دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٦١

سەمای سەر

 

 

شیواو و پەرێشانم وەک زولفی پەرێشانت

خەم بوو بە خەمت هەر وەک ئەگریجەیی گۆچانت

بیخە ملم و بیبە ئەم کەلـلە بە شەق، وەک گۆ

با بێتە سەما بۆ تۆ، هەڵسووڕێ لە مەیدانت

          بۆچیمە سەری بێ لەش، بۆچیمە لەشی بێ سەر؟‌‌

          هەردوک بە فیدای تۆ بن، هەردووکی بە قوربانت!‌‌‌

                                             (زەنبیل ١٣٣٠ ی هه‌تاوی)

 لاپەڕە ٨٠ ی چاپی جه‌عفه‌ر و‌ ١٠٥ ی چاپی ئه‌نیسی‌

 

عینوانی شیعره‌که‌ له‌ چاپی ئه‌نیسی دا 'بە قوربانت' ه. ئەنیسی ڕاستەوخۆ لە دوا ووشەی دوایین فەردی وەرگرتووە بەڵام جەعفەر لە دوو ووشەی جیاوازی فەردی دووهەم تەرکیبێکی تازەی لێ دروست کردووە و وەک عینوان بۆی داناوە.

 

بە ڕواڵەت شیعرێکی غەرامییە و دەبێ بۆ گراوییەک گوترابێت. بە تایبەت کاتێ کە باسی زولف و ئەگریجەی کەسەکە دەکات ئەو ڕوالەتە دەبێت بە واقیع و بە تەواوەتی دەسەلمێت. بەڵام بە حیسابی ئەوەی ئاوات شیعرەکەی لە ٤٨ ساڵیدا گوتووە و دەبێ لەو تەمەنەدا کەف و کوڵی ئەوینداریی سەردەمی لاویەتی نیشتبێتەوە، کاتێ لە دوو فەردی دواتردا هەندێک زێدەڕۆیی دەکات و سەری خۆی وەک گۆی ناو مەیدان دەخاتە بەر شەقی کەسەکە، هەستی ئەوەش لە خوێنەردا دروست دەبێت کە واهەیە ڕووی لە دۆستێک یان گەورەیەکی ناو بنەماڵەی خۆی بووبێت.

 

دیارە من ئەو قسانە بە پێوانەیەکی میکانیکی دەکەم، دەنا مرۆڤ، بە تایبەت مرۆڤێکی هەستیار و شاعیر مەسلەک، دەتوانێ لە تەمەنی زیاد لەو ٤٨ ساڵەشدا عاشق بێت و خۆی بکاتە قوەربانیی گراوییەکەی. ئەودەم دەبێ 'گۆچانت' یش وەک 'گۆچان' واتا بکەینەوە کە لە ژێر گوشاری سەروادا جێناوی /ت/ ی لێ زیاد کراوە.  خۆ ئەگەر وابێت، شیعرەکە عاشقانە وغەرامییەکە ئاو ناپاڵێوێت!

 

شیعرەکە، بە حیسابی ژمارەی کەمی فەردەکانی واهەیە وەک 'قەتعە' بێتە حیساب نەک غەزەل.

 

خەم بوو بە خەمت: 'خەم'ی یەکەم فارسییە و بە واتای نووشتایەوە هاتووە. 'خەم' ی دووهەم پەژارە و خەفەتە. ئێستا پرسیار ئەوەیە شاعیر کاتێ دەڵێ 'خەم بوو' نیازی لە چییە و دەیەوێت بڵێت چ شتێک نووشتاوەتەوە؟ دیارە بە حیسابی "شێواو و پەرێشانم" دەبێ نیازی لە خۆی بێت، بەڵام بۆچی ڕوونی نەکردۆتەوە و نەیگوتووە باڵام خەم بۆتەوە یان پشتم یان چی؟ بۆچی مەسەلەکەی لە پڕوپێستدا هێشتۆتەوە؟ ئایا بەهۆی گوشاری کێشی شیعرەکەوە بووە کە نەیتوانیوە وشەیەکی دیکە لە میسراعی دووهەم زیاد بکات و نیازی دڵی خۆیمان بە ڕوونی پێ بڵێت؟ یاخود بە دەستەقەسد ئەو پرسیارەی لەبەردەم خوێنەر قوت کردۆتەوە؟

 

من ئەگەرێکی سێهەمیش لەپاڵ ئەو دوانەی سەرەوە دادەنێم: تۆبڵێی لە بنەڕەتدا میسراعی دووهەم بە شێوەی خوارەوە نەبووبێت: "خەم بووم بە خەمت..."؟ ئینجا دواتر ئەنیسی و جەعفەر، یان تەنانەت خودی شاعیر، ئەو گۆڕانکارییەیان تێدا نەکردبێت؟ ئەم شێوازە نوێیەی ڕستەکە، کێشە و ناتەواوییەکە  چارەسەر دەکات بەڵام ئەوە دەست تێوەردانێکی ناپسپۆڕانە و ناشاعیرانە دەبێت لە شیعری شاعیرێکی هەستیار و من خۆم پەسندی ناکەم، باسکردنیشی بۆیەیە کە لە کاتی وردبوونەوە و واتاکردنەوەی وشەکاندا بتەوێت و نەتەوێت ڕووبەڕووی ئەو گرفتە ڕێزمانییە دەبییەوە و ناتوانی چاوی لێ بپۆشی، وەک منیش نەمپۆشی و گوتم!

 

ئەگریجە: وشەیەکی تورکی یان مغوولییە و لە موکریان گەلێک باوە. هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار بە "بسک و مووی بە سەر لاجانگدا هاتوو"ی واتا کردۆتەوە و واتای فارسی 'زولف' یشی لێ وەرگرتووە. دیارە ئەوە ڕاستە بەڵام تەواو نییە. ئەگریجە، بریتییە لە بسک یان موویەک کە بە سەر لاجانگدا دێتە خوارێ بەڵام بە هۆی شانە کردنەوە هەندێکیش سووڕی پێدەدرێت و بەرەو ڕوومەت خوار دەکرێتەوە. هەر ئەو سووڕ پێدان و ئەو خوار بوونەوەیەشە، کە واتا بە ناوەکەی دەدات و شاعیریش بەهۆی شوبهاندنی بە گۆچانەوە، ئەو خاڵەی بە باشی پێکاوە. ئەگری یان ئەیری، چ تورکی بێت و چ مغوولی، بەواتای خوار و ناڕاستە بەڵام هەنبانە بۆرینە ئاماژەی بەو پێچ و خولەی زولف نەکردووە.

واتای 'جە' ی تەنیام نەزانی چییە.

 

به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که‌:

هزج مثمن اخرب: مفعول مفاعیلن // مفعول مفاعیلن