دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢٣١

هەڵاڵە و بەهار

 

مەحبووبی نەوبەهاری من ئەوڕۆ هەڵاڵەیە

عوقدەی دڵم بە پشکوتنی وی حەواڵەیە

یاڕەب! گرێی دڵم بکەوە، گوڵ بپشکوێ

لەم مانگی ناوەڕاستی بەهار، لەم مەحاڵەیە

ئەم سەرزەمینی کوردە، کە جێگەی ژیانمە،

جێی نەرگس و وەنەوشە و شەوبۆ و ژاڵەیە

بولبول بخوێنێ، جەرگی  کەوێ بەرگ و باری گوڵ[1]

شوێن، شوێنی بەرگی سۆێسن و هەڵاڵەی قەباڵەیە

هەر سەتری گەر وەدەرکەوێ، سەتحی ژیانییە

بۆ کوردەکانی ژیر و زرینگیش نواڵەیە

بولبول ڕەفیقی ساقییە لەم کاتی شادییە[2]

ئەو، مەستی بۆی هەڵاڵەیە، ئەم مەستی پیاڵەیە!

لەم کاتە خۆشە، موڕتەجیعان بۆچی ناکەون

لەو فیکری هیچ و پووچ و درێژ و بەتاڵەیە!

هات بانەمەڕ، بەخێرێ بە سەد ڕەنگی تازەوە

دێنە درێ سپی و ڕەش و سوور و ئاڵەیە

هەر فیتەفیتی شوانە لەسەر پەرچە بۆ مەڕی

هەر قیژەقیژی بێرییە کە شوان بۆ لە ماڵەیە[3]

            کاکی قزڵجی! شیعری "زرنگ" ناقیسە، بەڵام[4]

            تەکمیلی وان هەموو بە جەنابت حەواڵەیە

                        ناوەڕاست مانگی بەهاری ساڵی ١٣٢٥ ی هەتاوی

(گۆڤاری هەڵاڵە، چاپی بۆکان، ژمارە ٢،  خاکەلێوەی ١٣٢٥ ی هەتاوی؛ لە چاپی ئەنیسی و جەعفەردا نەهاتووە)

___________________________________ 

ئەم شیعرە، لە هیچکام لە دیوانە چاپکراوەکانی ئەنیسی و جەعفەردا نەهاتووە و من لە ژمارە ٢ ی گۆڤاری هەڵاڵە چاپی ساڵی ١٣٢٥ ی بۆکاندا چاوم پێی کەوت.

سەرنووسەری گۆڤاری هەڵاڵە نەمر مامۆستا حەسەنی قزڵجی بوو کە مەلاکانی ئێران لە زینداندا شەهیدیان کرد. قزڵجی لە سەردەمی کۆماری کوردستان (١٩٤٦) دا، بە هاوکاریی نەمر مامۆستا هەژار گۆڤاری هەڵاڵەی لە بۆکان چاپ دەکرد. مامۆستا هەژار ئەودەم ماڵی لە گوندی شەرەفکەندەوە هێنابووە بۆکان و بۆ ماوەیەک کار و کاسپی دەکرد، ماوەیەکیش لە ئیدارەی دوخانیاتی بۆکان دامەزرابوو، ئینجا لە هەرەسی کۆماری کوردستاندا بۆکانی بەجێ هێشت و لە باشووری کوردستان گیرسایەوە.

چاپخانەی هەڵالە بە فەرمانی پێشەوا کاتێ لە مەهابادەوە کاتێ ڕاگوێزرایە بۆکان وەک شاری دووهەمی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، کە سۆڤیەتییەکان چاپخانەیەکی گەورەتریان لە مەهاباد دامەزراند.

گۆڤاری هەڵاڵە لە ماوەی ڕەشەمەی ١٣٢٤ و بانەمەڕی ١٣٢٥ ی هەتاویدا[5] سەرجەم ٣ ژمارەی لێ دەرچووە و ئەم شیعرە لە ژمارە ٢ دا بڵاوکراوەتەوە. ژمارە ٢ ی هەڵاڵە ڕێکەوتی خاکەلێوە [فەروەردین] ی ساڵی ١٣٢٥ ی بەسەرەوەیە. ئەو مانگە بەرانبەرە لەگەڵ مانگی ماڕچ و ئاپریلی ساڵی ١٩٤٧ی زایێنی.

