دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە ٧٥

زستانی شێخ چۆپان

 

 

 

زمهەریرێک بوو بە نێو زستان و هات و ڕابرا[1]

عالەمێکی برد لەگەڵ خۆی تا چووە چاڵی فەنا

کردەوەی سەگ تێ ڕیاوی: بۆگەنی لاشەی وڵاخ[2]

شوێن و ئاساری گڵاوی: هیچ لە ماڵێ دا نەما

خیگە هەڵچۆڕا لە چەوری، ئارد لە کەندوو بۆتە تۆز

ماست و دۆ، کەشک و پەنیر تۆزێ نەمابوو بۆ دەوا

قووتی دا زستان هەچی بوو قووتی حەیوان و بەشەر

کا لە کادێن بوو قوتار و گیا لە قۆریە و گیشەدا

جەرگ و دڵ ڕەش بوو لەتاو بێ سووختی و دار و ڕەژی

بوو سپی چاومان لە حەسرەت تام و بۆنی قەند وچا

خشخشەی گرت کەڵ لەسەرمان، مرد لە برسان بزن و کاڕ

لاڕەشە گەییە وڵاغ و گوێڕەپەی گرت جوانەگا

کەر لەسەرمانا هەڵیکێشاوە گوێی و هاتە دەر

چوو دەگەڵ گوێ کورتی ئەحمەق کەوت و لێک بوونە برا

هاتە دەر لاشەی مەڕ وماڵ، بێ ژومار و بێ حیساب

سەگ لە خۆشی خۆشییا، ڕێک کەوتنە خۆشی و سەما

گۆشتیان نەخورا لەبەر لاوازی و ئەسپێ و گەنە

پێشتیان نەکرا بە وەسڵە، دەستی وێکەوت و دڕا

'لالە شوان' لاڵ بوو لە کێو و 'کاکەریم' کوێر بوو لە ماڵ

ئەو لە تەندوور بۆتە تاجۆ، ئەو لە کەژ هاوار ئەکا!

هات بەهار، ئەمما لە پشت بارانە بۆ چیمە کەپەنک؟

یا لەپاش مردن چ سوودێکی هەیە ئاوی بەقا!

          هات بەهار، ئەمما بەهاری هێندە پڕ سەیر و سەفا،

          نەبوە قەت، نەیدیوە کەس لەم دەورەدا، نەشبیسترا

                                 (شێخ چۆپان، ١٣٣٢ ی هەتاوی)

 لاپەڕە ٦٤ و ٦٥ی چاپی جەعفەر و ١٥٤ و ١٥٥ی چاپی ئەنیسی


 

[1] .  زمهەریر بە واتای سەرمای سەختە بەڵام ئەفسانەیەکیشی لەسەر دروست کراوە کە دەگوترێت شوێنێک بێت وەک جەهەننەم بۆ گوناهکاران  بەڵام سارد، نەک گەرم.

[2] .  چاپی جەعفەر: کردەوە و پاشماوەکەی ئەو....؛ چاپی ئەنیسی: کردەووەی سەگ تێڕییاوی، ....

     لام وایە شیعرەکە لە بنەمادا هەر ئەوە بووبێت کە ئەنیسی تۆماری کردووە و منیش لێرەدا ڕەچاوی کاری ئەوم کرد. بە بۆچوونی من شاعیر خۆی دوای چاپ بوونی دیوانی چاپی ئەنیسی وشەی هەندێک 'قەبیح' ی "سەگ تێڕیاو" ی پێ باش نەبووە و کردوویەتیی  بە 'پاشماوەکەی ئەو' یان خود کاک جەعفەر ئەو تەعبیرەی بۆ شیعری ئاوات پێ سووک بووە و ویستوویەتی بیگۆڕێت. من ئەو کارەم پێ باش نەبوو و لە سەر ڕێچکەی ئەنیسی ڕۆیشتم. هۆکارەکەشم ئەوەیە شاعیر لەو زستانە سەخت و سەخڵەتە کە ئەو هەموو بەڵایەی بەسەر خەڵک هێناوە گەلێک دڵگیر و ناڕەحەت بووە و ئەو ناڕەحەتییەی بەو قسە و جنێوە دەربڕیوە ئەوەش بۆ شاعیرێکی هەستیار ئاساییە و عەیب نییە.


