دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٤٢

داخوازی ئیمداد

 

نزام بۆ تۆیە ڕەببەلبەیت! دڵم داخوازی ئیمدادە                 

 دەزانی عەبدی خۆت ئێستاکه وا بێ‌تۆشه و زادە

لە سەر ڕێگایەکی پڕترس و خەوف و دڕک‌وداڵم من
به لوتفی خۆت بفەرموو پێم لە سەر ئەو جادەیه لادە

ئەوا پیر و فەقیر کەوتوومه ئەولای بێ‌تفاقی
،
خۆ
ئەمن کوردێکی بێ‌فێڵ‌وفەرەج، مەشهوورم و سادە

ئەتۆی خاوەن‌کەرەم، ئەی سفرەڕەنگین! هەر لە تۆ جوانە
کەرەم، بەخشین و چاوپۆشی لە پیر و کوێر و ئوفتادە
[1]

ئەوی تۆی نایەته بیر، پڕخەم و دەرد و مەشەققەت بوو
کەسێکیش تۆی لە بیر بێ، تا ئەبەد مەسروور و دڵشادە

ئەوی تۆی چوو لە بیر، ڕۆژ و شەوی پڕمەینەت و دەردە
[2]
کەسێ وا تۆی لە بیره، خۆ شەوی ڕۆژ، ڕۆژی ئەعیادە

          لەبۆ ڕاوی نەیارانی ڕەسووڵی خۆشەویستی تۆ
          "ئیمامی" کردیه ئەستۆ قەڵاده، ساز و ئامادە
                                        قاقڵاوا، ١٣٦٢ی هەتاوی

(لاپەڕە ٦ ی چاپی ئەنیسی و ١٨٢ ی چاپی جەعفەر)

­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­­

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'نزام بۆتۆیە'یە. هەردوو عینوانەکە لە میسراعی یەکەمی فەردی یەکەم وەرگیراون و هەردوکیشیان بۆ ناوەرۆکی شیعرەکە بەڕێ وجێن کە پەسنی خودایە. ئەنیسی کە دیوانی شیعرەکانی بەگوێرەی ناوەرۆک دابەش کردوون، ئەم غەزەلەی هاوڕێ لەگەڵ شیعری دیکەی هاوناوەرۆک، لە بەشی یەکەمی دیوانەکەدا هێناوە.

ئاوات وەک خاوەن بڕوایەکی سۆفییانە، لە ترس ولەرزێکی دایمیدا ژیاوە و خۆی بە تاوانبار و گوناهکارێکی هەمیشەیی زانیوە کە شیاوی سزادان وتۆڵەسەندنەوەی خودایە و هەربۆیەش لە شیعرەکانیدا بە سەدان جار لە خودا پاڕاوەتەوە بیبەخشێت و چاوپۆشی لە گوناهەکانی بکات؛ لە پێغەمبەریش بۆ ئەوەی لای خودا شەفاعەتی بۆ بکات کە لە گوناهەکانی خۆش بێت. ئەو گوناهانە چین؟ ئایا هەر لە بنەڕەتدا گوناهێک کراوە؟ لە زوربەی هەرەزۆری حاڵەتەکاندا خەتایەک لە مرۆڤ ڕووی نەداوە و ئەوە مرۆڤی موسوڵمانە کە هەمیشە قەرزداری خودایە و لای وایە ەگەر خودا نەیبەخشێت دەبێ بکەوێتە دۆزەخەوە. لە فەردی دووهەمدا ئەو بێ تاوانییە دەردەکەوێت.

سەهل کوڕی عەبدوڵڵای تستری دەیگوت "لەسەر هەموو مرۆڤێک واجبە لە هەر هەناسە هەڵکێشانێکدا جارێک تۆبە بکات"! دەبێ ئەو کەسە چی کردبێت کە هەر خولەکێک ٦٠ یان ٧٠ جار تۆبەی گوناه بکات؟ ئاوات لە خودا دەخوازێت 'لە سەر ئەو جادەی' تاوانە لایبدات لەبەر ئەوەی خۆی نازانی تاوانەکە کامەیە و ڕێگای خۆ لێ لادانی کامە، تا خۆی بپارێزێت. تەنیا خودا و پێغەمبەری ئیسلامن کە دەبێ جادەکەی بۆ دەست نیشان بکەن و پێی بڵێن خۆتی لێ لابدە! ئەوە شێوە ژیانێکە کە زوربەی ئیماندارانی موسوڵمان بە تایبەت سۆفییان تێیدا دەژین و ترس و دڵەڕاوکێ لە گوناه و تۆڵەی خوداوەند مۆتەکەیەکە هەموو ماوەی ژیانیانی داگرتووە و لە ڕاستیدا بۆ ئەوان ئەزەلی و ئەبەدییە. ئەوە فەزای ژیانی ڕۆژانەی شاعیرەکەی ئێمەشە.

ڕەببەلبەیت: رب البیت، خاوەندی ماڵی کەعبە، خودا.

زاد: تۆشە. فارسییە

ئەولای بێ تفاقی: ئەوپەڕی هەژاری و نەداری. دیارە ئەو تفاقە، ماڵ و سەروەت و سامان نییە و بە حیسابی موئمینان، کاری چاکەی ماوەی ژیانیانە کە دەبێ تۆشە و تفاق بێت بۆ دواڕۆژ و پاش مردن.

