دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

پارچە شیعری ژمارە ١١،        لاپەڕە ٧٣ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

 

تەیری دڵ

تەیری دڵ بێ پەڕوپۆ، تەپکە شکاوێکی بەسە

چاوەڕێی تۆیە کە بێی، گەرمەسڵاوێکی بەسە

مەڵێ زستانە، جلی پیر وفەقیر پارە بووە

ڕۆژی ڕووت دەرخە، هەتیو تۆزە هەتاوێکی بەسە

پایزە، فەرموو تەماشاکە کە لانەوخوارم

پیرەکەروێشکێ لەگوڕ کەوتبێ، ڕاوێکی بەسە

ئەوهەموو زولفە بەزنجیری مەکە بۆ ملی من

تەیری وا بێ پەڕوباڵ کەوتبێ، داوێکی بەسە

سەیید و پیر و فەقیرم، وەرە لێم قەوماوە

بۆ منە ئەو مەسەلە: "باوەلێ باوێکی بەسە"

          وا بە سەرڕووتی و پێخاوسی هاتۆتەوە لات  

          "کامیل"ت جووتە کڵاشێک و کڵاوێکی بەسە!

 

ئەوە لەو شیعرە خۆشانەی ئاواتە کە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بەگەرمی وەرگیراوە و هەندێک بەشی کەوتۆتە سەر زاران: باوەلێ باوێکی بەسە، هەتیو تۆزە هەتاوێکی بەسە. سەرجەمی شیعرەکە  ساکار و ڕەوان و لەبەر دڵانە.

شیعرەکە ئەو تەوازوع و خۆ بەکەم زانینەی بە ڕوونی تێدا دەبینرێت کە بەشێک بوو لە کەسایەتی کامیل شا. لێرەدا شاعیر خۆی بە هەندێک سیفەتی وەک: بێ پەڕ وپۆ، لانەوخوار، پیرەکەروێشک، لەگوڕ کەوتوو، بێ پەڕ وباڵ، سەیید، پیر، فەقیر، لێقەوماو، سەرڕووت و پێخاوس ناو دەبات کە هەر هەمووی کەم وکووڕی و ناتەواوین لە ژیانی ئاسایی تاکەکەسیدا، تەنانەت کاتێ سەیید لەگەڵ پیر و فەقیر دەهێنێت هەست دەکرێت واتایەکی وەک سواڵکەر و هەژاریشی پێ دەبەخشێت وەک ئەوانەی وا لە کوردستان بە مێزەرێکی سەوزەوە دێنە بەر دەرکی ماڵان و داوای بەخشش لە خەڵک دەکەن.

پرسیار بۆ من ئەوەیە گەلۆ لە شیعرەکەدا ڕووی قسەی شاعیر لە کێیە؟ سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە لە شوێنێکدا باس لە "ڕۆژی ڕووت" و "لەوهەموو زولفە" دەکات و دەڵێ "بەزنجیری مەکە بۆ دڵی من"، گومانم نییە دەبێ بۆ دڵدارێکی ژن نەگوترابێت دەنا هەر کچێک و ژنێک ئەو هەموو سیفەتە پیری و هەژاری و لێقەوماویی ولەگوڕ کەوتووییەی ئەویندارەکەی ببیسێت بە کیلۆمیتر لە دەستی ڕادەکات و گوێی خۆشی دەگرێت بۆئەوەی  ناوی ئەو دڵبەندە نالەبارە نەبیسێتەوە! کەوابوو، بۆ هەڵهێنانی مەتەڵی بەرگۆی شیعرەکە دەتوانێ چ ئەگەرێکی دیکەمان لەبەردەمدا بێت؟ من تەنیا دوو ئەگەر دەبینم: دۆستێکی نزیک یان ئەندامێکی بنەماڵەی شاعیر و تەواو! کەسەکە ،هەر کەسێکە، گەلێک لە شاعیر نزیکە و کامیل شا بە تەواوەتی سفرەی دڵی خۆی لای کردۆتەوە. دەبێ ماوەیەک بێت یەکتریان نەدیتبێت و شاعیر تامەزرۆی دیتنی بێت، بڕوانە ڕستەی "چاوەڕێی تۆیە بێی"

