دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە ٧٧

ئامۆژگاری

 

 

تۆ لەگەڵ هاواڵ بە مۆڵەت بە، هەتا بتکەن بە شا!

زەڕڕە پەروەر بە هەتا بتکەن بە ڕۆژی ڕووی سەما!

عەیبی خەڵکی قەت مەبینە، هەر سەرنج دە عەیبی خۆت

تاوەکوو عەیبت بپۆشن گیانە، غەیرە و ئاشنا

ئەرخەیان بە غەیبەتی تۆش هەردەکا لێرە ولەوێ

غەیبەتی هەرکەس لەلای تۆ، هەرکەسێ بێت و بکا

باسی نامووسی کەسێ ناکا بە مەعلوومی، ئەوەی

گەر بەنامووس بێ، لەدونیادا مرۆیانە ژیا

هەرکەست دی کەوتووە، دەستی گرە هەستێتەوە

تاوەکوو پاشان ببێتە پشتیوانی وەک برا

هەرکەسێ لێت قەڵسە، چاوم! پێکەنە، ئابڕووی بەرە

تووڕەیی لەم عەسرەدا هەمبانەیێکە پڕ لەبا

          وەک 'ئیمامی' بە، کە غەیر و ئاشنا لێی ڕازییە،

          چونکە قەت نەیکرد بە عومری، سیڕڕی خەڵکی ئاشکرا

                                 (گەردیگلان، ١٣٢٢ ی هەتاوی)

 لاپەڕە ٦٨ ی چاپی جەعفەر و ٢١ ی چاپی ئەنیسی

______________________________________  

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "لەخۆ ڕازی" یە. هیچکام لە عینوانەکان لە شیعرەکە خۆی وەرنەگیراون بەڵام هەردوکیان لەگەڵ ناوەرۆکەکەیدا یەک دەگرنەوە کە ئامۆژگاری کردنە بۆ پێکەوە ژیانی مرۆڤ و لێبووردوویی و چاوپۆشی کردن لە عەیبی خەڵک و لە خۆ ڕازی نەبوون.

بابەتی شیعرەکە ساکار و کۆن و کلاسیکە و زمانەکەشی لەگەڵ ئەو ناوەرۆکەدا دێتەوە. شیعرەکە زیاتر بۆ ئەوە دەبێت لە کتێبی دەرسی قوتابییاندا لە فێرگە بگوترێتەوە و منداڵ فێری ئەخلاقییاتی کلاسیکی کۆمەڵگای نەریتی بکات. دیارە ئێستا منداڵی سەردەمی ئینترنێت و فەیسبووک ئەستەمە گوێ بدەنە ئەو نەسیحەت و نەسیحەتکارییانە، نازانم منداڵی ئەودەم چۆنیان تێڕوانیوە!

زەڕڕە پەروەری، زاراوەیەکی فارسییە بە واتای ئاوڕدانەوە لە خەڵکانێک کە دەسەڵات و دەرەتانیان لە تۆ کەمترە.

ڕۆژی ڕووی سەما، هەتاوی سەر ڕووپەڕی ئاسمان.

عەیبی خەڵکی قەت مەبینە، بە پێوانەی کۆمەڵگای نەریتی، باش وایە عەیبی خەڵکی قەت نەبینی، بەڵام موتلەق کردنەوەی بابەتەکە واهەیە جێگەی پەسندی ئەمڕۆی ئێمە نەبێت. دەکرێ عەیبی خۆیشت ببینی و عەیبی خەڵکیش!

ئاشنا، ناسیاو. فارسییە

ئەرخەیان، وابزانم وشەیەکی تورکی بێت، واتای دڵنیای هەیە.

غەیبەت، قسەی پشتەسەر. شاعیر دەڵێ ئەگەر بێت و کەسێک غەیبەتی هەرکەس لای تۆ بکات، دڵنیابە لێرەو لەوێ غەیبەتی تۆش دەکات.

بە نامووس بێ، مرۆیانە ژیا: دوو کرداری ناو ئەو دوو ڕستەیە، یەکیان ئێستا و یەکیان ڕابردووە و هەربۆیەش زۆر لە گوێی بیسەر و خوێنەر خۆش نایەن. دیارە زەبری کێش و سەروا شاعیری مەجبوور کردووە دوو ڕستەکە بەو شێوەیە لێک ببەستێت.