خەوف: ترس. عەرەبییە. دوکتۆر عبدالحسین زرین کوب دەڵێ "ئەوەی بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی تەسەووف، زوهد بوو و خەوف لە خودا".[3]

دڕک وداڵ: دڕوو وداڵیش دەگوترێت. دڕک چقڵ و دڕکە. داڵ بە گوێرەی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار دەنکە. دڕک و داڵ بە سەر یەکەوەش لە سەر زمانی خەڵک هەر دڕک و چقڵە. من 'داڵ'ەکە وەک موهمەلی ڕێزمانی دەبینم.  

خۆ: لە ئاکاما (هەنبانە بۆرینە). لێرەدا واتای ئاشکرا و ڕوونی هەیە. خۆ من کوردێکی مەشهوور و سادەم: لێت ئاشکرایە کە من کوردێکم و بە ساف و سادەیی ناوم دەرکردووە. 'خۆ' دەبێ لەگەڵ میسراعی دووهەمدا بخوێنرێتەوە. ئەو وشەیە لە فەردی شەشەمیشدا دووپات بۆتەوە و هەمان واتای لەئاکامدا و ئاشکرا و دیار دەداتەوە.

بەخشین: دوو واتای هەیە: یەکەم، خەڵات و بەخشش و دووهەم، لێبووردن.  بەگوێرەی چەشنی خوێندنەوەی فەردەکە دەتوانین هەرکام لەو دوو واتایە لە شیعرەکە وەربگرین. ئەگەر بڵێین  'هەر لە تۆ جوانە کەرەم' ئینجا بەخشین و چاوپۆشیش پێکەوە بهێنن، بەخشینەکە واتای لێبووردن دەدات. بەڵام ئەگەر بڵێین: هەر لە تۆ جوانە کەرم، بەخشین و چاوپۆشی واتە سێ چەمک بەشوێن یەکدا بهێنین، واهەیە بەخشین لەگەڵ کەرەم بکەوێت و واتای دەهەندەیی بدات. من زیاتر بۆ حاڵەتی یەکەم دەچم و بە لێبووردنی دەزانم.

ئوفتادە: کەوتوو، لەکار کەوتوو، فارسییە. لە کوردیدا وەک 'ئیفتادە'ش گوتراوە.

شەوی ڕۆژ...: واتە شەوی وەک ڕۆژ ڕووناکە و ڕۆژیشی جەژنە.  

لەبۆ ڕاوی نەیاران...: شاعیر لێرەدا خۆی بە سەگ، یان تانجیی دەرگانەی خودا داناوە و گوتوویەتی پەت لەمل، ساز و ئامادەم کە فەرمانم پێ بدەی بچمە ڕاوی دوژمنانت. لە مێژووی تەسەووفدا ئەوە بە "تسلیم بە حق" دادەنرێت کە خاوەنەکەی ئیتر خۆی هیچ نییە و فەردییەتی نەماوە و لە 'حەق'دا تواوەتەوە. سۆفی عاشقی زاتی خودایە و عاشق دەبێ بە تەواوەتی تەسلیمی مەعشوق بێت، تەوەککول بەو بکات و خۆی نەک سەگی گەرگانە بەڵکوو تۆزوخۆڵی بەردەرگاش حیساب نەکات.

ئەوەی لە پەیوەندیی ئەم فەردەدا شایانی گوتن بێت ئەوەیە ئاوات، کە واهەیە لە کاتی گوتنی شیعرەکەدا تووشی جەزبە هاتبێت، دەڵێ ساز و ئامادەم بچم لاقی ئەو دوژمنانەی تۆ )کە دوژمنانی دینی ئیسلام  بن(، بگرم واتە بچمە غەزای کافران و شەڕیان لەگەڵ بکەم. ئەو توندوتیژی نواندنە بۆ ئاوات تا ڕادەیەکی زۆر نامۆیە و ئێمە لە شیعرەکانی دیکەیدا تووشی نەهاتووین. ئاوات مرۆڤێکی هێدی و هێمن و بێ وەی بوو و ئەوە یەکەم جارە دەبینین قسە لە شەڕ و غەزا بکات، باوەکوو وەک ئیماندارێکی موسوڵمان ، بە پێی فێرکردنەکانی قورئان، واجبی سەرشانی هەموانە بچنە شەڕی دوژمنانی دین. وەک بنەماڵەش، زۆر واهەیە کارتێکەریی مامی خۆی، مەرحوومی حاجی بابەشێخی لەسەر بێت و ئەو شیعرە ڕەنگدانەوەی ئەو کارتێکەرییە بووبێت. حاجی بابەشێخ دامەزرێنەری حزبی 'اتحاد اسلام' بوو و لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەو ناوە، لایەنی عوسمانی و ئاڵمانیای گرت و یارمەتی سوپای عوسمانی دا، تەنانەت جارێک چوو بۆ خاکی عوسمانیش.[4]

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

  هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن


 

[1]  چاپی ئەنیسی: کەڕەم

[2]  چاپی ئەنیسی: ئەوی تۆی

[3] ارزش میراث صوفیە، ل.٥١

[4] بڕوانە، ڕەحمان محەممەدیان، "بۆکان لە سەدەی بیستەمدا"، نشر کولەپشتی، بەرگی یەکەم، لل. ١٦٤ تا ١٧٢

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de