دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢٠٤

بەخشین

 

 

هەی هاوار هاواڵ! بارم گرانە

پشتم جدەو بوو، ماڵم وێرانە[1]


هەرچەن که لوتفی خودا یارم بێ
گوناهم وەک کێو زل بێ و بارم بێ،

ناترسم، گەرچی دەرد بێ‌دەرمانە
بەخشین، خودایه! هەر له تۆ جوانە

لێبوردن، لوتف و مەرحەمەت، کەرەم
[2]
بەخشین، چاوپۆشین، «یا مولی‌النعم»

خاوەن شەو و ڕۆژ، تاریکی و ڕوونی
ئاگادار، زانای ڕازی دەروونی

ڕۆژم هەروەک ڕووم ڕەش و تاریکە
ڕێگەی نەجاتم دوور و باریکە

ئەگەر تێی‌کەوتم، قەت نایەمه دەر
پردی سیڕاته و ڕۆژەکەی مەحشەر

بۆخۆت فەرمووته خاوەن شفاعەت
[3]
ئەحمەده، ئێمەش کرمان ئیتاعەت

هاتووین تا لە ژێر چەتری نەجاتی
ڕزگار بین هەموو، ڕۆژی نەهاتی

            هەوراز و لێژه، ڕژد و هەڵدێرە
            چاڵ و چۆڵ، ناڕێک، گۆل و ئەستێرە


 

                        گەردیگلان، ١٣٢١ی هەتاوی

(لاپەڕە ٢٠١ ی چاپی ئەنیسی و ٣٣١ و ٣٣٢ ی چاپی جەعفەر)

___________________________________

عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا وەک یەکە.

شیعرێکی ئایینییە و پاڕانەوە و هیوادەربڕینە بۆ شەفاعەتی ڕۆژی حەشر، بە هەمان تەوازوع و خۆبەکەمزانییەوە کە لە ئاواتمان دیوە.

ئەو ڕۆحە بۆ ساڵی ١٣٢١ (١٩٤٢ی زایێنی) تا ڕادەیەک نامۆیە. لەو ساڵەدا تازە حکوومەتی ئیستیبدادیی ڕەزاشای پەهلەوی ڕووخابوو و چەشنە هەوایەکی ئازادی بە ناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕا. لە هەل ومەرجێکی وادا چاوەڕوانی ئاسایی لە شاعیری بەرپرسی و ەک ئاوات ئەوە دەبێت بتوانێ ئەو فەزا سیاسی-کۆمەڵایەتییە ڕابگوێزێت و هەواڵێ شادی و کەیف خۆشیی خەڵکمان بداتێ؛ بەڵام مرۆڤ و بیرکردنەوە و هەست و نەستی بەو گەز و ڕبە یەک لایەنییە ناپێورێت! ڕۆحی مرۆڤ لەوە ئاڵۆزترە بیخەینە چوارچێوەیەکی وا بەرتەنگەوە. وەک دەبینین، شیعرەکە بەلای ئەو شتانەدا ناڕوات و بە پێچەوانە باس باسی پردی سیڕات و ڕۆژی مەحشەر و ڕۆژی نەهاتیمان بۆ دەکات.

هاواڵ: هاوڕێ، دۆست

جدەو: بریندار

هەرچەن: هەرچەندە

گوناهم وەک ...: گوناهم وەک کێوێک گەورە بێت و هەمووشی ببێتە باری سەرشانم

مولی النعم: خاوەن و سەروەری نیعمەتەکان

کرمان: کردمان

شفاعەت: داوای بەخشینی تاوان

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:                                                                                                                    متقارب مثمن اثلم (هجایی): فع‌لن فعولن// فع‌لن فعولن

 

[1] چاپی ئەنیسی: جدە (دەبێ هەڵەی تایپ بێت).

[2] چاپی ئەنیسی: کەڕەم

[3] چاپی جەعفەر: شەفاعەت

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de