ئەوەی وا سەبارەت بە خەسلەتە تاکەکەسییەکانی کامیک شامان بیستووە ئەوەیە کەسێکی میواندۆست بووە و دڵی بە هاتنی میوان کراوەتەوە. واهەیە ئەو هاتنی میوانە قەرەبووی تەنیاییەکەی بۆ کردبێتەوە. ئەو لە دراوسێیەتی 'زەنبیل' ی حاجی سەید محەممەدی برا و 'جەمیان' ی حاجی بابەشێخی مام و 'تورجان' ی مەلا وفەقێیاندا ژیاوە کە لە هەموویاندا مورید و میوان و فەقێ جەم جەم و پۆل پۆل هاتووچۆیان کردووە، بەتایبەت خانەقای زەنبیل هەمیشە جمەی هاتووە وپڕ بووە لە مورید و زیارەتچی، لەکاتێکدا 'گەردیگلان' ەکەی ئەو وا نەبووە و جگە لە دۆست و ناسیاو، واهەیە پەناگەی پێشمەرگەی سەرچیاش بووبێت کە ژینگەی تایبەخۆی پێویستە و لەگەڵ قەرەباڵغی و هاتوچۆی زۆردا ناسازگارە. بەڵام کەسێک کە لە بنەماڵەیەکی ئەوتۆدا گەورە بووبێت و خووی بەو قەرەباڵغیە گرتبێت بە شێوەی سروشتی دەتوانێت خوازیاری دیتنی خەڵک بێت لە ژووری میوان یان دیوەخانەکەی، ئەویش لە سەرما وسەخڵەت و ڕێبەندانی زستانی ناوچەکەدا.

بەوەیدا کە دەڵێ "تەیری دڵ... گەرمە سڵاوێکی بەسە"، واتە لە میوانەکەی دەخوازێت سڵاوێک لە دڵی بکات، من هەست دەکەم نابێ کەسەکە بەتەمەن لە خۆی گەورەتر بووبێت و بەم پێیە براگەورە و مام نییە. بەوەشدا کە دەڵێ "فەرموو تەماشاکە کە لانەوخوارم" و "سەیید و پیر و فەقیرم"، هەر نابێ بۆ ئەندامێکی بنەماڵەی خۆیانی گوتبێت. کەوابوو، ئەگەری بەهێزتر ئەوەیە شیعرەکە ڕووی لە دۆستێکی نزیکی وەک مامۆستا هێمن، حەقیقی یان خاڵەمین بێت یان دۆستێکی نزیکی غەیرە شاعیر کە بەداخەوە من لە دوورە وڵاتی دەرەتانی ئەوەم بۆ نییە پرس وجۆی لەسەر بکەم و بزانم لەگەڵ کێ زۆر دۆست بووە و کێ هاتوچۆی زۆری کردووە و لە ئەنجامدا شیعرەکە ڕووی لە کێیە.

تاقە بەشێک لە شیعرەکە ئەو بۆچوونەی من ڕەت بکاتەوە، مەقتەعەکەیەتی کە تێیدا دەڵێ "کامیلت ... بە سەرڕووتی و پێخاوسی هاتۆتەوە لات". کرداری "هاتۆتەوە" بۆ کەسێک دەگوترێت کە پێشتر لە شوێنێک بووبێت، ئەویش نەک بۆ ماوەیەکی کەم و بە سەردانێکی کەم خایەن بەڵکوو بۆ ماوەیەکی دوور ودرێژتر. هەروەها داواکاریی کڵاش و کڵاو نابێ لە بێگانە یان کەسێکی کەم ناسراو بەڵکوو دەبێ لە کەس وکاری زۆر نزیکی شاعیر کرابێت. ئەگەر ئەوە ببێتە بنەمای حیساب و هەڵسەنگاندنمان، دەبێ بێینە سەر ئەو باوەڕەی کە شیعرەکە بۆ باوک، مام، یان برای گەورە گوترابێت. ئەگەری بۆ دایک و خوشک یان هەر ژنێکی دیکە لای من سیفرە. شێوازی ژیانی نەریتیی بنەماڵەیەکی شێخ و مەلا لە سەردەمی ژیانی سەید کامیلدا، مۆڵەت نادات شاعیرێکی بنەماڵەکە بێت و شیعر بە دایک و خوشکی خۆیدا هەڵبڵێت. دیارە ئەو ئەگەر هەر لە شوێنی خۆیدا دەمێنێت کە بڵێین شاعیر دۆستێکی نزیکی وەک ئەندامانی بنەماڵەی خۆی و لەوانیش نزیکتری بووبێت کە لەگەڵ یەکتردا تەواو خۆمانە جووڵابێتنەوە.

شیعرەکە ڕێکەوتی گوترانی بەسەرەوە نییە بەڵام بە ئەگەری زۆر لە سەردەمی پیریی شاعیردا گوتراوە. وەرزێکیش کە شیعرەکەی تێدا گوتراوە بە دڵنیایی دەبێ کۆتاییەکانی پایز و سەرەتاکانی زستان بووبێت: " پایزە، فەرموو تەماشاکە کە لانە وخوارم .... مەڵێ زستانە، جلی پیر و فەقیر پارە بووە"؛ مەگەر ئەو سیفەتی وەرزانە تەنیا بۆ هاندانی لایەنەکەی تر هێبنرابێتنەوە و ئەوەی بیانووی نەهاتنی دواڕۆژی لێ ببڕن.

