دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ١٠٨

هەویری ئەوین


 
 


 

ئەوینم خۆش دەوێ چونکی به هۆی تۆ هاته ئامێزم

 وەکوو تاقانه کۆرپەی خۆشەویست باشی دەپارێزم

ئەوه ڕۆژ و شەوی تەنیایی هاواڵی دڵی زارم
به یادی تۆ، ئەوه مایەی ژیان[1] و تینم و هێزم

هەموو گۆشت و ڕەگ و پێستم ئەوین شێلای به مل یەک‌دا
هەویری خۆتم و بمشێله شل‌شل، گەرچی بێ‌پێزم[2]

خەیاڵی خاوه گەر من زولفی شێت‌وپێتی تۆ بێنم
بڵێم ڕامی دەکەم بۆ گەردنم، نایێته[3] پارێزم

         'ئیمامی' خۆ له ڕیزی دڵبەران باڵای به باڵا
ت[4] گرت
          بەڵام بەرز و نەوی کەوتووین و هەرگیز نایه‌ته ڕێزم[5]

 

قاقڵاوا، 1337ی هەتاوی          

(لاپەڕە ٨٥ ی چاپی ئەنیسی و ١٢٤ ی چاپی جەعفەر)
______________________________

 

[1]   چاپی ئەنیسی: ژییان

[2]   چاپی ئەنیسی: بێ هێزم

[3]   چاپی ئەنیسی: نایێنە پارێزم (بە هەڵەی چاپ، نووسراوە: پازێزم)

[4]   چاپی جەعفەر: بەباڵا گرت

[5]   چاپی ئەنیسی: نایە پارێزم

 

______________________________

عینوانی شیعرەکە لە چاپی جەعفەر دا، 'بەرز و نەوی'یە. وەک پێشتریش گوتوومە، گومان ناکەم هیچکام لە شیعرەکان شاعیر خۆی ناو و عینوانی بۆدانابێتن و ئەوە ئامادەکارانی دوو چاپی دیوانەکە بوون هەرکام بە سەلیقەی خۆیان وشە و تەعبیرێکیان کردۆتە سەرتایتڵ و دایانناوە. من لە کۆتایی کارەکەمدا دەبێ بە گوێرەی ئەو ئەزموونەی وا لە سەرجەمی کار دەکەوێتە دەستم، بڕیار بدەم گەلۆ پێویستە شیعرەکان تایتڵیان هەبێت یان نا؟ و ئەگەر هەیانبێت هی کامیەک لە چاپەکان  هەڵبژێرم باشترە، یا تەنانەت وەک تا ئێستا کردوومە، زیاتر لە سەر پەیشوێنی دیوانە تازەترەکەی جەعفەر بڕۆم و تەنیا هەندێک جار، منیش بە سەلیقەی خۆم، عینوانی چاپە کۆنەکە بە باشتر بزانم و ئەو هەڵبژێرم. بۆ ئێستا، لە زوربەی حاڵەتداعینوانەکانی چاپی جەعفەر دووپات دەکەمەوە با بزانم دواتر چ دەبێت. گەرچی لەم شیعرە تایبەتەدا من عینوانەکەی چاپی ئەنیسی بە جوانتر و شاعیرانەتر دەبینم و هەر بۆیەش لێرەدا کەڵک لەو وەردەگرم. کۆتایی قسەم لەم بارەیەوە ئەوەیە چاپی ئەنیسی لە سەردەمی ژیانی شاعیر خۆیدا ئامادە کراوە و ئەگەری زیاتر هەیە ڕوانینی ئەوی زیاتر تێدا گیرابێتە بەرچاو.

غەزەلێکی عاشقانەی زۆر بەهێزە. شاعیر سپاس و ستایشی هەم 'دڵدار' و هەم 'دڵداری' پێکەوەدەکات. ئەو چەشنە بۆچوونە، ئەگەر لە شیعری کوردیدا بووبێتیش، نابێ زۆر بێت. شاعیر دەڵێ ئەوین هاودەم و هاواڵی ڕۆژ وشەومە و هەویری گۆشت و پێست و دەمارەکانم ئەو شێلاویەتی، ئەوە مایەی ژیانم و من تین و هێز لەو وەردەگرم؛ بەڵام هەموو ئەوانە لە ڕێگەی خۆش ویستنی تۆی دڵدارەوە بووە، واتە ئەگەر تۆ نەبوایەیت و من عاشقی تۆ نەبوایەم، بەو پلە و پایەی دڵدارییە نەدەگەیشتم کە ئێستا پێی گەیشتووم.

