) لە بەرانبەر دەشتی پڕ چقڵی داناون. ڕاغ بە واتای سەحرا و مێرغوزارە و "گوڵووک" لە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژاردا بە واتای شکۆفەی دار هاتووە، گوڵووکات کۆی عەرەبی گوڵووکە. ئەم بیچمەی وشەکە لە ناوخەڵکی ئاسایی ناوچەکەدا باوە، دەنا گوڵووکی تاک کە وشەیەکی کوردییە نابێ بە "-ات" ی عەرەبی بکرێت بە کۆ.

٤.   "لەباغێکدا..."  ئەم فەردە گەلێک ساکارە و شی کردنەوەی ناوێت بەڵام یەک شتی تێدا دەبینم دەمخاتە بیرکردنەوە: تاڕاجی خەزان واتای لەناو چوون و مردنی تێدایە. تۆ بڵێی شێعرەکە بۆ شەهیدێک نەگوترابێت کە لەو ماوەیەدا گیرابێت و ئیعدام کرابێت؟ ئەگەر وابێ، ئەوکەسە کێیە و کامیەک لەوهەموو شەهیدانەیە کە لە شارەکانی موکریاندا بۆ عیبڕەتی خەڵک هەڵاوەسران یان هەر لە جڵدیان ئیعدام کران؟ زۆرێک لەو خەباتکارانە هەر لە دەوروبەری زەنبیل و گەردیگلان و قەرەگوێز بە نان و پێخۆری خەڵکی گوندەکان دەژیان وبە دڵنیایی سەید کامیلی نەمر زۆرجار میوانداریەتی کردبوون.  

٥.   "یەکێک چەپکێکی ..."   ئەم فەردەش ڕوونە بەڵام وەک واتا کردنەوە، دەبێ بزانرێت ئایا نیازی شاعیر ئەوە بووە کە خۆی لە حەوشی خانەقا بووە و کەسێک هاتووە چەپکێک گوڵی بۆ هێناوە، یان چەپکێک گوڵیان لە باخچەی خانەقا لێکردۆتەوە و بۆیان هێناوە؟ من ئەگەری دووهەم بە ڕاستتر دەزانم. خانەقا دەبێ ئاماژەبێت بە خانەقای سەید محەممەدی نوورانی شێخی زەنبیل و برای ئاوات لە گوندی زەنبیلی نێوان بۆکان و سەقز.[3]

٦.   "دەسم هێندە..."   من لەم فەردە تەنیا واتای ئایینی وەردەگرم واتە شاعیر ئەوەندەی تەمەننا لە خودا کردووە و دەستی پاڕانەوەی بۆ خودا هەڵێناوە کە لە دەست وپل کەوتووە.

لەمەولا= لێرە بەدواوە.

٧.   "نەسیبم هەر..." ئەوە واهەیە جوانترین فەردی شیعرەکە بێت. شاعیر دەڵێ لە ماوەی ژیانمدا ئاو وخاک واتە وڵاتەکەم هەر نەبوو بە هی "من" واتە بەهی گەلی کورد، ئێستا بەو دەردەوە دەتلێمەوە و نازانم چۆن بە بێ ئاو وگڵ واتە بە بێ خاک و قەبر بمرم!

٨.    "گرانە دەردی..." گران لە شیعرەکەدا بە واتای قورس هاتووە. شاعیر دەڵێ بەو پیری و زەعیفی و بێ هێزییەوە، چۆن باری قورسی ئەو دوورییە هەڵبگرم؟ خۆ من شان وملم بۆ نەماوە!

"قەوەت" بەکوردی کراوی وشەی "قووەت" ی عەرەبییە و لە ناوچەکەدا کەڵک لەو بیچمەی وشەکە وەردەگیرێت.

٩.    "ئیمامی هێندی خەم..." لەم فەردەشدا شاعیر ڕووی لە خودایە و لەو دەپاڕێتەوە، باس لە گێژی و سەرلێشێواوی و بێ چارەیی خۆی دەکات و دەڵێ لەبەر ئازاری گەڕانی بەرئاوەژووی چەرخ کە لە ئەنجامی گیرانی خۆشەویستەکەمدا بۆم هاتۆتە ئاراوە، نازانم چ بکەم؟  تاوانی هەل ومەرجی ژیان خستنە ئەستۆی شێوازی گەڕانی چەرخ لە لایەن بیرمەندانی گەلانی ناوچەکەوە، دیاردەیەکی کۆن و ناسیاوی گوێی هەموانە.

لە چاپی ئەنیسی دا میسراعی دووهەم بەم شێوەیە هاتووە: "دەسووڕێ بێ وچان، گێژە و لە دەردی چەرخ وخول چ بکەم؟". من هەست دەکەم ئەو واوی عەتفەی دوای وشەی گێژە، زیادی بێت وهەندێک واتاکە بشێوێنێت. هەر بۆیەش قرتم کرد. بەڵام دیارە ئەگەر دەقی دەستنووسی شاعیر بە شێوەی دەقی چاپکراوی دیوانەکە بێت، دەبێ ناڕازیش بین هەر قەبووڵی بکەین و واوەکەی بۆ دابنێین!

 

شاعیر پارجە شیعرێکی دیکەشی هەر بە ناوی "چ بکەم؟" ەوە هەیە کە لە لاپەڕە ١٤ و ١٥ ی دیوانی چاپی ئەنیسیدا هاتووە. غەزەلەکە، سەرجەم حەوت فەردە و ئەوەش مەتلەعەکەیەتی:

"بە یادی شەمعی ڕوخسارێکی، دڵ ئیحیا نەکەم چبکەم؟

بە شەوقێکی وەها، چارەی شەوی یەڵدا نەکەم، چ بکەم؟..."

لام وایە ئەم شیعرە بۆ خۆشەویستێکی شاعیر وەک برا، یان مامی خۆی گوترابێت و سکاڵایەک بێت لە دەردی دووریی ئەو.


 

[1] .   لە دەقی ئەنیسیدا بەم شێوەیە هاتووە: "گێژە و لە دەردی...."

[2] .   عەزیزی میسر ئاماژەیە بە یۆسفی کوڕی یاقوب – پێغەمبەری بەنی ئیسڕائیل و ئەوەی وا دەگوترێ یاقوب لە دووریی یۆسف ئەوەندە گریا تاوەکو چاوی کوێر بوو.

[3] .   من لە منداڵیدا لەگەڵ باوکم چوومەتە زەنبیل و شەو لە خانەقا ماوینەتەوە.