دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٤٨

مەفەرموو من نەماوم!

 

لە خەڵوەتخانەیی عیززەت، براکەم! جێت نومایانە[1]  

بەڵام بۆ هەر وەفادارێکی تۆ هەر شین و گریانە

سەرم سوڕما، دڵت چۆن هات بەجێم‌بێڵی به تەنیایی؟
به تەنیا هەر برات من بووم، لە تاوت بوومه دێوانە

دەڕۆم ئەم ماڵ و ئەو ماڵ، دێ به دێ، ئەم شار و ئەو شارە
دەسووڕێم لەو بیابانانه، دەشت و کێو و شاخانە

دەڵێم کوا کاکی من، کوا بابی من، کوا نووری ئیمانم؟
بڵێم دوای تۆ براکەت کاری قوڕپێوانه، سووتانە

سڵاوت لێ‌دەکەم جوابم دەوه، هەر وەخته پەڕ دەرکەم
تکاشت لێ‌دەکەم: تۆزێ نەوازش، دڵ هەراسانە

"محەممەد"! تۆش بە فریادم بگه ئەی شافیعی مەحشەر
ئەتۆ بی‌و گەورەییت، نەختێ سەبووری، ڕۆژی ئیحسانە

برام! تۆش تۆ خودا چاوێ هەڵێنه بۆ برات، خێرە
مەفەرموو من نەماوم! تۆ "وەلی"ی، خۆ هەر له بیرمانه
[2]

          خودا فەرمووی له قورئانا "وەلی" قەت نامرن، زیندوون
          ئەوان ڕزقیان لە لایەن خالیقی بێ‌چوون و سوبحانە
                                          قاقڵاوا، 1353ی هەتاوی

(لاپەڕە ١١٤ و ١١٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠٠ ی چاپی جەعفەر)

______________________________________________________ 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "خەڵوەتخانەی عیززەت"ە. هەردوو عینوانەکان لە دەقی شیعرەکە وەرگیراون.

شین گێڕییەکە بۆ کۆچی دوایی سەید محەممەدی نوورانی (سەیدی زەنبیل)، براگەورەی شاعیر. ئاوات و براکەی کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیل بوون و حاجی بابە شێخی سەیادەت دەبێتە مامیان. ئەو ڕاستییە لە چاپی جەعفەردا ئاماژەی پێکراوە کاتێ لە پەراوێزدا نووسیویەتی: بۆ "وەفاتی کاکی"، بەڵام چاپی ئەنیسی ئەوەی دەست نیشان نەکردووە، ڕەنگە لەبەر ئەوەی هیچکام لە شیعرەکان پەراوێزیان بۆ دانەنراوە.

ئاوات پارچە شیعرێکی دیکەشی بۆ مردنی کاکی هەیە، کە لەم زنجیرەیەدا هێشتا نەهاتووە (دەبێ ببێتە پارچە شیعری ژمارە ١٥٦).

شاعیر دەڵێ برالە، تۆ کە مردووی، خەیاڵت ئاسوودەیە لە خەڵوەتخانەیی عیززەت، واتە خەڵوەتی تایبەتی خودادا، شوێنت بۆ دیاری کراوە، بەڵام مورید و شوێن کەوتوانت خەمی لەدەست چوونی ئەم دنیایەت دەخۆن و بۆت دەگرین.

لە فەردی دووهەم و سێهەمدا شاعیر باسی خۆی دەکات و کارتێکەریی ئەو مەرگە لە سەری، کە خستوویەتە سەرگەرداننیەوە و لە بیابان و چۆڵ و ئاوەدانیدا؛ لە کاکی لەدەستچووی دەگەڕێت کە جێگەی باوکیشی بۆی گرتبووەوە و لەوە زیاتر، نووری ئیمانیشی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆی نابینرێتەوە، قوڕ دەپێوێت و دەسووتێت.

نومایان: دیار، بەرچاو. 'نمایان'ی فارسییە.

پەڕ دەرکردن: لە بوونی خۆت خاڵی بوون بە هۆی ناڕەحەتییەوە و بوون بە باڵندەیەکی سەرگەردان.

دەسووڕێم...: شاعیر لەم میسراعەدا مۆسیقایەکی خۆش ئاهەنگی بە "-انانە" دروست کردووە: لەو بیابانانە، دەشت وکێوانە.

محەممەد: هانا بردنە بەر پێغەمبەری ئیسلامە، بەڵام لەبەر ئەوەی برای شاعیریش ناوی محەممەد بووە، هێنانی ئەو ناوە لێرەدا چەشنە ئیهامیشە؛ شاعیر بە بێ سەرلێشێواندنی خوێنەر، واتای تا ڕادەیەک دووپاڵووی بە وشەکە داوە و گەلێک جوانە.

هەر لەبیرمانە: ئەو قسەیە لە فەردی پێش کۆتاییدا هاتووە و هەندێک پرسیار دروست دەکات. چیمان لەبیرە؟ بە بۆچوونی من ئەوە لە پەیوەندی فەردی دواتردایە و تەنیا بە هۆی ئەوەوە واتا پەیدا دەکات. شاعیر دوای ئەوەی برای خۆی بە "وەلی" ناودەبات، دەڵێ لەبیرمانە خودا سەبارەت بە ئەولیا چی گوتووە، کە ئەوەش لە فەردی دواتردا دێت.

تۆ "وەلی"ی: وشەی "وەلی" لای موسوڵمانان واتای "دۆستی خودا"ی هەیە و لە قورئاندا باس لە "اولیاء اللە" و "اولی الامر" کراوە. لە سۆفیایەتیدا "وەلی" کەسێکە گەیشتبێتە قۆناغی هەرە بەرزی سلووک. لای سۆفیانی سافی، پلەی وەلی لە پلەی نەبی نزیک دەبێتەوە و کەسێک کە وەلییە، دەتوانێ گەلێک "خوارق عادات" بکات کە خەڵکی ئاسایی ناتوانن بیکەن. شێخی تەریقەت لە سەردەمی ئێمەدا بە "وەلی" دادەنرێن. شاعیر دەڵێ کاکە، تۆ کەسێکی "وەلی"ت، خوداش لە قورئاندا فەرموویە "وەلی نامرن"[3]  و زیندوون و ڕزقیان لای خودایە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن


 

[1]  چاپی ئەنیسی: نمایانە

[2]  چاپی ئەنیسی: خۆ هەر لەبیرمانە؟ چاپی جەعفەر: هەر لەبیرمانە!

[3] من نەمزانی لە کام شوێنی قورئاندا ئەم ڕاگەیاندنە هاتووە. بەڵام قسەیەکی ئەوتۆ لە سەرچاوەی جیاجیای ئێرانییەکاندا دراوەتە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام و عەلی کوڕی ئەبیتالیبیش کە گوتوویانە: ان اولیاء الله لایموتون بل ینقلون من دار الی دار (ئەولیای خودا نامرن بەڵکوو لە ماڵێکەوە دەچن بۆ ماڵێکی تر). لە قورئاندا بەوانەش وا لە ڕێی خودادا دەکووژرێن مژدەی ڕزق و ڕوزییان لە لای خودا دراوەتێ: و لا تحسبنّ الّذین قتلوا فی سبیل اللّه امواتا بل احیاء عند ربّهم یرزقون. دیارە ئەگەر ئەوە بەڵێنی  بەهەشت نەبێت، هەر لە پەسندی ئەو قسەیەدایە کە گوتراوە"لایموتون" واتە نامرن و ئاواتیش لە شیعرەکەیدا ئەو هەواڵەی دووپات کردۆتەوە.    

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de