'تۆ' کێیە؟ ئەو دڵدارەی شاعیر وا توانیویەتی بەو لووتکەیەی بگەیێنێت کە نەفسی 'ئەوین' ی لەبەر خاتری ئەو خۆش بوێت، کێ بووە؟ ئەوەی وا زۆرجار سەبارەت بە دڵداریی ئاوات گوتوومە دڵدارەکەی کەسێکی خەیاڵییە، بڵێی لێرەشدا ڕاست بێت؟ واهەیە ئەوە پرسیارێکی بێ وەڵام بێت. شاعیر لە ساڵی گوترانی شیعرەکەدا ٥٥ ساڵان بووە و ئەستەمە ئەو 'تۆ'یە لەو تەمەنەدا یەکەم کچێک بووبێت خۆشی ویستبێت، گەرچی نەگونجاویش نییە.

بۆ نزیک بوونەوە لە وەڵامی پرسیارەکە، دەبێ سەرەتا بڕیار بدەین ئەو ئەوینە ئەوینێکی سەرزەمینییە واتە کچێک و ژنێکە (حەقیقی یان مەجازی)، یان خۆشەویستییەکی عارفانەی خۆدایی یە، یان تەنانەت خۆش ویستنی پێغەمبەری ئیسلامە- وەک ئەو کارەی کە 'ئەحمەدی کۆر' و شێخ حەسەنی مەولاناوایی و شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی کردوویانە. لە شیعری ئەوانیشدا باس لە بەژن و باڵا و زولف و چاو و برۆ و خەت و خاڵی پێغەمبەر دەکرێت عەینوبیللا گەورەکچێکی باڵابەرزی چاوگەش! ئەوە لە مەنیقی عیرفانی ئیسلامیدا مۆڵەت پێدراوە و دڵنیام دەبێ لە ئەدەبی عەرەبیدا نموونەی زۆری هەبێت.

بۆ ئەوەی بە لای یەک لەو دوو بۆچوونەیدا بشکێنین دەبێ بەڵگەمان هەبێت. بۆ ئەگەری یەکەم بەڵگەمان دەتوانێت تەمەنی شاعیر بێت کە بڵێین لەو تەمەنەدا هاندەری ئەوینی زەمینی لاوازترە لە هی عیرفانییەکە.  بەڵگەی دووهەمیش دەکرێ پێگەی شێخایەتی خۆی و بنەماڵەکەی بێت کە تەنانەت ئەگەر عاشقیش بووبێتن بە کەمایەسییەکی خۆیان و بنەماڵەکەیان زانیوە بیدرکێنن.  

لە ئەگەری دووهەمدا، بۆچوونی دژمان واهەیە ئەوە بێت کە ئاوات وێشکە سۆفی نەبووە و شارەزای ئەدەبی کۆنی کورد و فارسیش بووە و بۆ نموونە شوێنی شاعیرێکی کوردی وەک نالیی زۆر هەڵگرتووە و هەندێک شاعیری فارسی وێژی وەک لاهووتی کرماشانیش کارتێکەرییان لەسەری بووە؛ وەرگێڕانی شیعری عاشقانەی لاهووتی کرماشانیی ماتڕیالیست بە شیعر، لە دەست ویشکە سۆفییەک نایەت. لاهووتی نەک هەرسۆفی نەبووە، بەڵکوو کمۆنیستێکی ستالینی و دژە ئایینیش بووە؛ بەم پێیە، چ پێویست نییە و نابێ بەزۆر شیعرەکە بکەینە ئایینی و مەدحی پێغەمبەر؛ ئاساییتر و مەنتیقی تر ئەوەیە ڕوانینێکی عەینیمان هەبێت و شیعرەکە سووک و سانا وەک غەزەلێکی لیریک هەڵسەنگێنین.   

من لەگەڵ بۆچوونی دووهەمدام و ئەگەر وابێت، ئەو 'تۆ'یە یان یەکەمین دڵداری سەردەمی لاویەتی شاعیرە کە وێنەی لە ئاوێنەی زیهنیدا ماوە، یان دڵدارێکی خەیاڵییە- وەک زۆر شاعیری دیکەی کورد و غەیرەکوردی ناوچەیەک کە ئەوینداریی تێدا یاساخە و 'شاملوو' گوتەنی بۆن بە دەمتەوە دەکەن نەکا گوتبێتت خۆشم دەوێی!

