دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:á ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

پارچە شیعری سێهەم، لاپەڕە ٦٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

 

دەردی دووری

تۆ چوویە وڵاتێ کە نەبینم ئەسەری تۆ

دوور کەوتی لە من تاکوو نەبیسم خەبەری تۆ

ئەی نووری دڵ و قووەتی ئەژنۆم! بە سەری تۆ

ڕۆحم وەکو پەروانە گەڕا دەوروبەری تۆ

ئەو حاڵەت و هۆش و هونەرەی ئەودەمە من بووم

ئێستێ نییە تاقی، هەموو قوربانی سەری تۆ

دڵ هەر وەکوو عەوداڵە لە دووت، تاڵە ژیانی

چاوم وەکوو ئاوپاشە لە ڕێگە و گوزەری تۆ

ڕەحمێ بکە بەم ڕیشە سپی و چاوە پڕئاوە

نەتزانی لەدڵ حەستەمە ئاخر سەفەری تۆ؟

ئەی من بە فیدای ڕۆیین و کۆچ و سەفەرت بم!

چت کردبوو ئاخر کە وەها دەربەدەری تۆ؟

هەستە، وەرەوە گیانە، وەباڵت بە ملی من

وەستۆ دەگرم شەرتە هەموو خێر وشەڕی تۆ!

                                 قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هەتاوی

 

______________________________________

ئەم شیعرەش لە پەیوەندی هەمان ئەو ساڵانە دا گوتراوە کە لە پارچە شیعری ژمارە ١ و ٢ دا باسی لێوەکرا، واتە ساڵانی دوای ١٣٤١ و شۆڕشی ئەیلوول، چوونی زۆر لاوی دڵسۆز و پەرپرس بۆ باشووری کوردستان، کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی دووهەمی حزب کە تێیدا نەمر سەیدکامیل بە ئەندامی "غیابی" کومیتەی ناوەندی و سەید تاهیری کوڕی بە ئەندامی کومیتەی چاوەدێریی حزب هەڵبژێرران.

ئاغا سەیدتاهیر ئەودەم لە باشووری کوردستان و لەنێو پێشمەرگەکانی حزبدا دەژیا. ئەم شیعرە بە ڕوونی دەردی دووریی باوکێک لە ڕۆڵەکەی دەردەخات و ساڵی گوتنی شیعرەکەش هەمان ئەو ساڵانەیە کە کاک تاهیر لە باشوور بووە.

شیعرەکە ڕاستییەکی دیکەش دەردەخات ئەویش بێ هیوایی و دڵساردیی شاعیرە لە بارودۆخەکە و هەست بە مەترسی کردنی گیانی کوڕەکەی، کە وەک بینیمان زۆریش بێ جێ نەبوو وگەلێک لاوی دڵسۆزی گەل لەدرێژەی کارەکەدا شەهید کران. سەیدکامیل لێرەدا بانگی کوڕەکەی دەکات و دەڵێ وەرەوە، من بەرپرسیایەتی چاک و خراپت [لای حکوومەت] وە ئەستۆ دەگرم.

شیعرەکە ئاوێنەی هەستی مرۆڤێکە دەرحەق بە جگەرگۆشەکەی و بەم تەعبیرە، زۆر ئینسانی و بەرپرسانەیە. دیاردەیەکی جێگەی باس یان وشە و تەعبیرێکی دوور لە زیهن لە شیعرەکەدا نییە باسی لێوە بکرێت.