نامووس، لە فەرهەنگی نەریتیدا ناوبانگی چاکە بۆ دایک و هاوسەر و خوشکی پیاوێک، بەتایبەت هاوسەرەکەی. بێ نامووسی، بێ ئەخلاقیی سێکسییە. لە کۆمەڵگای نەریتیدا ئەخلاق و نامووس و بایەخ و ئیعتیباری پیاو بە ژنەوە بەستراوە و ناتۆرەی خراپ لەسەر ژنێکی بنەماڵەکە، بە تایبەت هاوسەرەکەی دەبێتە هۆی سووکایەتی ئەو و کەس وکاری. شاعیر کە پەیڕەوی ئەو نەریتەیە، 'مرۆیانە ژیا'ش هەر لەو پەیوەندەدا دێنێتەوە و بەگوێرەی ئەو، ژیانی مرۆڤانە بەرانبەرە لەگەڵ بەنامووس بوون.

هەرکەست دی کەوتووە، پەسندی دەسگرۆیی کردنی ئەو خەڵکانەیە وا باریان کەوتووە.

پێکەنە ئابڕووی بەرە. واتە لە بەرانبەر قەڵس بوونی خەڵکدا تۆ پێبکەنە و بەو کارەت شەرمەزاری کەسەکە بکەوە.

وەک ئیمامی بە، بۆ کەسانێک کە ئاوات و کەسایەتیی نەرم و نیان و ناسکی ئەو ناناسن، ئەم فەردە هەندێک شایی بەخۆیی پێوەدیارە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو قسانە درۆ نین و بە تەواوەتی لەگەڵ کەسایەتی وێژەرەکەیدا یەک دەگرنەوە. ئەو دەیەوێت بڵێت من سیڕڕی خەڵک نادرکێنم و هەر بۆیەش خەڵک لێم رازین، کەوابوو تۆش وەها بە و سیڕڕ پارێز بە.

شیعرەکە هی ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣ ز.)یە و وەک یەکێ لە شیعرە سەرەتاییەکانی ئاوات سەیر دەکرێت. ئەو ساڵە، جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانییە، دوو ساڵێکە ڕەزاشای پەهلەوی لە ئێران دەرکراوە و حەمەڕەزای کوڕی هێشتا نەیتوانیوە ئەستوندەکی دەسەڵاتداریەتی خۆی لە ئێراندا قایم بکات. خەبات و کاری سیاسیی خەڵک لە کوردستان و هەموو ئێران بەڕێوەیە، بەڵام هێشتا نەتەقیوەتەوە و ساڵێکی دەوێت بۆ ئەوی کۆمەڵەی ژێکاف دابمەزرێت و دوو سێ ساڵێکیش بۆ ئەوەی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللی ئازەربایجان بێنە کایەوە.

هەندێک شیعری شاعیرانی وەک مامۆستا هەژار و عەلی بەگی حەیدەری کە ئەودەم و ماوەیەک دوای ئەو لە ڕۆژنامەی 'کوهستان' ی چاپی تاراندا بڵاو بوونەتەوە، کەم وزۆر هەر ئەو ناوەرۆکە ئەخلاقییەیان هەیە کە لەم شیعرەدا بەدی دەکرێت و دیارە ماوەیەکی دیکەی پێویستە تا شیعری سیاسی ببێتە باو. گەرچی نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەو ساڵە و ساڵێکیش دواتر، هێشتا سەیفولقوزاتی قازی لە ژیاندا بوو. بەڵام نازانم ئایا بە نەبوونی ڕۆژنامە و گۆڤاری پێش چاپەمەنییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف، شیعرەکانی سەیفی نەمر بە ڕێک وپێکی یان تاک و تەرا دەگەیشتنە دەست ئاوات؟ هەرچۆنێک بێت، ئەم شیعرە، پێش سەردەمی بە سیاسی بوونی شاعیر گوتراوە و زیاتر کۆمەڵایەتی- ئەخلاقییە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de