چونکی: چونکێ، چونکە، چونکای، لەبەر ئەوەی

پێز: هێز. بێ پێز: بێ هێز، هەویری خۆ نەگر

شێت و پێت: نەعاقڵ.  'پێت' وشەیەکی 'موهمەل' ە و بێ ئەوەی واتای تایبەتی هەبێت؛ بەڵام بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە لەگەڵ 'شێت' هاتووە، هەمان واتا دەبەخشێت.

هاتنە پارێز: ڕازی بوون، ملدان. من بۆ واتاکەی سەیری هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژارم کرد، تێیدا نەبوو. دوور نییە 'هاتنە پەرێز'یش بێت. پەرێز واتای "بە دزەدزە بۆ نێچیرچوون" یشی هەیە کە دوور نییە لە هەندێک شوێن وەک پارێزیش حونجە بکرێت. ئەودەم نیازی شاعیر دەبێ هاتن یان نەهاتنی دڵدارەکەی بێت بۆ جێ ژوان.

 ئیمامی خۆ لەڕیزی دڵبەران ....: فەردی کۆتایی غەزەلەکە هەندێک کێشەی لەسەرە: دوو دیوانە چاپکراوەکە لە ڕاگواستنی چەند وشەی فەردەکەدا جیاوازییان هەیە. فەردی پێشتر باسی زولفی 'تۆ' دەکات واتە ڕووی لە کەسی دووهەمە و خوێنەر دەتوانێت چاوەڕوان بێت لەفەردی دواتریشدا ڕووی قسە لەهەمان 'تۆ' بێت، بەڵام بە هۆی ئەو ڕاستییەوە کە پەیوەندی ستوونی لە غەزەلدا بوونی نییە،  دەکرێ پێچەوانەکەشی ڕاست بێت! من لێرەدا دوو ئەگەر دەبینم:

ئەگەری یەکەم: ڕووی قسە لە 'تۆ'یە: ئەودەم، دەقی چاپی ئەنیسی ڕاستە کە دەڵێ "ئیمامی ... باڵای بە باڵات گرت" و پاشان دەڵێ "نایە پارێزم" واتە تۆ نایە پارێزم. بەڵام کێشە ئەوەیە 'نایە پارێزم' لەم فەردەدا دووپات بۆتەوە چونکوو فەردی پێشتریش بە 'نایێنە پارێزم' کۆتایی دێت، ئەو دووپات کردنەوەیەش لە شاعیرێکی خاوەن ئەزموونی وەک ئاوات ناکاڵێتەوە. لەلایەکی ترەوە، غەزەلەکە ئەوەندە دوور ودرێژ نییە (تەنیا ٥ فەردە) کە شاعیر قافیەی تەواو بووبێت و بە مەجبووری یەکیانی دووپات کردبێتەوە.

ئەگەری دووهەم: ڕووی قسەی شاعیر لەم فەردەدا لە 'تۆ' نییە و بە گشتی لە 'دڵبەران'ە و دەڵێ: "ئیمامی ...باڵای بە باڵا گرت". باڵای کێ؟ هی دڵبەران؟ ئەودەم ئیمامی لەگەڵ کێدا "بەرزو نەوی کەتووە" وکێ "نایەتە ڕێزم"؟ ڕوون نییە. پاشانیش، هاتنە ڕێز یانی چی؟ بۆچی هاتنە ڕێز نەک هاتنە ڕیز؟ خۆ لە ڕیزی دڵبەران و کاتی باڵا بە باڵاگرتندا دەبێ کەسەکە، یان کەسەکان بێنە ڕیزی یەکتر نەک ڕێزی یەکتر!

وەک دەبینین، دەقی هەردوو چاپەکە کێشەیان تێدایە، ئەنیسی کاتێ نووسیویەتی 'باڵات' شتەکەی یەکلایی کردۆتەوە و خوێنەر بە باشی لێی تێدەگات. بەڵام هاتنە پارێزی لە دوو فەردی یەک لەدوای یەکدا دووپات کردۆتەوە کە وێناچێت ڕاست بێت. جەعفەریش بۆ ئەوەی ئەو دووپات کردنەوەیە چارەسەر بکات، شتێکی وەک "نایەتە ڕێزم" ی بە ئیجتیهادی خۆی دروست کردووە بۆئەوەی لەعەینی کاتدا لەگەڵ سەروای فەردەکانی پێش خۆشیدا یەک بگرێتەوە.  بەڵام وەک گوتم، ڕێز لەگەڵ ڕێز جیاوازی زۆرەوە و ئەو دووە وا بە ساکاری نابێ بکرێنە جێگری یەکتر.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

        هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de