دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٦٧

قارەمانی نەبەزی کوردستان

 

قارەمانی نەبەزی کوردستان

نە هەدادانی هەبوو، نە وەستان

نە بەزیی و نە تەزیی و نە کەوت

نە وەڕەز بوو، نە سرەوت و نە خەوت

تاوەکوو گرتییە باوەش پەرچەم

پەرچەمی دوژمنی هەر زۆر و ستەم

خاڵە! ئەو شەخسە دەزانی کێیە،

پەرچەمی ڕۆژی نەجاتی پێیە؟

وەک دەڵێن ڕۆڵەیی بارزانە یەقین

بۆ هەموو دەردی مە دەرمانە بە تین

هەلە، هەل! کاتی خەباتە، گەلی کورد!

دوژمنی کورد بە هەلە گەردنی ورد

تۆنەبی کورد لە هەموو جێ پەستە

دەیخەنە سوورە قەڵا دەس بەستە

لەوێ، نیئنۆکی هەموو دەردێنن

سەر ودەستی هەموو تێک دەشکێنن

          وای لە ڕووحییە دەدەن، تا دەمرێ

          سەری نەبزێوێ بەوەی لێی دەکرێ

                                 (ڕێکەوت و شوێنی گوترانی شیعرەکە ڕانەگەیێنراوە)

 لاپەڕە ٣٤٠ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نابینرێت

______________________________________

عینوانی شیعرەکە هەمان میسراعی یەکەمی فەردی یەکەمی شیعرەکە خۆیەتی.

شیعرەکە، مەسنەوییەکی سیاسییە و بە ڕاشکاوی لە پەسنی نەمر مستەفا بارزانیدا گوتراوە.

ساڵی گوترانی شیعرەکە لە دیوانی چاپی جەعفەردا (وەک تاقە سەرچاوەی بەردەست)، دیاری نەکراوە، بەڵام بە یەک نیشانەدا وای بۆدەچم کە لە دەیەی چلی ئێران (دەیەی ٦٠ ی زایێنی) و ڕەنگە لە سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوولدا گوترابێت. نیشانەکەش فەردی ٧ تا ٩ ی شیعرەکەیە کە لەوێدا باس لە 'سوورە قەڵا' دەکات. سوورە قەڵا وەرگێڕاوی کوردییە بۆ ناوی زیندانی 'قزڵ قەلعە' لە باکووری ڕۆژئاوای تاران- زیندانێک کە لە دەیەی ٣٠ و ٤٠ ی ئێراندا ئەشکەنجەگای گەلێک قارەمانانی خەباتکاری دژبەری ڕژیمی پەهلەوی دووهەم بوو.

زیندانی قزڵ قەلعە تەنیا لەو ساڵانەدا ناوبانگی هەبوو و دواتر لە دەیەی ٥٠ دا بە یەکجاری تێک ومەکان درا و ئێستا شوێنەکەی بۆتە بازاڕی سەوزە و میوە.[1] قزڵ قەلعە بە ئەشکەنجەی نامرۆڤانە و ئەشکەنجەچیانی وەک ' ئیستیوارساقی' یەوە، گەلێک بەدناو و جێگەی ڕق و کینی خەباتکاران و دژبەرانی ڕژیم بوو. کاک سوارەی ئێلخانی زادەش کە ماوەیەک لەوێ زیندانی بوو، شیعرێکی هەیە و تێیدا قزڵ قەلعە بە "سوورە قەڵا و شوێنی دەرد و بەڵا" ناودێر دەکات. نازانم شیعری کاک سوارە پێش ئەم شیعرەی مامۆستا ئاوات گوتراوە یان دوای ئەو، واتە بۆم ڕوون نییە زاراوەی 'سوورە قەڵا' داهێنانی کامیان بووە.

دیارە بە نیشانەیەکی دیکەدا دەکرێ پێمان وابێت کە شیعرەکە بۆ کۆچی دوایی بارزانی گوتراوە ئەویش کاتێکە لە فەردی یەکەمدا دەڵێ: "نەهەدادانی هەبوو، قەت، نە وچان؛ نەبەزی و نەسرەوت و نەکەوت". کرداری ڕستەکە، 'هەبوو' ە واتە باس لە ڕابردوو دەکات و بۆ ئەوە دەبێت دوای مردنی کەسەکە گوترابێت. بەڵام لە فەردەکانی دواتردا کرداری ڕستە دەبنتە زەمانی حاڵ و لە ڕابردوودا نامێنن، وەک "دەزانی کێیە؟"  و "پەرچەمی ڕۆژی نەجاتی پێیە".

واتای هەندێک لە وشەکان:

پەرچەم، ئاڵا، عەلەم.

پەرچەمی دوژمنی هەر زۆر و ستەم، واتە ئەو پەرچەمەی گرتە باوەش کە دوژمنی هەموو چەشنە زۆر و ستەمێک [ی نەتەوایەتی] بوو، دیارە پەرچەمەکەش دەبێ ئاڵای کوردستان بێت. ئەگەرێکیش دەتوانێ ئەو هەواڵەبێت کە هەندێک کەس گێڕاویانەتەوە و بە گوێرەی ئەو، دوای هەرەسی کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد ئاڵای کوردستانی ئەسپاردۆتە دەست بارزانی.

مە، ئێمە

هەلە، هەل! تەئکید و پێداگرتنە لەسەر چەمکی دەرفەت و هەلێکی گونجاو کە بە گوێرەی شاعیر لە سەردەمی گوترانی شیعرەکەدا بۆ خەباتی نەتەوایەتی هاتۆتە پێشێ.

دوژمنی کورد بە هەلە گەردنی ورد، واتە دوژمنی کورد بەو هەلەی ئێستا هاتۆتە پێشێ گەردنی ورد دەبێت.

پەست، سووک و ڕێز لێنەگیراو.

نینۆک دەرهێنان، چەشنێک ئەشکەنجەی وەحشییانە کە لە زیندانەکانی ئێراندا بۆ هەندێک کەسایەتی گرنگی ئوپۆزیسیۆنی ڕژێمی شا باو بوو. (دیارە مەلاکانی ئێستا لەوە زیاتریش دەکەن!)

وای لە ڕووحییە دەدەن، واتە وەها ئازاری ورە و تاقەتی دەدەن کە بەو بەڵایانەی بە سەری دێنن، دواتریش نەوێرێت سەربزێوی بکات.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مسدس مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلن

 

[1] .  واهەیە بێ جێ نەبێت ئەگەر بڵێم من لە ساڵی ١٣٥٢ (١٩٧٣) دا لە قزل قەلعە زیندانی بووم و تاقمی ئێمە دوایین کەسانێ بوون کە لەوێدا دەست بەسەر کرابوون. ڕۆژێکی کۆتایی هاوینی ئەو ساڵە هەموومانیان سواری ئوتوبۆس و مینی بوس کرد و بردیانین بۆ زیندانی 'ئێڤینی تازە' کە هێشتا زیندانیی تێدا نەبوو و دەرگای قزڵ قەلعەیان قفڵ دا و پاشان ڕووخاندیان. ئێمە یەکەم تاقمی زیندانی بووین کە لە ئێڤینی تازەدا دەست بەسەر کراین. من لەوێوە برامە زیندانی قەسر و دوای تەواو بوونی ماوەی زیندانەکەم لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە زیندانیان کە ماوەی زیندانمان تەواو ببوو، سەرلەنوێ براینەوە ئێڤین و دەورو بەری ٦-٧ مانگ بە زیادی ڕاگیرام، ئینجا لەوێوە ئازاد کرام؛ ئەوە پێی دەگوترا "عدل پهلوی"!