ناوەرۆکی شیعرەکە نەتەوایەتییە و پێداهەڵگوتنی گۆڤاری هەڵاڵە و پیرۆزبایی دەرچوونیەتی و تێکەڵاوێکە لە هەستی مرۆڤایەتی، بابەتی لیریکی وەک ناوی گوڵ و بولبول و ساقی  و بیری کوردایەتی و پەسنی ئاڵای کوردستان.

شیعرەکە ئاماژەی بە هەندێک مەسەلە تێدایە کە پێویست بە ڕوون کردنەوە دەکەن.

موڕتەجیعان: ئەو زارەاوەیە لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستاندا، بە هەندێک ئاغا و دەرەبەگ و سەرەک عەشیرەت و بەشێکی کەم لە مەلایان و بە گشتی هەموو ئەو کوردانە دەگوترا کە لە بەرانبەر کۆماردا وەستا بوون و هەندێک ئاشکرا و هەندێک نهێنی، پەیوەندییان لەگەڵ مەئموورانی حکوومەتی ناوەندی بەستبوو و لەو پەیوەندییانەدا هەواڵی ڕووداوەکانی کۆماریان پێ ڕادەگەیاندن. ئەو تاقمە خەڵکانە لە لایەن شاعیران و نووسەرانی نیشتمانپەروەرەوە کەوتبوونە بەر هێرشی تانە و توانج و هەندێک جار تەنانەت جنێویش. لاپەڕەی چاپەمەنییەکانی ژێکاف وەک 'دیاری کۆمەڵەی ژ. ک بۆ لاوەکانی کورد' و گۆڤاری 'نیشذتمان'، هەروەها گۆڤاری 'کوردستان'  و ڕۆژنامەی 'کوردستان ' ئەو مەسەلەیەمان بە باشی بۆ دەردەخەن. دیارە سەید کامیلیش یەک لەو شاعیرانە بووە کە لە شیعرەکانیدا بەرانبەر بەو کەسانە ڕەنگدانەوەی هەبووە و ئەو شیعرەش نموونەیەکیەتی.

فەردی مەقتەعی شیعرەکە ناوی 'کاکی قزڵجی' و 'زرنگ' ی تێدایە. قزڵجی هەمان مامۆستای نەمر حەسەنی قزڵجی سەرنووسەری گۆڤارەکەیە و 'زرنگ' 'یش ناسناوی خودی ئاوات بووە لە کۆمەڵەی ژێکافدا، کە زوربەی سەرچاوەەکان وەک 'زرینگ'یان تۆمار کردووە.

مەسەلەی مانگی گوترانی شیعرەکە و چاپ کردن و بڵاوبوونەوەی: وەک گوترا، ژمارە ٢ ی هەڵاڵە ڕێکەوتی خاکەلێوەی ١٣٢٥ واتە یەکەم مانگی بەهاری  ئەو ساڵەی بەسەرەوەیە. بەڵام فەردی دووهەمی شیعرەکە باس لە "مانگی ناوەڕاستی بەهار" دەکات. بە بۆچوونی من، سەرنووسەری گۆڤارەکە ویستوویەتی هەڵالە بکاتە گۆڤارێکی مانگانە و هەر بۆیەش هەر سێ ژمارەکەی ڕێکەوتی ڕێک و پێکی سێ مانگی ڕەشەمە، خاکە لێوە و بانەمەڕ [ئیسفەند، فەروەردین و ئوردیبیهێشت] ی لەسەر داناون. بەڵام ئەوە ناتوانێ بەو مانایە بێت کە حەتمەن ژمارەی ناسراو بەو مانگانە، حەتمەن لە ڕۆژی کۆتایی مانگەکەدا بڵاو بووبێتەوە و نەکەوتبێتە ڕۆژێک دواتر! نەک ئەودەم، بەگشتی ئێستاش واهەیە گۆڤاری مانگانەی ئەم مانگە لە مانگی داهاتوودا بکەوێتە بەردەستی خوێنەر.

کەوابوو، دەکرێ ژمارەی مانگی یەکەمی بەهار لە مانگی دووهەمدا بڵاو بووبێتەوە. ئەگەر ئەو بۆچوونە بسەلمێنین، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەش کە شیعری ئیمامی لە مانگی دووهەمی بەهاردا گوتراوە و هەر لەو مانگی دوەوهەمەش، لە ژمارە ٢ی گۆڤارەکەدا چاپ کراوە گەرچی گۆڤارەکە ڕێکەوتی مانگی یەکەمی بەهاری بەسەرەوە بووە.

ئەوەی وا بۆچوونەکەی من بەهێزتر دەکات، بوونی هەندێک هەڵە و پەڵەی 'کێش'ە بەسەر شیعرەکەوە کە وێدەچێت شاعیر بە پەلەپەل شیعرەکەی ئامادە کردبێت و پێش ئەوەی دەرفەتی پێداچوونە و ڕاستە وپێستە کردنی هەموویانی بووبێت، ناردبێتی بۆچاپ ئینجا داوای لە سەرنووسەری گۆڤارەکە کردبێت هەڵەکانی بۆ بنەبڕ بکات: "تەکمیلی وان هەموو بە جەنابت حەواڵەیە". ئەوانە هەموو ئەگەرن و واهەیە ڕاستیش نەبن.

"تەکمیلی وان هەموو بە جەنابت حەواڵەیە": دوایین میسراعی شیعرەکەیە. ئیمامی مرۆڤێکی خۆ بەکەم زان و بێ دەعیە و فیز بووە و لە سەرجەم دیوانەکەیدا دەیان جار تووشی ئەو دیاردەی خۆ بەکەم دانانە دەبین. لێرەشدا داوا لە قزڵجی دەکات ناتەواوییەکانی شیعرەکەی بۆ تەواو بکات لەبەر ئەوەی خۆی گوتەنی، 'ناقیس'ن.

بەڵام ئەو بۆچوونە دەمانباتە سەر مەسەلەیەکی جیددی ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە چەند شوێنی شیعرەکەدا لەنگیی و ناتەواویی تەکنیکی شیعرەکە بەرچاون و من نەمویست دەستیان تێبەرم یان بیانگۆڕم.

دوایین خاڵێک کە بمەوێ دەست نیشانی بکەم ئەوەیە شیعرەکە بە هەندێک جیاوازیی سەرواوە، لە ئیستیقباڵی شیعرێکی ڕازاوەی نالیدا گوتراوە کە ئەوە مەتلەعەکەیەتی:

"بنواڕە وشکە سۆفی و ڕەقسی بە هەلهەلە                                                                                  دیسان لە بەحری وشکی هەوا کەوتە پێ مەلە"

تا ئەو شوێنەی کە دەڵێ:

"شێخم، چ گەرمە حەڵقەیی زیکرت بە ڕەشبەڵەک!                                                                   حاڵی ئەمانە خۆ بە جەنابت موحەووەلە"

عوقدە: گرێ. واتە گرێی دڵم بە پشکووتنی گوڵی هەڵاڵە دەکرێتەوە.

لەم مەحاڵەیە: مەحاڵ: ناوچە و شوێن، کە دەبێ نیازی لە بۆکان بێت. بەڵام لە موحاوەرە و قسەی سەر زاری خەڵکی ناوچەکەدا زەرفی زەمانیشە واتە بە واتای کات و دەمیش دێت.

پشکوتنی: من لە کاتی ڕوونووس کردنی شیعرەکەدا، بە دەستەقەسد بە یەک واوم نووسی بۆ ئەوەی کێشی شیعرەکە لە خوێندنەوەدا زۆر قورس نەبێت.

بولبول بخوێنێ: لەنگی لە هەردوو میسراعی فەردەکەدا بەرچاوە. تۆ بڵێی شیعرەکە خۆی ناتەواو هۆنرابێتەوە یان لە پیت چنینی چاپدا وای لێ بەسەر هاتبێت؟

هەر سەتری، گەر وەدەرکەوێ، سەتحی ژیانییە: هەر دێڕێکی گۆڤارەکە ئەگەر چاپ بکرێت، هاوسەتحی ژیانی شاعیر، یان ژیانی خەڵکەکەیە. واتە هەموو دێڕێکی گۆڤارەکە بە قەدرایی ژیانی مرۆڤ گرنگە. ئەوە تێگەیشتنی منە لە میسراعەکە و لام وایە دەرچوونی گۆڤارێکی کوردی ئەویش لە شارەدێیەکی وەک بۆکانی ئەو سەردەمە بۆ شاعیر و خەباتکارێکی سیاسیی کورد وەک ئیمامی خاوەن گرنگایەتییەکی زۆر بووە.

نواڵە: نان و ڕزق

لەم کاتە خۆشە: لەم کاتە خۆشەدا، یان لەم کاتی خۆشییەدا.

