دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢١٣

چوارینەکان  (ڕوو لە کەس وکاری شاعیر)

(٢٧ تا ٣٠)

 

 

٢٧

ئەو کەسەی ئەمنی بەجێ هێشت بێ خەتا، یادی بەخێر!

ئەوکەسەی ئەمنی بە خەم کرد موبتەلا، یادی بەخێر!

ئەو کوڕەی جەرگ و دڵی بابی کەباب کرد و هەڵات،

وا بە ئاوری دووری برژاندی، کووا؟ یادی بەخێر![1]

 

٢٨
یاخوا هەر بژی ئەی ڕۆڵەی بەڕێز!
نامه دەنووسی بۆ لام به پارێز!
کوا دایک و بابت له تۆ ناڕازین؟
لە تاو تۆ گیانه نەیانماوه هێز

 

٢٩

له نزیک بەهار تین بۆ لەشم هات
کۆرپەی خۆشەویست بۆ باوەشم هات
ئەو کۆرپه چ بوو؟ نامەی کوڕی چاک
[2]
زۆر خۆشەویست بوو که هات بۆ "ئاوات"

 

٣٠

لە باوەشم گرت ئەو کۆرپە جوانە

بۆ پیری وەک من مایەی ژیانە

یاخوا هەر بژی، مەرگت نەبینم

ژینی بەخۆشیت بۆمن دەرمانە[3]

 

______________________________________________

ئاوات لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لەناو خەڵکدا کەسایەتییەکی خۆشەویست و لەبەردڵان بوو. وێدەچێت لە ناو بنەماڵە و کەس وکاری خۆشیدا هەر وا بووبێت. ئەو چەند پارچە شیعرەی وا سەبارەت بە خزم و خەڵکانی دەوروبەری خۆیشی نووسیون، کوڕ، برا، مام، ئامۆزا و خەزوورە، هەموویان پیشاندەری پەیوەندێکی گەرم و گوڕن لە ناویاندا.

بە داخەوە، ئاوات وەک کەسایەتییەکی ناوبەدەرەوەی بنەماڵەی شێخانی زەنبیل ئەگەر شیعرێکی گوتبێت تەنیا بۆ ئەندامانی نێرینەی بنەمالەکەیان بووە و نەک هەر ئەوەش بەڵکوو لە پەیوەندی دەرەوەییشدا ڕووی قسەی تەنیا لە پیاوانی دۆست وبرادەری خۆی بووە و وەک نەریتێکی هاوبەش لە نێوان هەموو شاعیرێکی دیکەی هاوتەمەن و هاوچەرخی خۆی لە کۆمەڵگای پیاوسالارانەی کوردستاندا، شیعری بۆ ژن یان ئەندامانی مێینەی بنەماڵە و کۆمەڵگا نەگوتووە.

بەم پێیە، ئەو چوارینانەی وا لێرەشدا دەبینرێن، تەنانەت ئەگەر بۆ کچ یان کچی کوڕەکانی شاعیریش گوترابن، مەسەلەکە ڕانەگەیێنراوە و ئێمەی خوێنەر پێی نازانین.

لەم چوار چوارینەیەی ئێرە، یەکەم و سێهەمیان ڕووی لە کوڕی شاعیرە. دووهەمیان هی منداڵێکی شاعیرە کە بە گوێرەی ناوەرۆکی شیعرەکە، لە شوێنێکی دەرەوەی ماڵەوە نامە بۆ بابی دەنووسێت و بە ئەگەری زۆر ئەویش هەر دەبێ یەک لە کوڕەکانی شاعیر بێت؛ گەرچی دەکرێ کچێک بێت و لە ماڵە مێردەوە نامەی بۆ باوکی نووسێبێت. چوارینەی چوارەم سەبارەت بە چاوپێکەوتنی کۆرپەیەک (بە ئەگەری زۆر کوڕەزا یان کچەزای شاعیرە) کە لە سەردەمی پیری و نەخۆشیدا لە باوەشی گرتووە ولە شیعرەکە دەرناکەوێت ئایا کۆرپەکە کوڕ بووە یان کچ.

ڕوون کردنەوەی ئەو بابەتانە تەنیا لە دەست ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزی ئاوات، بۆ نموونە ئاغا سەید جەعفەر دێت، کە هیوادارم لە چاپەکانی دادێی "شاری دڵ"دا بپەرموونە سەری.

 بێ خەتا: وێدەچێت باسی کوڕێکی شاعیر بێت کە ماڵی بەجێ هێشتووە و بە ئەگەری زۆر، بە تۆراوی لە ماڵ چۆتە دەرەوە. شاعیر کە باوکی کوڕەکەیە، یادی دەکات و دەڵێ بە بێ تاوانی هەڵات و بەجێی هێشتم. ئەو بێ تاوانییە دەگەڕێتەوە بۆ خۆی و بەگشتی خەڵکانی ناو ئەو ماڵەی وا کەسەکە بەجێی هێشتوون.

موبتەلا: گیرۆدە، گرفتاری ئازار و ناخۆشییەک

پارێز: ئیحتیات. وێدەچێت "ڕۆڵە"ی شاعیر نامەیەکی بە پارێزەوە بۆ باوکی ناردبێت. بەپارێزەوە دەکرێ ئەوە بێت کە ئەو کەسە دوای ماوەیەک نامە نەنووسین، ئینجا نامەیەکی بۆ باوکی ناردبێت و لەوە دڵنیا نەبووبێت ئایا دایک و باوکی لێی ڕازین یان نا و ئایا نامەکەی لێ قەبووڵ دەکەن یان نا؟ بەڵام هەڵوێستی باوک گەلێک میهرەبانانەیە: "کوا ئێمە لێت ناڕازین؟ بۆچی بە پارێزەوە نامەمان بۆ دەنووسی؟ خۆ ئێمە لە تاوی دووریی تۆ هێزمان لە لەشدا نەماوە!"  

کۆرپە: بە عادەت منداڵی ساوایە، بەڵام لە چوارینەی ژمارە ٢٩دا شاعیر نامەی "کوڕی چاک"ی خۆی وەک کۆرپەیەک ناساندووە کە گەیشتۆتە دەستی و لە باوەشی گرتووە.

بەڵام کۆرپە لە چوارینەی ژمارە ٣٠ دا هەمان منداڵی ساوایە و دەبێ نیاز لە کوڕەزا یان کچەزایەکی شاعیر بێت کە لە سەردەمی پیری و نەخۆشیدا چاوی پێی کەوتووە و لە باوەشی گرتووە. پیریی شاعیر لە چوارینەکەدا بە ڕاشکاوی دەست نیشان کراوە بەڵام نەخۆش بوونەکەی دەکرێ لەو عیبارەتە دەربکەوێت کە دەڵێ "بۆ من دەرمانە".

ئاوات: ناسناوی شاعیریی ئیمامییە. واهەیە ئیهامێکی دووریشی تێدابێت بۆ ئارەزوو و خواست و ئامانج.


 

[1]  چاپی جەعفەر: کوا؟

[2]   چاپی ئەنیسی: چ بو؟

[3]   ئەم چوارینەیە لە چاپی جەعفەردا نییە. من لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە.

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de