دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٣٨

ئەمشەو
 

 

 

چ خۆش بەزمێکە، بەزمی یارە ئەمشەو[1]   

دڵم جێ ڕاوگەیی دڵدارە ئەمشەو

دەڵێن یارم له شەودا دێ و له خەودا
له بێداری دڵم بێزاره ئەمشەو

سەبا! موژدەی بەره بۆ شاری عوششاق
که مەجلیس خۆش و بێ‌ئەغیاره ئەمشەو

له نێو پێچ‌پێچی زولفی، بولبولی دڵ
خەریکه دێ و دەچێ، سەییاره ئەمشەو

گوڵی دڵ سیس و پەژمورده و چەمیبوو
[2]
به وەسڵی یاری شەونمداره ئەمشەو

وەکوو یۆسف له زیندانێ وەدەرکەوت
به سەد عیززەت عەزیزی شاره ئەمشەو

له وێرانەی دڵمدا ئێسته دڵدار
به‌بێ میننەت شوکور میعماره ئەمشەو

تەماشا قافیه و شێعرم له شۆقی
چ مەوزوونه و چ چابوک‌سواره ئەمشەو

له جەولانگەی سەنا و تاریفی یارم
قەڵەم ئەسپێکی تەعلیم‌داره ئەمشەو

ئەگەر موو بێ لغاوی، نایپسێنێ
[3]
ئەگەرچی کارەکەی هەر غاره ئەمشەو

ڕەقیب زانی به کار نایه نەمامی
[4]
له خۆی بێزاره، تاروماره ئەمشەو

عەسەس بێکاره ما، دەرچوو له مەیدان
کوتی سەردەرکه ماڵ بسیاره ئەمشەو

          "ئیمامی"ش وا له سایەی قەندی لێوت
           وەکوو تووتی شەکەرگوفتاره ئەمشەو

قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی

 

(لاپەڕە ٤٥ و ٤٦ ی چاپی ئەنیسی و ١٧١ و ١٧٢ ی چاپی جەعفەر)

 

____________________________________________ 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'بەزمی یار'ە، کە لە فەردی یەکەمی شیعرەکە وەرگیراوە. لە چاپی جەعفەردا دوای ئەوەی وشەی 'ئەمشەو'ی چاپی ئەنیسی گۆڕاوە و کراوەتە 'ئەوشۆ'، هەر ئەو وشەیەش وەک عینوان بۆ شیعرەکە هەڵبژێرراوە. من 'ئەمشەو'م پێ بەڕێ وجێتر بوو لە بەر ئەوەی بە گشتی لەگەڵ ڤوکابیولێری ناو شیعرەکانی ئیمامی و ناوچەی ژیانی ئەودا زیاتر یەکی دەگرتەوە تا 'ئەوشۆ'، هەر بۆیەش ئەوم هەڵبژارد. دیارە ئەگەر لە چاپی یەکەم واتە هی سەردەمی ژیانی شاعیردا وەک 'ئەمشەو' نەنووسرایە، منیش نە مافی گۆڕینیم دەبوو نە کاری وام دەکرد.

غەزەلێکی لیریکە و هی ساڵانی بێدەنگیی دوای کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ی ئێرانە. لەو ساڵەدا بوو کە ساواکی ڕژێمی پەهلەوی دامەزرا و کەوتە گیانی خەباتکارانی کورد و چەپی ئێرانی. لەو ساڵە ڕەشانەدا، پەردەیەک لە بێدەنگی و ماتی بەسەر فەزای سیاسی ناوچەی موکریاندا کشا بوو گەرچی ژیلەمۆی خەبات لە بن ئەو خۆڵەمێشی بێدەنگییەدا گەشاوە مابووەوە و درەنگتر داگیرسایەوە.

بە بۆچوونی من، دوور نییە شیعرەکە، هەموو، یان بەشێکی، وەرگێڕاو یان وەرگیراو لە غەزەلێکی فارسی بێت، باوەکوو نەمتوانی شوێنی هەڵبگرم. هۆکارم بۆ ئەو بۆچوونە، تەرکیبی هەندێک ڕستە و کەڵک وەرگرتنی شاعیر لە هەندێک وشەیە: چ خۆش بەزمێکە؛ موژدەی بەرە بۆ شاری عوششاق؛ چ مەوزوونە و چ چابوک سوارە؛ و.... زۆرێک لە فەرد یان میسراعەکان ئەوەندە لە شیعری فارسی نزیکن کە بە گۆڕانکارییەکی کەم دەبنە فارسی، بۆ نموونە: 'چە خوش بزمی است بزم یار امشب' یان 'زبیداری دلم بیزارە امشب' و 'صبا مژدە ببر بر شهر عشاق' و...