لە شیعرەکەدا وشە وتێرمی ئەستەم نابینرێت. "لانەوخوار"م لە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگی خاڵ و فەرهەنگی مەردوخدا بۆ نەدۆزرایەوە و تەنانەت فەرهەنگی باڵندەی کاک ئەحمەدی بەحرییش گەڕام بەڵکوو لەوێدا بە حیسابی لانە و هێلانەی باڵندە ئاماژەیەکی پێ کرابێت، بەڵام هیچم دەست نەکەوت. تێگەیشتنی من لە تەرکیبی لانەوخوار، بەرەودوا و گەڕانەوە بۆ زێد وماڵە، بەڵام چەشنێک باری نەرێ ییشی تێدا هەست پێدەکرێت وەک ئەوەی کەسێک بۆ ئامانجێکی تایبەت چووبێتە شوێنێک و بە سەرنەکەوتوویی گەڕابێتەوە ماڵ، واتە سەیری ئافاقم کرد و گەڕامەوە شوێنی خۆم.

تەرکیبی "گەرمەسڵاو" زۆر جوانە، گەرچی وەبیرم نایەت لە شوێنێکدا بینیبێتم، بەڵام لام وانییە ئاوات یەکەم کەس بووبێت ئەو پێکهاتەیەی دروست کردبێت یان کەڵکی لێ وەرگرتبێت.

پارە بە واتای دڕاو، وشەیەکی فارسییە.

"باوەلێ باوێکی بەسە" وەک لە چاپدا خراوەتە نێوان دوو کەوانۆکەوە، مەسەلی سەر زمانی خەڵکە. باوەلێ بە سەییدی ئەولادی پێغەمبەر دەگوترێت؛ باو،لە هەنبانە بۆرینەدا هەل و دەرفەتە، واتە سەیید هەر ئەوەندەی هەلێکی دەست بکەوێت کاری خۆی دەکات. وەک پێشتر گوتم، سەیید واتایەکی "ضمنی" فەقیر و تەنانەت سواڵکەریشی هەیە، من لێرەدا بە مرۆڤی هەژاری وەردەگرم. واتە کەسی هەژار و دەست تەنگ و بێدەسەڵات چاوەڕوانی دەرفەت و هەلە، هەر ئەوەندەی دەستیشی بکەوێت کەڵکی باشی لێ وەردەگرێت.

تەپکە و داو و ڕاو هاوجنسن، یەکەم و دووهەم کەرەسەن بۆ سێهەمیان.

شیعرەکە كارتێکەرییەکی کەمی شیعری حافزی شیرازیی تێدا دەبینرێت. کێشی شیعرەکە کەم و زۆر هەمان کێشی شیعری ناسراوی حافزە کە دەڵێت:


"زلف بر باد مدە تا ندهی بربادم

ناز بنیاد مکن تا نکنی بنیادم..."

دیارە ئاوات وەک هەموو شاعیرێک کە حافزی ناسیبێت نەیتوانیوە لە کارتێکەریی ئەو "ئوعجووبە" یەی شیعر خۆی بپارێزێت و حافز و شیعرەکەی زۆر یان کەم، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزاونەتە ناو شیعری ئەویشەوە. ئاواتی شاعیری فارسی زان هیچ، تەنانەت چیرۆکنووسێکی عەرەبی وەک نەجیب مەحفووزی میسرییش هەر ئەوەندەی حافزی خوێندۆتەوە ئیتر نەیتوانیوە سێبەری شیعرەکانی لەسەر کاری خۆی وەلا بدات. من تەنیا لە یەک شوێنی شیعرەکەی ئاواتدا تەرجەمەی شیعرەکەی حافز دەبینم و بەس، ئەویش ئەم میسراعەیە کە دەڵێ:

"ئەوهەموو زولفە بەزنجیری مەکە بۆ ملی من"

کە لەگەڵ میسراعێکی شیعری حافزدا یەک دەگرێتەوە کە دەڵێ:

"زلف را حلقە مکن تا نکنی دربندم".

شوێندانان و شوێن هەڵگرتن لە هونەردا دیاردەیەکی ئاسایی و مرۆڤانەیە و هیچ هونەرمەندێک ناتوانێ و ناشبێت خۆی لێ بپارێزێت؛ هەر ئەو حافزەش کارتێکەریی شاعیرانی پێش خۆی لەسەر بووە کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە.