دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە ٧٢

پاڕانەوە

 

 

 

ڕووڕەشی دەرگای خودام و سەرفکەندەی موستەفا

شەرمەساری ڕۆژی حەشر و مل کەچی ئالی عەبا

چارەڕەش، شەو تا بەیانی هەر ئەم و ئەولا دەکەم،

هەروەکوو ماری بریندار هەڵدەسووڕێم بێ سەدا

ڕوو لە کوێ کەم یاڕەبی! چ بکەم لە دەس عیسیانی زۆر؟

غەیری دەرگای تۆ نییە دەرکێ کە ڕەحمم پێ بکا

دێمە دەرگاکەت کە بۆ چاک و خراپ ئاواڵەیە

کەوڵ و پێستم ڕادەخەم تا هەم لە دونیای بێ وەفا[1]

هەر ئەوەندەم بەس کە تۆم ناسی و لە تۆ داوا دەکەم

لێم ببووری و خۆش ببی لێم و نەسێنی لێم جەزا

ڕووم ڕەشە ئەمما سەر وڕیشم وەکوو بەفری سپی

بەو سەر وڕیشەم ببەخشە، نەک بە ڕووی هێندە سیا!

          'کامیل' ە ناوم، بەڵام ناقیس لە دونیا مامەوە

          چونکە بێ مەیلیی ئەتۆم زۆر کرد هەتا توانیم، خودا![2]

                                 (قاقڵاوا، ١٣٦٢ ی هەتاوی)

 لاپەڕە ٥٩ ی چاپی جەعفەر و ٩ و ١٠ ی چاپی ئەنیسی


 

[1] .  چاپی ئەنیسی: کەوڵ و پۆستم

[2] .  چاپی ئەمیسی: "هەتا توانیم خود" کە ئاشکرایە هەڵەی چاپە.

 

 

______________________________________  

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی جەعفەردا 'پاڕانەوە'یە بەڵام لە چاپی ئەنیسیدا بە "ڕووی ڕەش، ڕیشی سپی" تۆمار کراووە و ئەو تەعبیرەش لە فەردی شەشەمی شیعرەکە وەرگیراوە. شاعیر لەوێدا سەرکەوتووانە سەنعەتی 'تضاد' واتە 'مطابقە' ی لە نێوان ڕووی ڕەش و ڕیشی سپیی بەکار هێناوە. هەمان ئەو سەنعەتە شیعرییە لە فەردی مەقتەعیشدا کەڵکی لێ وەرگیراوە کاتێ ناوی 'کامیل' لەگەڵ 'ناقیس' ی لای یەکتر داناون.

عەرەب گوتەنی ئەو خضوع و خشوعەی ئاوات لە بەرانبەر خودادا سەرسووڕهێنەرە، شاعیر خۆی کردۆتە ڕووڕەش و ناقیس و کەوڵ و پێستی گەدایی لە بەر دەرگانەی خودا ڕاخستووە.

شوێن و ساڵی گوترانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا گوندی قاقڵاوا و ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی  ڕاگەیێنراوە کە دەکاتە ساڵی ١٩٨٣ و ٨٤ ی زایێنی.

شیعرێکی ئایینییە و پاڕانەوەی شاعیرە لە خودا بۆ لێبووردنی گوناهی و لێ خۆش بوونی و سزانەدانی لە دوای مردن. دوو فەردی یەکەم ڕوونکردنەوەی بارودۆخی شاعیرن لە بەرانبەر خودادا و هەموو فەردەکانی دوای ئەو تا کۆتایی، پاڕانەوەیەتی لەر دەرگانەی خودا بۆ بەخشین. بە تەنیشت ئایینی بوونەوە، هەندێک ڕەگی عیرفانی و سۆفیایەتیش لە شیعرەکەدا هەست پێدەکرێت. بۆ نموونە، هێنانی ناوی ئالی عەبا ئەگەر بە ئامانجی ڕیکخستنی سەروا نەهابێت دەبێ وەک نیشانەیەک بۆ ئەو سوفیایەتییە سەیر بکرێت. دەنا بە حیسابی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە، سوننییەکی وەک کامیل شا دەبێ چیدابێت بە ئالی عەباوە![1]

هەندێک تەعبیری فارسی خزاونەتە ناو شیعرەکەوە و ئەوەش ڕوخسارێکی بەرچاوی شیعری 'ئاوات'ە کە خۆی دەربەستی واتا کردووە نەک قاڵب و فۆڕم، واتە بە شێوەی میکانیکی وشەی کوردیی پەتی نەهێناوەتە ناو شیعرەکانیەوە و بە پێچەوانە، خۆی داوەتە دەست مرخی شاعیرییەکەی و هەستیاریی لە باری تەکنیکی شیعرەوە بۆ هەرکوێ ئەو بردبێتی، چووە. نموونەی تەعبیری فارسی و عەرەبی لە شیعرەکەدا دەتوانێ ئەمانە بێت: سەرفکەندە، ئالی عەبا، بێ سەدا، سیا، عیسیان، جەزا و ناقیس.

دوو فەردی کۆتایی شیعرەکە تەنزێکی نەرم ونیانیان تێدایە کە لە ناو تەپ و تۆزی پاڕانە و خۆ بە گوناهبار زانین و داوای لێبووردندا وون بووە و بە هاسانی هەستی پێ ناکرێت: بەو سەر وڕیشەم ببەخشە، نەک بە ڕووی هێندە سیا! کامیلە نێوم بەڵام ناقیس لە دونیا مامەوە.