بۆچی ناکەون: ئەگەر میسراعی دواتری فەردەکەی بەشوێندا نەهاتبایە سووکایەتییەکی تێدا دەردەکوت بۆ خەڵکانی موڕتەجیع. کەوتن و پاڵکەوتن بە واتای ڕاکشان و خەوتنە و بە عادەت بۆ ئاژەڵ دەگوەترێت. بەڵام کاتێ میسراعی دووهەمی فەردەکەی بەشوێندا دەخوێنریتەوە، بابەتەکە تەواو دەگۆڕێت و دەبێتە شتێکی تر: بۆچی مورتەجیعان لەو فیکرە هیچ و پووچە ناکەون، واتە بۆچی دەستی لێ هەڵناگرن؟

درێژ: سیفەتێکی دیکەیە بۆ فیکری مورتەجیعان کە لەگەڵ هیچ و پووچ و بەتاڵدا هاتووە و واهەیە واتای کۆن و لەمێژین بداتەوە و شاعیر بیەوێت بڵێت بۆچی دەست لەو بیرە کۆن و قەدیمییە هەڵناگرن کە ئێستا ماوەی بەسەرچووە!

سپی: لام وایە دەبێ وەک سپیی و ڕەش و... بخوێنرێتەوە بۆ ئەوەی کێشی شیعرەکە بپارێزرێت.

پەرچ: مێشە. هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار وەک "مێشە و لێڕی چوغور"ی لێکداوەتەوە.

فیتەفیت: دەنگی فیتوو لێدانی شوان.

هەر قیژەقیژی بێرییە: کلیلی واتاکردنەوەی میسراعەکە و بەگشتی هەموو فەردەکە لە کرداری "بو"دایە و ئەوەی ئایا دەبێ وەک "بۆ" بخوێنرێتەوە یان وەک "بوو"، وانەبێت میسراعەکە لێک نادرێتەوە. من خۆم وەک "بۆ"ی دەخوێنمەوە و ئەودەم ڕستەکە دەبێتە پرسیاریی: شوان بۆ لە ماڵەوەیە؟ واتە بۆ هاتۆتەوە ناو دێ؟ ئەگەر وا بێت قیژەقیژی بێری دەبێ لەبەر ئەوە بێت کە درەنگە، با پەلە بکەم و بگەمە مەڕ دۆشینەکەم، ئەو شوانە نالەبارە بۆچی وا زوو مێگەلی هێنایەوە ناو دێ و لێنەگەڕا خۆم ئامادە بکەم! نەدەکرا درەنگتر بێتەوە؟ جا ئەو پەلە و هەلەیەی بێری لەبەر پێگەیشتن بە ئەرک و کار و زەحمەتی بەردەوامی ڕۆژانەی بووبێت یان بۆ خۆ ڕازاندنەوە و چوونە بەرچاوی کوڕەلاوی ناو گوند، یان بۆ بەستنی گەڕی هەڵپەڕکێ کە هەندێک جار بێری دوای هاتنەوەی مێگەڵ بۆ ناوگوند، لەگەڵ یەکتر دەیانبەست و واهەبوو شوانە و لاوانی دیکەی گوندیش بە شمشاڵ و گۆرانی و دەست گرتن، لەگەڵیان بکەون.

لەماڵەیە: لە ماڵەوەیە. ئەوەش یەک لە ناتەواوییەکانی شیعرەکەیە کە شاعیر بۆ پاراستنی سەروا و کێش تووشی هاتووە و ئاوای بەیان کردووە.

تەکمیلی وان: تەواو کردن و هەڵەبڕیی شیعرەکانی زرنگ دەدرێتە دەست جەنابت، کە کاکی قزڵجی بیت!


 

[1]  کرداری 'کەوێ' لە دەقەکەدا وەک 'کری' دەبینرێت. دڵنیا نیم دەبێ چی بێت. من بە گوێرەی کێشی شیعرەکە وەک 'کەوێ'م خوێندۆتەوە.

[2]  لە دەقەکەدا وەک 'شادیە' هاتووە.

[3]   لە دەقەکەدا وەک 'بو' نووسراوە.

[4]  لە دەقەکەدا وەک 'ناقسە' هاتووە.

[5]  مانگی فیبریوێری و ماڕچ تا ئاپریل و مەی ١٩٤٧ ی زایێنی.


 

www.rojhalat.de / www.bokan.de