دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢٣٢

چەکی من

 

چەکی من، گیانەکەم، تیغی خودایە

نە فێڵ و شۆخی لایە ئەو، نە کایە!

وەکوو ئەڵماسی تیژە بۆ بڕینی

بە ناسۆرە هەمیشە ئەو، برینی

بە ناحەق وێمکەوێ هەرکەس لە هەرکوێ،

ئەوەندە سەختە، ڕێگەی لاقی دەسوێ

            تەبەق دەگرێ وەکوو پانێر لە کێوی،

            لەبەر چاو ون دەبێ وەک مامەڕێوی!

(لاپەڕە ٢٠٧ ی چاپی ئەنیسی، لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

_____________________________________________

قەتعەیەکی کورت بەڵام پڕ واتایە. هەڕەشە و گوڕەشەیە لە نەیار و دوژمنان. شاعیر خۆی بە مەزڵوومێک داناوە کە خودا ئاگای لێیەتی و لەسەری دەکاتەوە. دەڵێ خودا، یان تیغی خودا، گاڵتە و شۆخی نازانن و لەگەڵ کەسیش کایە ناکەن، بەڵکوو ڕاست و ڕەوان هەرکەسێک کە "بە ناحەق وێمکەوێت"، دەیبڕن و لاقی دەسوێن و تووشی نەخۆشی تەبەقی دەکەن کە نەتوانێ بەڕێگەدا بڕوات. تەبەق بە گشتی، نەخوشیی ئاژەڵی وەک گا و مانگا و گامێشە و ئەوەی شاعیر دەڵێ دوژمنەکەم تەبەق دەگرێ، تەوسێکیشی تێدایە کە کابرای بە مرۆڤ دانەناوە! 

تاڕادەیەک وەک نامەیەکی شیعری دەچێت کە ئاوات بۆ دۆستێکی خۆی ناردبێت بۆئەوەی پێی بڵێت هیچ ترسێکت لە دوژمانیەتی کردنی خەڵک لەگەڵ من نەبێت، لەبەر ئەوەی خودا ئاگای لێمە.

شۆخی: گاڵتە، سوعبەت

کایە: یاری

ناسۆر: برینی تەشەنە کردوو

وێمکەوێ: لێم بدرێت

ڕێگەی لاقی دەسوێ: دەکرێ بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە: "سەختە ڕێگەی، لاقی دەسوێ" یان ئەگەرێکی دیکە: ڕێگەی لاق لە ڕاستیدا ڕەگی لاق بێت. هەرچۆنێکە، هەندێک نامۆ دەنوێنێت.

سواندن: ساوین، ورد کردن و زبری لە شتێکدا نەهێشتن (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار).

بەئەگەری زۆر، شاعیر لەم فەردەدا دەڵێ هەر نەیارێک بە ناحەق بێت و خۆم لێ بدات، خودا هەر لە ڕێگە، لاقی دەسوێت و ناهێڵێت بگاتە من.

پانێر: گوێلکی پار


 

www.rojhalat.de / www.bokan.de