جێ ڕاوگە: ڕاوگە ئیسمی مەکانە و جێ ڕاویش هەمان واتای هەیە. جێ ڕاوگە تەرکیبێکی دەسکردە.

لەشەودا دێ و لەخەودا: تەعبیرێکی جوانە.

موژدەی بەرە: شێوە بەیانی ناوچەی مەهاباد و باکووری موکریانی پێوە دیارە.

بە وەسڵی یاری: هەمان شێوە بەیانە.

چەمی: لەگەڵ سیس و پەژموردە هاتووە کە سیفەتن و ئەگەر شیعر نەبوایە دەبوو وەک چەمیو بهاتبایە، بەڵام شیعرە و شاعیری هەموو نەتەوەیەک مافی دەستدرێژی کردنە سەر زمانی گرامێریی زمانەکەیانی هەیە.

پەژموردە: فارسییە بەواتای سیس.

شەونمدار: تەڕ. پێچەوانەی سیس و پەژموردە و چەمییە.

یۆسف و عەزیز: تەزمینە چونکوو ئاماژەی تێدایە بۆ ئەفسانەی یۆسفی کوڕی یەعقوب لە پێغەمبەرانی بەنی ئیسڕائیل، کە فرۆشرا و برایە میسر و دواتر لەوێ بوو بە 'عەزیز' واتە حاکمی وڵاتەکە.

مەوزوون: خاوەن وەزن، کێشدار. سیفەتێکە شاعیر بە شیعرەکانی خۆی داوە. لە ڕابردوودا شیعر بە 'کەلامی مەوزوون و موقەففا' واتە 'وتەی خاوەن کێش و سەروا' تەعریف دەکرا. شیعری نوێ ئەستوندەکێک لەو دوو ئەستوندەکە، واتە سەروای ڕووخاند و شیعری سپی ئوروپایی کۆڵکەکەی دیکەشی شکاند. ئێستا شیعر بۆ هەندێک کەس دەتوانێ خاوەنی هیچکام لەو دوو بنەما سەرەکییە نەبێت و هەر بە شیعریش بناسرێت.

چابوک سوار: سوارچاک. شاعیر وەک سیفەتێک بۆ شیعری خۆی هێناوەتەوە. لە بەیانی ئاساییدا ئەوە مرۆڤ واتە شاعیر خۆیەتی کە دەتوانێ چابوک سوار بێت نەک شیعرەکە. بەڵام لە شیعردا گەلێک نەگونجاوی گونجاو دەبێت، گرنگ ئەوەیە ئەو تەسەڕڕوفەی زمان لە زیهنی خوێنەردا ڕازاوە و خاوەن واتا بنوێنێت.

جەولانگە: شوێنی جەوەلان و جووڵانەوە و هاتوچۆ. زیاتر بۆ گۆڕەپانی ئەسپی پاڵەوانان کەڵکی لێ وەرگیراوە.

تەعلیمدار: ڕاهاتوو، فێرکراو.

ئەگەر موو بێ لغاوی، نایپسێنێ: ئەم فەردە لە درێژەی فەردی پێش خۆیدایە و بکەری کردارەکە، ئەسپی قەڵەمە. شاعیر دەڵێ ئەسپی قەڵەمی من بۆ پێداهەڵگوتنی یار وەها ڕاهێنراو و تەعلیمدراوە کە سەرەڕای ئەوەی تەنیا غاردان و هەڵاتن دەزانێت، ئەگەر لغاوی لە موویەکی باریکیش بێت نایپسێنێ واتە لە فەرمان دەرناچێت.

ئەگەر ئەم فەردە وا بخوێنینەوە و ئەو واتایەی لێ وەربگرین، شێوەی نووسینەوەی میسراعی یەکەمی لە چاپی جەعفەردا هەڵە دەبێت لەبەر ئەوەی کۆما واتە وێرگوولێک دوای 'موو بێ' دانراوە و بەم کارە، بکەری کردار بۆتە لغاو نەک ئەسپەکە خۆی! ئەوەش دیارە هەڵەیە.

غار: هەڵاتن. کوردییە و لە شێوەی 'غاردان' و 'غارغارێن'دا، بینراوە.

ڕەقیب زانی بەکار نایە نەمامی: نەمامی و بەدگۆیی کردنی پشتەسەرە و بنەما عەربییەکەی 'نەممامی'یە. سیفەتێکە لە سیفەتەکانی ڕەقیبی ئیرەییکەری مرۆڤی ئەویندار. شاعیر دەڵێ ڕەقیب دوای ئەوەی نەمامییەکی زۆری کرد، ئیتر زانی سوودی نییە و دەستی هەڵگرت، هەربۆیەش لەخۆی بێزار و تارومار بوو  و بۆی دەرچوو!

