دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ١٠٢

ئەسپی نەگبەت

 

  

من ئەوا غەرقی گوناه و قەسوەتم     

غەرقی بەحری پیسی قووڵی شەهوەتم

خۆ به چابوک‌سواری مەشهوور بووم، کەچی
چونکه زۆر سەرکێش بوو ئەسپی نەگبەتم،

وا هەڵیگرتم لە ڕێی هات و نەهات
چوو سەر و ماڵ و ژیان و سەروەتم

هێند له دار و بەردی دام، کەلـلە‌ڕەقە
هەر نەما لام کاکه، شان و شەوکەتم

بەو هەموو باری گوناهەم خۆ خودا!
چاوەڕێی دەرکی هەراوی ڕەحمەتم

من وەکوو شێری ژیان بووم، ئێستەکە
مامه‌ڕێویێکی کز و بێ‌هەیبەتم

          هەروەکوو ڕێویم، ئەوا لێرە و لەوێ
         
ئەی "ئیمامی"، هەر خەریکی فرسەتم

 

قاقڵاوا، 1337ی هەتاوی

 

 (لاپەڕە ٥٨ ی چاپی ئەنیسی و ١١٥ ی چاپی جەعفەر)

______________________________________  

 

عینوانی شێعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "ڕێگەی هات و نەهات"ە، کە بە هەڵەی تایپ یان چاپ، پیتی /ڕ/ ی سەرەتاکەی فەوتاوە. عینوانی هەردوو چاپەکە لە فەردی دووهەم و سێهەمی شیعرەکە وەرگیراون و من لێرەشدا وەک زوربەی جاری دیکەش لە سەر ڕێچکەی چاپە تازەکە دەڕۆم بۆ ئەوەی گێژ وگومییەکی کەمتر پێک بهێنم. ساڵی گوترانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا ١٣٣٧ ی هەتاوییە کە دەکاتە ١٩٥٨ ی زایێنی.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوروبەری ئەو ساڵەدا و پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور، تا ڕادەیەرکی بەرچاو بێدەنگ بوو. ساڵێک دواتر ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حزبی دیموکراتی کوردستان گیران. ڕژیمی شا، لە ڕێگەی ساواک و کەسانی وەک سەرهەنگ عیسا پژمان و ئەو زۆڵە کوردانەی دیکەوە وا لە ژێر سەرپۆشی 'کارداری فەرهەنگی' و شتی ئەوتۆ نێررابوونە باڵوێزخانە و کۆنسولیەتی ئێران لە عیراق، دوابەدوای کۆدیتای عەبدولکەریم قاسم لە ١٩٥٨ (کە دەکاتە دوای ڕێکەوتی ئەم شیعرە)، دەستی کرد بە دەست تێوەردان لە کاروباری عیراق. دیارە لای باشوور شیعەکان زۆریان بە قسەی ڕژیمی شا نەدەکرد و بۆی نەدەگونجا زۆر لاق لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕابکێشێت، بەڵام لە کوردستاندا بۆی دەلوا و بە ناردنی ئەو بەڕواڵەت کوردانە بۆ سلێمانی و ناو کوردی بەغدا، هانی کوردی باشووری دا ڕابپەڕن و کاتێکیش بە قسەیان کرد، بە ماوەیەکی کەم دوای هەڵگیرسانی شۆڕش، واتە لە ساڵی ١٩٦٦ دا، بوو بە هۆکاری دووبەرەکی نانەوەی ناو ڕیزەکانی شۆڕش و دوو باڵی جەلالی و مەلایی پێکهێنا[1]

 

هەرچۆنێک بێت، ڕەنگدانەوەی ماتی و بێدەنگیی ساڵانی نێوان هەرەسی کۆماری کوردستان(١٩٤٦) و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١) لە شیعرەکانی ئاواتیشدا دەبینرێت کە زوربەیان غەیرە سیاسی و عاشقانە، یان سۆفیانە و ئایینین. شیعری سیاسی وەک 'خاسەکەو' لە بڕگەی دوای ئەم سەردەمەدا گوتراون.