هەر ئەو تەنزە نەرمە لە کاتی قسە کردن و ڕووبەڕوو بوون لەگەڵ خودادا، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ڕەگە سۆفیایەتییەی وا لە سەرەوە باسم کرد. شاعیر وەبیری خودای دێنێتەوە و پێی دەڵێ وا بکە و وا مەکە (بەو سەر وڕیشەم ببەخشە، نەک بە ڕووی هێندە سیا!). تەنیا عارفان دەتوانن بەو شێوەیە خودا بدوێنن دەنا مەلا و ویشکە سۆفی وەها لە ترسی خودای جەبباری هاشمی بێ بەزەیی لە کون دەخزێن و دەلەرزن کە ناوێرن و بە خەونیش نابینن بتوانن بەو شێوە خۆمانەیە لەگەڵ خودادا بدوێن، دواندنیش هیچ، تەنانەت ڕێگای پیشان بدەن و لێی بخوازن چی بکات!

ڕەدیفی شیعرەکە حەرفییە (پیتی /ا/)؛ سەرواکەشی هەندێک بەربڵاویی بەسەرەوە دیارە: چوار جار ـەبا، ـەدا، ـەفا و ـەزا؛ دوو جار بکا و سیا؛ ئینجا یەک جار ودا. ئەو بازدان و لەم شێوازەوە بۆ شێوازێکی دیکە چوون، هەندێک جار لە شیعری گەورە شاعیرانی پێشووشدا دەبینرێت و بە بۆچوونی من درێژەی هەمان هەوڵی شاعیرە بۆ خۆ بە ناوەرۆکەوە ماندوو کردن و کەمتر گوێدانە فۆڕم. بەڵام لەبیرمان نەچێت جگە لەو وردەکارییە ناسکەی وا ئاماژەم پێکرد، بە گشتی سەروای شیعرەکە، لە خوێندنەوەی ئاساییدا تەواو و بێ عەیبە.

وشەی دنیا جارێک بە شێوازی کوردی ('دنیا' لە فەردی چوارەمدا) و جارێکیش بە شێوە فارسییەکەی ('دونیا' لە فەردی حەوتەمدا) نووسراوە.

لێم ببووری و خۆش ببی لێم و نەسێنی لێم جەزا، باوەکوو دووپات کردنەوەی وشەیەک لە فەردێکی شیعردا جوان نانوێنێت، بەڵام هەست دەکرێت شاعیر لێرەدا بە وشەی 'لێم' یارییەکی جوانی کردووە و بە دەستەقەسد سێ جار دووپاتی کردۆتەوە و مۆسیقای ناوخۆیی خوڵقاندووە، ئاکامێکی لەبەردڵانیشی لێ وەرگرتووە.

کەوڵ و پێست ڕاخستن، خۆ بە سەر کەسێکدا ساغکردنەوەیە؛ کۆتایی کارێکە خاوەن کار نەیتوانیبێت بە هیچ شێوەیەک چارەسەری بکات؛ کەوڵ و پێست لەبەر دەرگای دوایین ماڵی هیوا ڕادەخرێت و ئەوە بۆ هەندێک لە عارفانی ڕابردووی وڵاتانی ئیسلامی کارێکی ئاسایی بووە. هەندێک لە سۆفیان نەک هەر کەوڵ و پێستیان ڕاخستووە، بەڵکوو ئیش وکاریشیان نەکردووە و بە سواڵ و سەدەقە ژیاون، بەو دەریۆزە کردنەش شانازییان کردووە.

ناقیس لە دونیا مامەوە، واتە گەرچی ناوم کامیلە بەڵام بە باشی و تەواویی و بە گوێرەی ویست و فەرمانی تۆ لە دنیادا نەژیام و لەو ڕووەوە ناقیس بووم.

دوایین وشەی شیعرەکە باشتر بوو بە شێوەی 'کامیلا' بنووسرێت کە هەردوو چاپەکەش وایان نووسیوە بەڵام من وەک لە هەموو شیعرەکانی دیکەشدا ناو و ناسناوی 'کامیل' و 'ئیمامی' و 'ئاوات' م خستۆتە نێوان دوو کەوانووکەوە، لێرەشدا شێوەی کارەکەم درێژە پێدا و نەمگۆڕی.

 بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن

 


 

[1] .  بۆنمنوونە، ڕەنگە خوێنەر باوەڕم پێی سەیر بێت و خێرا دژی بۆچو٢ونەوکە بوەستێت ئەگەر بڵێم لە ئەدەبیاتی عارفانی ناوچەی کرماشان و ئەردەڵان و تەنانەت مەڵبەندە دوورترەکانی وەک موکریانیشدا هەندێک نیشانەی نفووزی ئایینی کۆنی ئەهلی حەق بەرچاوە و تێکەڵاوبوونی ئایینەکە لەگەڵ شیعایەتی (باوەکوو بەئامانجی خۆ پاراستنی خەڵکەکەش بووبێت)، ئەو چەشنە ئامێتەییەی خوڵقاندووە. ئەوە بیرۆکەیەکی خاوە و پێڕاگەیشتن و قووڵ بوەونەوە و بەڵگەهێنانەوەی زۆری دەوێت.

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de