لە چاپی جەعفەردا ئەو 'نەمامی' یە کراوەتە 'ئیمامی' واتە ناسناوی شاعیر خۆی بەو پێیە دەڵێ: ڕەقیب زانیویەتی کە ئیمامی بەکار نایەت! ئەوە هەڵەیەکی زەقە. یەکەم لەبەر ئەوەی ڕوون نییە ئیمامی بەکاری چی نایەت، دووهەم ڕەقیب چۆن وا بۆتە پیاوخاس و تێگەیشتوو کە لەشت تێدەگات لەکاتێکدا شیعری کلاسیک هیچ سیفەتێکی چاکی بە ڕەقیب نەداوە. سێهەم، ئەو لەخۆ بێزاری و تارومار بوونە هەمووی لەو شێوە واتا کردنەوەیەدا دەبنە سیفەتی ئیمامی خۆی کە ئەویش هەر نەگونجاوە لەبەر ئەوەی شاعیر لەم شیعرەدا گەلێک دڵشاد و خۆشحاڵە و لە 'مەجلیسی بەزمی یار'دا، 'بێ ئەغیار'ە و ئاشکرایە یەکەم کەسێک کە دەبێ لەو مەجلیسە خۆشەی شاعیر ڕاوبنرێت، ڕەقیبە نەک خاوەن مەجلیس خۆی! بە کورتی، حاڵەتی لەخۆ بێزاری و و تارومار بوون هی ڕەقیبی تێکشکاوە کە 'نەمامی' کردنەکەی کەڵکی بۆی نەبووە و نەیگەیاندۆتە ئامانج.

تارومار: تەرکیبێکی فارسییە بە واتای تاراو و دەرکراو.

عەسەس: عەرەبییە  بە واتای پاسەوانی شەوانە. لە هەندێک شوێنی کوردستان وەک 'حەساس' دەگوترێت.

سەر دەرکە: دەتوانێ دوو واتای هەبێت: تێبگە! و خۆت ڕزگار بکە!.

سەردەرکە ماڵ بسیارە ئەمشەو:  زۆر ڕوون نییە چییە. بڵێی سەردەگای ماڵان نەبێت؟ ئەودەم ئەو کۆما (وێرگول)ەی لە چاپی جەعفەردا کەوتۆتە نێوان سەردەرکە و ماڵ بێ واتا دەبێت. ئەگەریش وشەکان بکەین بە دوو وشەوە، پرسیار ئەوە دەبێت ماڵ یان سەردەرکەی ماڵ بۆچی زۆرن و ئەو زۆرییە چیداوە بەسەر عەسەسەوە؟

بسیار: فارسییە بە واتای زۆر، فرە.

شەکەر گوفتار: لە کوردی و فارسیدا تەعبیری 'شەکر شکاندن'مان هەیە کە بە واتای قسەی پڕواتا کردنە. شەکەر گوفتار فارسییە و بەواتای کەسانی خۆش ڕاوێژ و شیرین قسە دێت. حافزی شیرازی بە شیعرەکانی خۆیدا هەڵدەڵێت کاتێ دەڵێ:

"شکرشکن شوند همە توتیان هند

زین قند پارسی کە بە بنگالە میرود"

دیارە قند پارسی شیعرەکانی حافز خۆین. بنگالە ناوچەی بەنگالی نشینی هیندستانی کۆنە کە ئێستا بۆتە 'بەنگلادش'. لە قەدیمدا هیندستان بە خاوەنی تووتیی زۆر ناسراوە و تووتی لەوێوە هێنراوەتە ئێران. شاعیر دەڵێ ئەو شیعرانەی من قەندی فارسین و ئەوەندە شیرنن، کە ئەگەر ببرێنە هیندستان، هەموو تووتییەکانی ئەوێ بە دووپات کردنەوەیان، قەند لە دەنووکیان دەبارێت.

 


بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مسدس محذوف: مفاعیلن مفاعیلن فعولن

 

[1] چاپی جەعفەر هەموو ڕەدیفی 'ئەمشەو' ی چاپی ئەنیسی کردۆتە 'ئەوشۆ'. من وەک خۆیم لێکردەوە.

[2] چاپی ئەنیسی: چەمی بوو

[3] چاپی ئەنیسی: نای پسێنێ؛ چاپی جەعفەر: ئەگەر موو بێ، لغاوی نایپسێنێ

[4] چاپی جەعفەر: بەکار نایە "ئیمامی"

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de