ئەم شیعرە، یەک لە شیعرە ئایینییەکانی ئاواتە و پاڕانەوەیەکی بێ خەوشە لە دەرگانەی خودا بۆ ئەوەی لە گوناهەکانی شاعیرەکەی خۆش بێت. مرۆڤ لەو فەرهەنگە ئایینییەدا بێ ئەوەی تاوانیشی کردبێت هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە جیهانەوە گوناهبار و قەرزداری خودایە و خوداش کەسێکە لە عەبدەکانی دەخوازێت شەو وڕۆژ بانگی بکەن و هانای بەرنێ و لێی بپاڕێنەوە. من هیچی دیکە جگە لە هەست بە گوناهباری و پاڕانەوە لە شیعرەکەدا نابینم. فەرموون: غەرقی گوناه و قەسوتم، غەرقی بەحری شەهوەتم، بەوهەموو باری گوناهە و...

شیعرەکە هەندێک بابەتی هاوشێوەی لەگەڵ غەزەلێکی نالی هەیە، گەرچی بەحری عەرووزییان یەکیش نییە. هەر بەگشتی، نالی لەو شاعیرانەیە یان خود تاقە شاعیرێکی کوردە کە زیاترین کارتێکەریی لە سەر شیعری ئاوات هەیە. بەراوردی شیعرەکانی ئاوات لەگەڵ دیوانی نالی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت.[2] بەڵام ڕاستییەک نابێ لەبەر چاو وون بێت. ئاوات لەو شوێن هەڵگرتنەدا کۆپی کار نییە و ڕیبازی سەربەخۆی هەیە کە هەر ئەو بەراوردکردنە ئەوەشمان بۆ دەردەخات.

شاعیر لە ساڵی گوترانی شیعرەکەدا ٥٥ ساڵان بووە.

قەسوە: گوناه

شەهوە: مەیلی لە ڕادە بەدەر

بە چابوک سواری مەشهوور بووم...: شاعیر لە سێ شوێنی شیعرەکەدا باس لە ڕابردووی خۆی دەکات و ئەوەی لەو سەردەمانەدا چابوک سوار و شێری ژیان بووە بەڵام ئێستاکە ئەسپی نەگبەت هەڵیگرتووە بە ڕێگەی هات و نەهاتیدا بردووە، سەر وماڵی تێداچووە، شان و شەوکەتی نەماوە و لە شێری ژیانەوە بۆتە ڕێوییەکی چاوەڕوانی فرسەت و دەرفەت.

من بۆ ئەو 'ڕاگەیاندن'انە هیچ واتایەکی عەینی و ڕیئالیستی نادۆزمەوە و تەنیا هەست دەکەم لەژێر باری پەروەردەی بنەماڵە و شێخایەتی و سۆفیایەتیدا ئەوانەی گوتبێت دەنا ئەو ڕابردووە گەشاوە و پڕ لە شانازییە نازانم چییە و تێناگەم بۆچی لە ساڵی گوترانی شیعرەکەدا ڕابردووی گەشەدار هیچی لێ نەماوە، وەرەق هەڵگەڕاوەتەوە و هەموو شتێک گۆڕاوە؟ تاقە دیاردەیەکی ناخۆش و ناحەز کە دەتوانم بیری لێ بکەمەوە، هەرەسی کۆمارە و گیرانی خۆی و هەندێک کەس و کار و دۆست و برادەری بە تاوانی بەشداریکردن لە کۆمار، کە ئەوەش بە حیسابی ساڵ و تەئریخ دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر پێش گوترانی شیعرەکە و ڕاست ١٢ ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووە..

لە لایەکی دیکەوە، سەید کامیل بە فەردییەتی خۆی مرۆڤێکی بێدەنگی گۆشەگیر بوو و دەکرێ ئەو خەفەتە مەزنەی بۆ ئەو ماوە دوور ودرێژە ١٢ ساڵەیە لە دڵی خۆیدا ڕاگرتبێت و لێرەدا درکاندبێتی. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت،سەردەمی چابوک سوارییەکەی دەبێ ئەو ساڵانە بێت کە بۆ نموونە، لە گەردیگلان چۆتە پێشوازیی 'ئاڵای موقەددەس' وبە ئیحتیرامی هاتنی ئەو لە ئەسپ دابەزیوە و شیعری پێدا هەڵگوتووە؛ ئەو لە دار وبەرد کەوتنانەی سەری و شان و شەوکەت شکان و تێداچوونی سەر وماڵەکەشی کە دەڵێت، واهەیە هەمان ئەو گیروگرفت و ناڕەحەتی و چەند ساڵ زیندان و گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵێکی "سارد وسڕ و بێ نان و ئاو" ە بێت کە دوای هەرەسی کۆمار تووشی هات و بە تایبەت لە ژیننامەی سەرەتای دیوانی چاپی جەعفەردا دەبینرێت (بڕوانە لاپەڕە ٤١ لە بەشی 'ئاوات و سیاسەت' ی ژیننامەی شاعیر بە پێنووسی ڕێزدار سەید جەعفەری ئیمام زەنبیلی کوڕی شاعیر لەسەرەتای چاپی دیوانەکەیدا).

دیارە ئەگەرێکی دیکە دەتوانێت ئەوە بێت کە ئاوات لەو 'ڕاگەیاندن'انەدا شوێنی شیعری شاعیرێکی دیکەی هەڵگرتبێت و بۆچوونی ئەوی دووۆپات کردبێتەوە. بۆ نموونە، نالی بابەتێکی لە هەمان غەزەلی ئاماژەپێکراوی سەرەوەدا هەیە کە وەک ئاوات خۆ هەڵدەکێشێت و خۆی بە 'بازی دیدەباز (چاو کراوە)' ناو دەبات:[3]

کەلـلە ڕەق: کەسی گوێ نەدەر و بە قسە نەکەر.

هەڵگرتن: لغاو پساندن، لە فەرمان دەرچوونی ئەسپ و ماین، کاتێ کە سوار هەڵدەگرن و دەچنە شوێنێکی مەترسیدار.

هەراو: فراوان، گەورە؛ لێرەدا 'کراوە' و ئاواڵەیە. 

بێ هەیبەت: کەسی بێ شان و شکۆ

مامە ڕێوی: ڕێوی بوونەوەرێکە بە وریایی و وشیاری ناوی دەرکردووە. نازانم ئەو سیفەتی 'مام' و 'مامە' یە چۆن بە ڕێوی دراوە، بەڵام لە فەرهەنگی کوردەواری دا ڕێوی بە فێڵباز دەناسرێت و خەڵکانی خاوەن مشوور و لێزانیش بە 'مام ڕێوی' ناو دەبرێن گەرچی وا هەیە ئەو کەسانەی وا دەتوانن خۆیان لەگەڵ دەوروبەرەکەیان ڕێک بخەن، هەر هەموویان دوو ڕوو و فێڵبازیش نەبن. هەڵەیە ئەگەر مشوورخواردنی ڕێوی بۆ وەدەست هێنانی بژیو، بە فێڵبازی لە قەڵەم بدرێت. بوونەوەرێکی وا بچووک، کە نە هێزی شێر و پڵینگی هەیە و نە بەژن وباڵای فیل و کەرگەدەن، ئەگەر میشک و بیرکردنەوەشی نەبێت، دەفەوتێت و دەخورێت و لە برسان دەمرێت. ئەوەی ڕێوی هەیەتی تێگەیشتووییە نەک فێڵبازی!

 بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

رمل مسدس محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلن

 

[1] . بەداخەوە تا ئەمڕۆش ئەو جیاوازییانە چارەسەر نەکراون و نەک هەر پارتی و یەکیەتی شیر لە یەک دەسوون، بەڵکوو گۆڕانیشیان لێ زیاد بووە و هەرسێکیان لەگەڵ دوژمنی لاوەکی دۆست و لەگەڵ دۆستی ناوخۆیی دوژمنن! باسی حزبە ئیسلامییەکان هەر نەکەین کە بۆ دارەدەستیی مەلاکانی ئێران، کێ بەرکێی یەکتر دەکەن. بەشێکی زۆر لەو تەنگ و چەڵەمەیەی وا حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆش دەستەویەخەی بۆتەوە هەر ئەو دووبەرەکییەیە. حکوومەتی مەلایی لە ئێران میراتگری حکوومەتی شایەتییە و لە ناکۆکی نانەوەی ناو ڕیزەکانی کورتددا چەند هەنگاویش لە پێش ئەوەوەیە.

 

[2] ئەوە مەتلەعی شیعرەکەی نالییە:

"وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم! /  دەرکراو و دەربەدەر، یاڕەب دەخیلی عەفوی تۆم

دەفتەری ئەعمالی من بێ قەترەییکی ڕەحمەتت /  کەی بە سەد زەمزەم سیاهیی نوقتەیێکی لێ دەشۆم!"

 

[3] "لێم حەرامە دانە و وئاوی حەماماتی حەرەم

من کە بازی دیدەبازم، نەک شەوارەی دەستەمۆم"

 

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de