 

[1] .  زمهەریر بە واتای سەرمای سەختە بەڵام ئەفسانەیەکیشی لەسەر دروست کراوە کە دەگوترێت شوێنێک بێت وەک جەهەننەم بۆ گوناهکاران  بەڵام سارد، نەک گەرم.

[2] .  چاپی جەعفەر: کردەوە و پاشماوەکەی ئەو....؛ چاپی ئەنیسی: کردەووەی سەگ تێڕییاوی، ....

     لام وایە شیعرەکە لە بنەمادا هەر ئەوە بووبێت کە ئەنیسی تۆماری کردووە و منیش لێرەدا ڕەچاوی کاری ئەوم کرد. بە بۆچوونی من شاعیر خۆی دوای چاپ بوونی دیوانی چاپی ئەنیسی وشەی هەندێک 'قەبیح' ی "سەگ تێڕیاو" ی پێ باش نەبووە و کردوویەتیی  بە 'پاشماوەکەی ئەو' یان خود کاک جەعفەر ئەو تەعبیرەی بۆ شیعری ئاوات پێ سووک بووە و ویستوویەتی بیگۆڕێت. من ئەو کارەم پێ باش نەبوو و لە سەر ڕێچکەی ئەنیسی ڕۆیشتم. هۆکارەکەشم ئەوەیە شاعیر لەو زستانە سەخت و سەخڵەتە کە ئەو هەموو بەڵایەی بەسەر خەڵک هێناوە گەلێک دڵگیر و ناڕەحەت بووە و ئەو ناڕەحەتییەی بەو قسە و جنێوە دەربڕیوە ئەوەش بۆ شاعیرێکی هەستیار ئاساییە و عەیب نییە.

 

______________________________________  

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "زستان" ە و لە بەشی چامەکان (قەسیدەکان) دا هاتووە.

قەدیمییەکان گوتەنی 'شتائیە'یەکی بەهێز و ڕوونکەرەوەی سەختی و سەرماوسۆڵی سروشتیی زستانی ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاوی (١٩٥٣ ی زایێنی) یە. سەرچاوەکان کۆکن لەسەر سارد و سوڵیی ئەو زستانە لە ناوچەی موکریان. لە هاوینی هەمان ساڵدا خەڵکی شاری بۆکان و گوندەکانی لای ڕۆژهەڵات و باکووری شارەکە دژ بە ئاغاوەتی شار ودێ ڕاپەڕین کە دواتر بە هۆی کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژەوە ڕاپەڕینەکەیان هەرەسی هێنا. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ناو شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەر، لەسەر ماڵ وحاڵیان دەرکران یان لە ترسی تۆڵەی ئاغاکان هەڵاتن و تەنیا هەندێک کەسی وەک نەمران خانمەخانمەی هاوسەری دوکتۆر ڕەحیمی سەیفی قازی و برایم خانی سەلاح داڵدەیان دان لە مڵکی ئەواندا بحاوێنەوە و لەو زستانە ڕەش و بەدفەڕە گیان دەربەرن. لەو زستانەدا سەخڵەتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک بە دەست ئاغاواتی ناوچەکە و ڕژیمی شاوە، لە سەرما وسۆڵی سروشت زیاتر بوو.

ساڵی گوترانی شیعرەکە، هەروەها ساڵێکی پڕ ڕووداوی سیاسی بووە لە ئێرانیش، کە بە کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ و گەڕانەوەی شای هەڵاتوو بۆ ئێران و هەرەسی حکوومەتی میللی دوکتۆر محەممەد  موسەددیق دیاری دەکرێت.

ڕاست بیست ساڵ پێش ئەو زستانەش واتە لە زستانی سەختی ساڵی ١٣١٢ ی هەتاوییدا، مۆتەکەی سەرما کەوەتە سەر ژیانی خەڵک و بێ بژیویی سەخڵەتی کردن و بووە هۆی گوترانی شیعرێکی بەرزی نەمر سەیفولقوزاتی قازی. فێرگەی شیعریی سەیف چەند قوتابیی گەورەی پەروەردە کرد کە یەکیان ئاوات بوو. دوور نییە شیعرەکەی سەیف هەوێنی گوترانی ئەم شیعرەش بووبێت باوەکوو کێش و سەروا و بەحری عەرووزییان وێچووی یەکتر نین، بەڵام فەزای شیعرەکە و شەرحی سەرما وسۆڵ و کارتێکەرییەکانی لە سەر خەڵک و ژیانی ئابوورییان زۆر هاوشێوەی یەکترە و لەوانە، باسی لەڕ ولاوازیی مەڕ و ماڵات و باڵندە و نەمانی پێخۆر لەماڵان و... شتی دیکەش. ئەوە سێ نموونەی ئەو وێچووییانە:

سەیف: زستانی ئەوساڵ دیارە پێنج مانگە / مەڕ و کا و گیا و جۆ، بڕا لە دانگە...                                                                     قیمەتی کایە وەک کارەبایە / بوو بە قووتی ڕۆح وێنجەی سەحرایە

ئاوات: قووتی دا زستان هەچی بوو، قووتی حەیوان و بەشەر / کا لە کادێن بوو قوتار و گیا لە قۆریە و گیشەدا

سەیف: لۆک چەمبەرەی بوو، ماین مشمشە / گا گوێ ڕەپەی گرت، گامێش خشخشە

ئاوات: خشخشەی گرت کەڵ لەسەرمان، مرد لە برسان بزن و کاڕ /  لاڕەشە گەییە وڵاغ و گوێڕەپەی گرت جوانەگا

سەیف: هێندە لاوازن مەڕ وماڵاتیان / قوربانی ناکرێ، نادرێ زەکاتیان

ئاوات: گۆشتیان نەخورا لەبەر لاوازی و ئەسپێ و گەنە / پێستیان نەکرا بە وەسڵە، دەستی وێکەوت و دڕا!

 

شیکردنەوەی هەندێک وشە و تەعبیری ناو شیعرەکە:[1]

گوندی بچووکی شێخ چۆپان کەوتۆتە نزیک زەنبیل و بە مڵکی، هی ئاوات بووە؛ خۆیشی بۆ ماوەیەک لەوێ ژیاوە. بڕوانە ژیننامەی شاعیر لە دەسپێکی هەردوو دیوانی چاپکراودا.

بە نێو زستان، واتە ئەو هەل ومەرجە ئەستەمە هەر ناوی زستان بوو دەنا لە ڕاستیدا زمهەریرێکی ئەفسانەیی بوو. گوایە تەنیا یەک جار ناوی زمهەریر لە قورئاندا هاتووە ئەویش بە واتای سەرما، دروستکرانی ئەفسانەی جەهەننەمی سارد دەبێ کاری مەلا و تەفسیرنووسان بێت![2]

عالەمێکی برد لەگەڵ خۆی، واتە خەڵکێکی زۆر لەو سەرمایەدا مردن.

کردەوەی سەگ تێڕیاوی، کردەوەی چەپەڵی کوشتنی وڵاخ [و پاتاڵ] بوو لە برسان و لەبەر بێ تفاقی. شاعیر زستانی ساردی ئەو ساڵەی بە بکوژی مەڕ وماڵات داناوە و کردەوە خراپەکەی هەمان ئەو کوشتنانەیە،. شاعیر لە میسراعی دووهەمی هەمان فەرددا باس لە پاشماوە واتە شوێن و ئاساری زستان دەکات ئیتر دووپات کردنەوەی یەک کردەوە لە فەردێکی شیعردا جوان نییە و لە شاعیری چاک ناکاڵێتەوە. کەوابوو، من تەعبیری 'سەگ تێڕیاوی' بە ڕەسەن دەزانم و هەر بۆیەش دەقی ئەنیسیم هەڵبژاردووە. ئەو ڕاستییەشمان لەبیرنەچێت کە شاعیر لە کاتی چاپی دیوانەکەی چاپی ئەنیسی، لە ژیاندا بووە و توانیویەتی دواتر بە پێی خواستی خۆی، گؤڕان لە شیعرەکەدا پێک بهێنێت.

 

هیچ لە ماڵێدا نەما، واتە خواردەمەنی لە ماڵی کەسدا نەما.

خیگە، پێستەیەک کە ڕۆنی تێکرابێت.

کەندوو، دەفری گەورەی گڵینی دەخڵ و ئارد

دەوا، دەرمان

تۆزێ نەمابوو بۆ دەوا، تەوسی تێدایە؛ مەتەڵێکی کوردییە واتە تۆزقاڵێکیشی نەمابوو کە تەنانەت بەشی ئەوە بکات وەک دەرمان بخورێت یان وەک هەتوان لەسەر زام دابنرێت!

قووتی یەکەم، کردارە و کوردییە بە واتای خواردن و قووتدان؛ قووتی دووهەم، ناوە و عەرەبییە و واتای بژیوی هەیە.

قۆریە، باقە گیای لەسەر یەک دانراو.

سووخت، سووتەمەنی

ڕەژی، زوخاڵ

تام وبۆنی قەند و چا، سەنعەتی لەففونەشری تێدا بەکار هێنراوە: تام بۆ قەند و بۆن بۆ چا.

خشخشە و لاڕەشە و گوێ ڕەپە، سێ نەخۆشیی ئاژەڵن.

جوانەگا، گای سێ بەهارە، بەرجووت.

گوێ کورتی ئەحمەق، نەمزانی چییە! کلیلی واتا کردنەوەی فەردەکەش هەر ئەو تەرکیبەیە. یەکگرتنی گوێدرێژ و گوێ کورت و سەنعەتی تضادی نێو ئەو دوانە، کاتێ دەزانرێت کە بزانین گوێ کورت چییە. من خۆم بیرم بۆ ئاژەڵێکی وەک مەڕ و بزن دەچوو، بەڵام بۆ دڵنیایی، لە ڕێگای برادەرێکی خۆشەویستەوە هەوڵمدا بۆچوونی کەسانی نزیک بە شاعیر بپرسم. کەسایەتییەکی بەڕێزی بنەماڵەی ئاغا سەید کامیل لە وەڵامی ئەو برادەرە خۆشەویستەدا نووسیبووی: "[ئاوات] گوێ كورتی ئەحمەق هەر به ئینسانی ناتێگه یشتوو و ناحاڵی ده ڵێ ومەبەستی دیكەی نەبووه، هیچ ئاژەڵێكیش بەونێوه، نییه." سپاسی زۆری هەردوو ئەو بەڕێزانە دەکەم و هیوادارم زەحمەتی ئەوان توانیبێتی گرێی ئەو دێڕە شیعرە بکاتەوە.

هاتەدەر...، واتە ئەوەندە مەڕ وماڵات مردن و لاشەیان لەماڵ هێنرایە دەر و فڕێدرا، کە سەگی لاشەخۆر لێی بوو بە خۆشی و هەڵپەڕکێ!

ئەسپێ و گەنە دوو حەشەرەن کە لە مرۆڤ و ئاژەڵ دەدەن و دەچنە ژێر پێستەوە.

وەسڵە، پینە

دەستی وێکەوت و دڕا، لەبەر لاوازیی ئاژەڵەکە، پێستیشی هێزی نەمابوو و بەرگەی ئەوەی نەدەگرت تەنانەت دەستی لێبدەی!

لالە شوان و کاکەریم، دەبێ دوو کەسی خەڵکی گوندەکە و دوور نییە شوانی مەڕوماڵاتیش بووبێتن. بریا کاک جەعفەر هەندێک ڕوونکردنەوەی سەبارەت بەو دوو کەسە لە پەراوێزی شیعرەکەدا بنووسیایە.

هات بەهار ئەمما لەپاش مردن...، شاعیر دیارە دەبێ شیعرەکەی لە کۆتایی ئەو زستانە ساردە و دوای هاتنی بەهاردا نووسیبێت. دەڵێ گەرچی بەهار هاتووە بەڵام فایدەی چییە دوای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر خەڵکی هێنا! دوای باران کەپەنک، پەندی کۆنی کوردییە شاعیر کەڵکی لێ وەرگرتووە. ئاوی بەقا دوای مردنیش بە هەمان واتای بارانی دوای کەپەنکە. ئاوی بەقا یان ئاوی حەیات ئاوات و خەونی لە مێژینەی مرۆڤی سەردەمی کۆن بووە بۆ مانەوەی هەمیشەیی.

هات بەهار ئەمما بەهاری...، وەسفی خۆشی و جوانی بەهارێکە وا دوای ئەو زستانە ناخۆشە هاتووە. شاعیر دەڵێ بەهاری وا پڕ سەیر وسەفا، نە پێشتر بووە و نەبینراویشە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن

 

[1] بە یارمەتی وەرگرتن لە فەرهەنگی خاڵ و هەنبانە بۆرینەی هەژار

[2]  http://www.daneshju.ir/forum/f1518/t127043.html

 

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de